
بەپەلە.. دادگای فیدراڵی یاسایەکی لە هەرێمی کوردستان هەڵوەشاندەوە
باسک نێت
دادگەى فیدراڵیى عێراق سێ بڕگە و هەمواری یەکەمی یاساى ئەنجوومەنى شووراى هەرێمى کوردستانی هەڵوەشاندەوە.
ئەو بڕگانەى کە بە نادەستوورى هەژمارى کردوون تایبەت بوون بەوەى دادگەى دادوەرى کارگێڕى دەسەڵاتى ئەوەى نییە تاوتوێى ئەو تانانە بکات کە پەیوەندارن بە بڕیارە کارگێڕییەکان و ئەو پرسانەى پەیوەندارن بە دەسـەڵاتەکانى سەروەرى کە لە یاسای سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان دا هاتووە.
بڕیارەکەى دادگەى فیدڕاڵى ئهمڕۆ دەرچووە، لەسەر بنەماى سکاڵایەک کە بڕیار رەشید، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى یەکێتى تۆمارى کردبوو.
دادگە بڕیاریدا بڕگەى چوار لە مادەى 13 و بڕگەکانى یەکەم و دووەمى مادەی 16ی یاسای ئەنجوومەنى شوراى هەرێمى کوردستان بە نادەستوورى دابنێت.
بڕگەى چوارى مادەى 13ی یاساکە دەڵێت: داواکانى رەگەزنامە لە تایبەتمەندى دادگەى دادوەرى کارگێڕییە، بەوەش ئەو جۆرە داوایانە لە دەسەڵاتى ئەو دادگەیە نامێنن.
بڕگەى یەکەم و دووەمى مادەى 16ى یاساکە کە دادگەى فیدراڵى عێراق هەڵیوەشاندوونەتەوە، ئاماژە بەوە دەکەن، دادگەى دادوەرى کارگێڕى تایبەتمەند نییە بە تاوتوێکردنى ئەو تانانەى کە پەیوەندارن بە بڕیارە کارگێڕییەکان، لەگەڵ ئەو پرسانەى پەیوەستن بە “کارەکانى سەروەرى” دەسەڵاتەکانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان، کە لە مادەى 10 لە یاساى سەرۆکایەتیی هەرێمى کوردستان هاتوون.
یەکێکى دیکە لە بڕیارەکانى دادگەى فیدراڵى ئەوە بووە کە هەموارى یەکەمى یاساى ئەنجومەنى شووراى هەرێمى کوردستان بە نادەستوورى دادەنێت کە ساڵى 2022 لە پەرلەمانى کوردستان دەرکراوە.