
یاسین ئەقتای: “تاڵیبان” لە ئەفغانستان شتی مەحاڵ ئەنجام دەدات:باسک نێت
نووسەری دیاری تورک، یاسین ئەقتای، لە وتارێکدا لە ڕۆژنامەی “یەنی شەفەق”ی تورکی ڕایگەیاندووە کە ئەو وێنە باوەی میدیاکان لەسەر ئەفغانستان دەیکێشن ڕاستی دۆخەکە ناگەیەنێت و جەختی لەوە کردەوە کە “بزووتنەوەی تاڵیبان” لەدوای ئازادکردنی ئەفغانستان توانیویەتی شتی مەحاڵ بەدی بهێنێت.
ئەقتای ئاماژەی بەوەدا کە ئەمە دووەم جارە سەردانی ئەفغانستان دەکات دوای ساڵ و نیوێک لە سەردانی یەکەمی بەبۆنەی چوارەمین ساڵیادی کشانەوەی ئەمریکا و هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) لەو “زۆنگاوە” . ئەو دەڵێت کە وەسفی “زۆنگاو” تەنها بۆ ئەو نەهامەتییە گونجاوە کە داگیرکەران تێیدا بوون، بەڵام ئەفغانستان بۆ هەرکەسێک کە بە ڕێگای یاسایی و بە ڕێزگرتن لە دابونەریتی گەلەکەیەوە بێتە ناوی “بەهەشتێکی سەر زەوییە”.
نووسەر دەگێڕێتەوە کە لەکاتی دانوستانەکانی پێش کشانەوەی ئەمریکا، کاتێک پێشنیازی هێشتنەوەی هەندێک سەرباز لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە کابوڵ کرا نوێنەرێکی تاڵیبان لە وەڵامدا وتی: “ڕێگەتان پێنادەین تەنانەت یەک دەمانچەشتان پێبێت. ئەگەر مەبەستتان پاراستنە ئێمە لە دۆخێکداین کە دەتوانین هەموو کەسێک بپارێزین کە پێ دەنێتە سەر خاکی ئەم وڵاتە”.
ئەقتای باس لەوە دەکات کە ئەفغانستان بە خۆشییەوە پێشوازی لە گەشتیاران دەکات و گرتەی ڤیدیۆیی بانگەشەی گەشتیاری بە شێوازێکی دۆستانە و سەرنجڕاکێش بڵاودەکاتەوە، هەروەها داوا لە خەڵک دەکات بۆ وەبەرهێنان و گەشتیاری سەردانی وڵاتەکە بکەن.
پردێک لەگەڵ جیهاندا
ئەقتای جەخت لەسەر گرنگیی بەدیکردنی ئەو گۆڕانکارییانە دەکاتەوە کە لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا لە ئەفغانستان ڕوویانداوە، کە ئەفغانییەکان بە “فەتح” (سەرکەوتن) ناوی دەبەن. یەکەم گۆڕانکاریی بەرچاو، دەستپێکردنی گەشتی ڕۆژانەی هێڵی ئاسمانیی تورکیایە بۆ کابوڵ، کە بە فڕۆکەی گەورە و بە پڕی گەشتیارەوە ئەنجام دەدرێت.
گەشتیارەکان لە تورک و ئەفغانی و گەشتیاری هاتوو لە ئەوروپا و وڵاتانی دیکەوە پێکدێن. بەمەش ئەستەنبوڵ بووەتە خاڵی سەرەکیی پێکەوەبەستنی ئەفغانستان و جیهان.
ئاشتیی کۆمەڵایەتی
بەپێی وتارەکە، ئیدارەی نوێی تاڵیبان پابەند بووە بە لێبووردنی گشتییەوە و وازی لە سیاسەتی تۆڵەسەندنەوە و پاکتاوکردنی حساباتی ڕابردوو هێناوە. ئەمەش وای کردووە سەدان هەزار ئەفغانیی دانیشتووی دەرەوەی وڵات بۆ یەکەمجار لەدوای ساڵانێکی زۆر بگەڕێنەوە بۆ نیشتمانی خۆیان.
ئەقتای دەڵێت “ئەنجامدانی مەحاڵ” تەنها لە چەسپاندنی ئاشتیدا قەتیس نابێت، بەڵکو دەستکەوتەکان لە بواری ڕیشەکێشکردنی ماددە هۆشبەرەکانیشدا جێگەی باوەڕپێکردن نین. ئەو باس لەوە دەکات کە پێشتر زۆرێک لە ئەفغانییەکان پێیان وابوو تاڵیبان دەستبەرداری ئەو سەرچاوە داراییە گرنگە نابێت، بەڵام بە فەرمانێکی دوو ڕستەیی لەلایەن ڕێبەری تاڵیبان، مەلا هیبەتوڵا ئاخوندزادە، کێشەکە لە ڕەگ و ڕیشەوە چارەسەر کرا.
ئەو زەوییانەی پێشتر ماددەی هۆشبەریان تێدا دەچاندرا، ئێستا گژوگیای بەنرخی زەعفەرانی تێدا دەچێنرێت کە سەرچاوەیەکی داهاتی باشە، هەرچەندە لە ڕووی بەهای ئابوورییەوە ناگاتە ماددە هۆشبەرەکان.
لە کۆتاییدا، نووسەر جەخت لەوە دەکاتەوە کە ژیانی کۆمەڵایەتی لە ئەفغانستان بەو توندییە نییە کە زۆر کەس بیری لێدەکەنەوە، بەڵکو لە هەندێک ڕووەوە لەوە نەرمترە کە بیری لێدەکرێتەوە.
باسک نێت




