
کار لە قووت و مووچە دەرچوو گەیشتە ئیرادەو ئازادی مرۆڤەکان
دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەلبژاردنی پەرلەمانی کوردستان وە ئەو نیگەرانییە زۆرەی لێکەوتەوە لەلایەن چەندین حزب و کەسایەتی ناو گۆرەپانی سیاسی کوردستان .
ئەمەوێت وەکو چاودێرێکی سیاسی چەند خالێکی گرنگ لەسەر ئەم پرۆسەیە بخەمە ڕوو لەچەن وێستەگەیەکدا :
وێستگەی یەکەم (رێژەی زۆری بەشداریکردن)
١.دوای ئەوەی جەماوەر و خەلکانی هەرێمی کوردستان بێئومێدبوبون لە کۆمێسیۆنی هەلبژاردن و راپرسی لە هەرێمی کوردستان کەلەلایەن ٥ حزبی کوردستانەوە بەڕێوەدەبرین . کە چەندین جار هەلبژاردن ئەنجام دەدرا دوای مانگێک و ٢ مانگ ئاکامی هەلبژاردنەکان بۆ خەڵکی رادەگەیەندرا وە ساختەیەکی زۆر دەکرا لە رێژەی دەنگەکان، سیحری ئەمجارەی بەشداریکردنێکی زۆر لەلایەن جەماوەرەوە بۆ هەلبژاردن ئومێدێکی زۆر هەبوو کەوا کۆمیسیۆنی هەلبژاردنی سەربەخۆی (!!) عێراق سەرپەرشتی ئەم پرۆسەیە دەکات و هەموو لایەنەکان رێژەی دەنگی خۆیان دەزانن و تەزویر و ساختەکاری لەم پرۆسەیە ناکرێت .
بەلام ئیستا دەرکەوت کەوا جەماوەری کوردستان بە هەڵەیەکی زۆر گەورەدا رۆیشت و پەندی لەو نارەزاییەتانە وەرنەگرت کە لەعێراق و پارێزگاکانی ژێر دەسەلاتی بەغدا ئەنجام دەدرێن وە هەر لە ئێستاوە ئەم قسەی من لای خۆتان تۆماربکەن بزانین رێژەی بەشداریکردن بۆ هەلبژاردنی عێڕاق کە سالێکی تر بۆ پەرلەمانی عێراق ئەنجام دەدرێت رێژەی بەشداریکردن لە %٢٠ تێپەرناکات چونکە هیچ ئومێدێک نەماوە بۆ چاکسازی و دادوەری نە لە هەرێم و نە لە بەغداد.
ویستگەی دووەم ( بڕینی قوت موچە پەند نەبون )
٢.چ لۆژیکێک و مەنتیقێکە کەوا %٨٠ خەلکی کوردستان ناڕازین بەدەست بڕینی قووت و مووچەو نادادی، ئێستا %٧٢ی بەشداریبکات لە پرۆسەی هەلبژاردن وە حکومرانان و دەسەڵاتداران زۆرینەی ئەو دەنگە نارەزاییانە بچنەوە بۆ خۆیان، هۆشیاری خەلکی بەبەشداریکردنیان ئەمجارەیان لەم پرۆسەدا بە ئومێدی گۆرینی کۆمیسیۆنی هەلبژاردن بوو نەک ئومێدێک بەو دەسەڵاتە حکومرانەی کە شەوو رۆژ داروبەرد لەسەری هاتۆتە گۆ و قسە دەکات داد بێداد گەیشتوتە ئاسمان
ویستگەی سێهەم ( بەغدا ئومێدی پێ دەکرێ ؟؟؟)
٣.پەندێکی کوردی هەیە دەلێت:
جوانی دونیا لەبەر بەغداد دروستکرابوو
بەغدادیش درا بەدەست نەزان و کاڵفام
ئێستا دەبێت بەرامبەر هەلبژاردنەکانی کوردستان کە کۆمیسیۆنی بەغداد سەرپەرشتی کرد بلێین هەولێریشیان بەدەردی بەغداد برد.
ئەگینا شەوڕۆژ هەولیروبەغدا ناکۆکن خێرە ئەمجارە واتەبان و یەک دیدن .
وێستگەی چوارەم ( دیدوهەڵوێست کشانەوە لەپرۆسەی سیاسی
)
٤.چەندین ساڵە ئێمە هەوڵمان داوە داکۆکیکاری سەرسەختی هەرێمی کوردستان و پرۆسەی ریفراندۆم و خۆمان بەسەربازێکی وون دەزانین لە خەباتی بزاڤی رزگاریخوازی گەلەکەمان و قوربانی و باجی زۆر گەورەمان دا لەپێناو ئەو مەبەستە پیرۆزە و لە مەحافلی دوەلی و لە کەنالە عەرەبیەکان و بیانییەکان هەردەم هەولمان داوە وێنایەکی جوان ببەخشینە کورد و پارێزگاری لە هەرێمی کوردستان بکەین بەلام لە ئەمرۆ بەدواوە بە چ رویەکەوە ئێمە بەرگری لە دەسەلاتێک بکەین کە جگە لە قووت و موچەکانمان، ئیرادە و ئازادیشی لێ سەندینەوە بەڕای من نەک تەنها بزووتنەوەی ئیسلامی بە دەستەجەمعی ئەو حزبانەی کەوا هەست دەکەن دەنگەکانیان سووتاوەو ئەوانەیش لە ئایندەدا کە ئەمرۆ بێت یان سبەی نۆرەی ئەوانیش دێت هەر لە ئێستاوە بە کەرامەتی خۆتان لە پرۆسەی سیاسی بکشێنەوە و واز لەم گالتەجاری و مەهزەلەیە بهێنن.
وێستگەی پێنجەم ( پەیامێک بۆ حزبە ئیسلامێکان )
٥.لێرەوە پەیامێک بۆ ئیسلامییەکانی کوردستان، هیچ لایەنێک دڵی خۆی خۆشنەکات کە کورسی یان دەنگی زیادیکردووە لە برایانمان لە حزبە ئیسلامییەکان چونکە ماوەی ٣٠ ساڵ زیاترە کورسی ئیسلامییەکان لە پەرلەمانی کوردستان نەگەشتۆتە ١٥ کورسی بەواتای ئەوەی ئەگەر دەتانەوێت گۆرانکاری بکەن وە لە ئەگەری هەر خولێک ٢ کورسی زیاد بکەن و پەرلەمان ببێتە چەقی ململانێتان لەگەل دەسەلات ئەوە بزانن ئەگەر لە هەر خولێک ٢ کورسی بژمێرین ئەوە ١٠٠ ساڵی ترمان پێویستە بۆئەوەی نیوەی کورسییەکانی پەرلەمان بەدەست بهێنین ئەوکاتە ئێمەو ئێوەش لە حەیاتی بەرزەخدا ژیان بەسەر دەبەین خوا پەنا بات، هەروەکو پەندە عەرەبییەکە دەلێت:
((أكلنا كما أكل الثور الأبيض ))
وێستگەی شەشەم ( پەیامێک بۆ دەسەڵاتداران )
٦. هەر لێرەوە پەیامم بۆ دەسەلاتدارانی کوردستان دەبوایە خەمی بەرەیەکی نیشتیمانیتان بخواردایە لەناو پەرلەمانی کوردستان دەنگی حزب و لایەنە دلسۆزەکانی کوردستان نەسوتێندرایە و بەهەدەر نەدرایە و هەڵوێستە نیشتمانێکان و خەبات و مێژووی حزبەکانتان لەبەر چاوبگردبایە .
چونکە بەرای ئێمە لەم رۆژەوە ئەو بەرە نیشتیمانی و هەلوێستە کوردایەتییانەی کە پێوسیتن بۆ قۆناغی نوسینی دەستورو و گەڕاندنەوەی شکۆوسەروەری کوردستان گوزەشت و هەرگیز نایەتەدی و ئەو جەلەحانییانەی کە لە نێو کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی کوردستان روویدەدا لە رابردودا ئەمجارە خۆتان دەبینن چی دیکە روودەدات .
ئیتر بۆ پێشەوە تا ٤ ساڵی دیکە لە قەیران و نائومێدی و شکست لەدوای شکست.
✍️م.حەسەن ئەمین محەمەد بەرزنجی✍️
چاودێری سیاسی
کەرکووک
٢٢/١٠/٢٠٢٤



