نوسەران

بێ بزووتنەوە، باسی ڕاپەڕین حەرامە

پێشمەرگەكانی بزووتنەوەی ئیسلامیی و سەركردایەتییەكەی لە ڕاپەڕینی ئازاری ساڵی ١٩٩١ دا، پشكی قایم و قوڵیان بەردەكەوێت بۆ ڕاماڵینی حكومەتی تۆتالیتاریزمی بەعسی عێراق و ئازاد كردنی سەرجەم شار و ناوچەكانی كوردستان.

بەڵگەكان شاھێدن، ھێزەكانی بزووتنەوەی ئیسلامیی لەو دەمەدا چ كاریگەر و ترسێنەر بوون، سەرباری بەخشینی سەدان شەھید و بریندار، ئەمەش لە پێناو ئازادیی خەڵك و پاككردنەوەی خاكی ھەرێم لە چنگی ئاگر و ئاسن و عەقڵیەتی بەعس و ئەو حكومەتەی نزیك بە سێ دەیە زیاتر ئەم كۆمەڵگەی سەركوت كرد بە نموونەی ئەنفال و كیمیاباران و ڕەشەكوژیی و قەتڵوعام.

پاش ئەو ھەموو ساڵە و فەراھەمی ئازادیی و دروستكردنی پەرلەمان و حكومەتی ھەرێم و وەدەستھێنانی ماف و سەروەریی و خێروبێرەكەی، جێگەی تێڕامان و خۆخەڵەتاندنە كە لە یادەكانی ڕاپەڕیندا ناوی بزووتنەوەی ئیسلامیی بە ئایكۆنی بەرز نەبرێت، ئەوپەری بێ ئینسافیی و لەكەدار كردنی جەستەی مێژووە، بزووتنەوە لە زنجیرەی سەرەكیی ئەو پارت و حیزبانەدا ھەژمار نەكرێ كە ئەمڕۆژەیان لە ئازادیی بۆ كورد ھێنایە گۆڕێ.

لەوە بێ ئینسافتر ئەوەیە دەستكەوتەكانی ڕاپەڕین قۆرخ بكرێ و قووت بدرێ بۆ چەند حیزبێك و ئەم حیزبە ئیسلامییە كوردییە مەحروم بكرێ لە سامان و داھات و دەستكەوتەكان و وا بزانن تەنیا خۆیان پاڵەوانی ڕۆژانی سەخت و مقاوەمەت بوون.

بۆیە تا كورد و مێژوو بمێنن تا ڕاپەڕین بابەتی باس بێ، ھەر قسەیەك دەكرێ لە بەشداریی و بەخشینی خوێن و ھەوڵ و ھەنگاوەكان بۆ ڕاپەڕین و سەرخستنی ئیرادە و ھێزی گەلی كوردستان، دەبێ ناوی بزووتنەوە وەك خۆی بھێنرێت.

مەحرومكردنی بزووتنەوەش لە دەستكەوتەكان ئەوە قەرزێكە و زوو یا درەنگ دەبێت بدرێتەوە بەو ھەموو پێشمەرگە و بنەماڵەی شەھید و بریندار و كەمئەندامانەی بزووتنەوە كە بێكەسترین چین و خەڵكن، وەك ئەو ھەموو خەڵكە ماندووەی تر كە شۆڕشیان كرد و خوێنیان بەخشی لە ھەموو حیزبەكانی تر و ئێستا بستە زەوییەكیان نییە لەم خاكە ئازادە.

ئاری عەبدولەتیف

سەركەوێ ئیرادەی خەڵك و ھێزی نیشتیمانی
درود بۆ شەھیدان
ئارامیی بۆ تاك بە تاكی خەڵكی ئەم ھەرێمە

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close