ئەرشیفى بزووتنەوەكاروانی شەهیداننوسەران

چیرۆکی ڕزگاربونی مامۆستا ئـەحـمــەد کاکـە مـەحـمـود لە پیلانگێڕێکی ڕژێمی بەعسدا

چیرۆکی ڕزگاربونی مامۆستا ئـەحـمــەد کاکـە مـەحـمـود لە پیلانگێڕێکی ڕژێمی بەعسدا

فریاد هەورامی ✍️ باسک نێت

پاش ئەوەی بەبڕیارێک لە ساڵی (۱۹۷٥ز) لە ڕێکەوتن نامەی جەزائیر لە نێوان دەوڵەتی ئێراق و ئێران واژۆی لەسەر کرابوو لە ووڵاتی جەزائیر (۱۹۷٨ز) یەکێک لە بڕیارەکانی ڕێکەووتن نامەی شومی جەزائیر دەچێتە بواری جێبەجێکرنەوە، بە قوڵای ۲٤کیلۆمەتر ناوچەکانی: هەورامان، نەوڕۆڵی، شەمێران، بناری سورێن. گوندەکانیان ڕاگوێز دەکرێن بۆ کۆمەڵگا زۆرە ملێکانی: عەنەب، زەمەقی، سیروان، خورماڵ، شانەدەری، دوای جێبەجێ کردنی بڕیارەکانی ڕێکەووتن نامەی “جەزایر” بەدەستێکی ساسی (دیمۆگرافیا)ـی ناوچەکە دەشێوێنرێت، لەپاش سەرکەووتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی (۱۹۷۹ز) بەسەرکردایەتی “ئیمام خومەینی” دژ بە دەسەڵاتی شاهان شایی ئەوکاتەی ووڵاتی ئێران، دواتر “سەدام حسین” پاشگەزبونەوەی لە ڕێکەووتن نامەی “جەزایر” ڕاگەیاند، دەسەڵاتی سیاسی ئەو کاتەی ووڵاتی ئێران پاشگەزبونەوەکەیان پەسەند نەکرد، پاشان بەو هۆیەوە لەساڵی (۱۹٨۰ز) جەنگی نێوان دەوڵەتی ئێراق و ئێران هەڵگیرسا، ئێراق بەناوی (قادسیەی سەدام)ـوە جەنگی دەکرد ئێران بەناوی (بەرگری پیرۆز)

جەنگەکە ماوەی هەشت ساڵی خایاند، لەماوەی ئەو هەشت ساڵەدا کۆمەڵێك ڕوودا و مەرگەساتی تراژیدی نەخوازراو و دڵتەزێن هات بەسەر خەڵکی بەشمەینەتی کوردستانی باشوردا.

بەشی ڕۆژهەڵاتی ناحییەی سیروان یەکێک بوو لە کۆمەڵگە زۆرە ملێکانی ناوچەکە، دانیشتیوانی گوندەکانی بەش مەینیەتی سەرسنورەکانی تێدا نیشتەجێ کرابوون، بەشێکیان لە دەشتە بە پیتەکەی شارەزوور سەرگەرمی کاری کشتوکاڵی بوون، بەشێکی تریان لە فەرمانگەکاندا دامەزرابوون، ساڵی (۱۹٨۰ز) بەو هۆکارەی کە لە سەروە ئاماژەمپێداوە جەنگ لە نێوان دەوڵەتی ئێراق و ئێران هەڵگیرسا، کۆمەڵێک ڕووداوی دڵتەزێن لە ناوچەکە ڕوویاندا و دانیشتوانانی بەش مەینەتی ناحییەی سیروان ناوە بە ناوە دەبونە قوربانی ئەوجەنگە نەگریسە و لە ژێر ئاگر و ئاسنی تۆپە دوورهاوژەکاندا ژیانی ڕۆژانەیان بەڕێ دەکرد.

مزگەوتی گەورەی سیروان لەو کاتەدا پێگەیەکی ڕۆحی و ئیمانی و نەتەوایەتی هەبوو بۆ دانیشتیوانی ناوچەکە، مامۆستا “ئەحمەد کاکە مەحمود” و مامۆستا “حەبیب محەمەد سەعید” ڕۆڵی گەورەیان دەگێڕا و خزمەتێکی ڕەسەنی کوردەواری و ئاینییان پێشکەش دەکرد بە دانیشتوانانی ناوچەکە.
ووتارەکانی هەینی و چالاکیەکانی مزگەوتی گەورەی سیروان ڕژمی بەعسی گۆڕ بە گۆڕی تۆقاندبوو، ووتارەکانی هەینی مامۆستا “ئەحمەد کاکە مەحمود” کە ناوەڕۆکەکانیان دژ بە ستەموو زوڵمی ڕژمی گۆڕ بە گۆڕبوون وایان کردبوو دانیشتوان ناوچەکە ووشیار ببنەوەو بواری دادگەری ئاینەکەیان و نەتەوەکەیان لە لا گرنگبێت و ستەمی ڕژێم بەرانبەر ئاین و نەتەوەکەیان لا پەسەند نەبێت و داوای مافی خۆیان بکەن.

لە ڕێگەی هەواڵگریەکانی ڕژێمەوە کار لەسەر ئەوەکرا کە پێگەی “مزگەوتی گەورەی سیروان” لاوازبکرێت و لێپرسینەوە لە مامۆستا “ئەحمەد کاکە مەحمود” بکرێت، دەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕژێم چەندجارێک بانگێشتی مامۆستا “ئەحمەد کاکە مەحمود” دەکەن و لێپرسینەوەی لێ دەکەن و داوای لێدەکرێت میتۆدی ووتارەکانی هەینی بگۆڕێت، بەڵام مامۆستا بەتوندی ڕەدی دەکاتەوەو دەفەرمێت: ئەمە ئاینەو من جێنشینم و دەبێت ئەو ئەمانەتە بپارێزم و دادگەربم و بەرگری لە مافی ئاین و خاک و نەتەوەکەم بکەم.

دەزگاکانی ڕژێم بۆیان ڕووندەبێتەوە ووتار خوێنی “مزگەوتی گەورەی سیروان” سورە لەسەر ووتارەکانی و میتۆدی ووتار دانەکەی ناگۆڕێت، بیر لەوە دەکەنەوە پیلانێکی بو دابڕێژن، پیلانەکەش بە شێوەیە دەبێت: لە ئێوارەیەکی بەهاری ساڵی (۱۹٨٥ز) دەزگایەکی سەر کوتکەری سەربازی ڕژێمی گۆڕ بە گۆڕی بەعس هەڵدەکوتنە سەر “مزگەوتی گەورەی سیروان” دەرگاکانی مزگەوتەکە بەڕووی نوێژخوێناندا دادەخەن، درووشمی ڕێژێم و وێنەی (سەدام حسین)ـی دکتاتۆر بە دەرگاری مزگەوتەکەوە هەڵدەواسن، دواتر بۆ بەیانی کاتژمێر (۹:۳۰) کەسایەتیە کانی ناوچەکەو مامۆستایانی ئاینی بانگێشت دەکەن بۆ “مزگەوتی گەورەی سیروان” دەزگا سەربازیەکە داوادەکات لە ووتار خوێنانی مزگەوتەکانی ناوچەکە هەریەکەیان بێتە سەر مینبەری “مزگەوتی گەورەی سیروان” ـو ووتارێکی کورت پێشکەشبکات، مەرجی ووتارەکە ئەوەیەکە پشتگیری ڕژێم بکرێت و بەدەنگێکی بەرز درووشم بە باڵای “سەدام حسین”ـی دکتاتۆردا بوترێتەوە، پیلانەکە وا دادەڕێژن کە مامۆستا “ئەحمەد کاکە مەحمود”

سێیەم کەس دادەنرێت بێتە سەر مینبەری “مزگەوتی گەورەی سیروان” ناوی دەخوێنرێتەوە و سەرەی دێت، مامۆستایش بەشێوەیەکی ئاسی هەڵدەستێتە سەرپێ و دەچێت بۆ ئەوەی ووتارکەی پێشکەشبکات لەو کاتەدا کە دەفەرمێت: “بەناوی خودای گەورەو بەخشندەو میهرەبان” لوورەی تۆپێکی دوور هاوێژ بە دەنگێی ترسناک دێت لە نێوان هەڵەبجەو سیروان بە دەنگێکی زۆر بەرز دەتەقێتەوە، دواتر بەدوایدا تۆپێکی دوور هاوێژدێت و تاڕادەێک لە نزیک شوێنی پیلانەکە بە دەنگێکی زۆر ترسناک دەتەقێتەوە دواتر بەدوایا تۆپێکی بەدەنگێکی زۆر گەورەو تۆقێنەر دەکێشت بە ستونی کارەبای ناوچەکەداو تەزووی کارەبای ناوچەکە دەپچڕێنێت و بڵندگۆکانی “مزگەوتی گەورەی سیروان” لە کار دەکەون و تەزووی کارەبا نامێنێت و دەپچڕێت، لەوکاتەدا مامۆستا “ئەحمەد کاکە محمو” ووتارەکەی پێشکەش ناکات و بەناچاری پێ ڕادەگرن و دەزگا سەر کوتکەرە زۆر بە ناچاری و بەپەلە لە “مزگەوتی گەورەی سیروان” هەڵدێن و ناحییەی سیروان بەجێ دەهێڵن، پیلانەکەی ڕژێم پوچەڵ دەبێتەوە و مامۆستا خودا پشتیوانی بیروباوەڕی پاکی دەکات و ڕزگاری دەکات لە دەست ڕژێمی گۆڕ بە گۆڕی بەعس.

سەرچاوە: دۆکیومێنتی زارەکی
چاوپێکەووتن لەگەڵ: سەعدی ئەحمەد.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close