نوسەران

کورد لە سیاسەتی دراوسێکانیدا

ئارام مجید شەمێرانی

کورد وەک یەکێک لەکۆنترین نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست،بەدرێژایی مێژوو لەسەر خاکی باب و باپیرانی خۆی نیشتەجێبووە،ئەم نەتەوەیە لەبەرەبابی مێژوو تائەمڕۆ خواویستانەو خۆویستانە لەسەر خاکی خۆی ژیاوە،‌ هەرگیز هەوڵی نەداوە خاکی دراوسێکانی داگیربکات،بەڵام لەهەمان کاتدا خاک و نیشتیمانی داگیرکراوەو دابەشکراوەو سوتێنراوە.

چارەنوسی ئەم میللەتە بەشخوراوە ئەوەیە لەنیوەندێکی جوگرافی وادا هەڵکەوتووە، ئەوەی بوەتە دراوسێی لەسەرەتاوە تا ئێستا چاوی بەمێژوو و کەلتور و فەرهەنگ و مرۆڤی ئەم نەتەوەیە هەڵنەهاتووەو هەموو ڕێگەو شێوازەکانی جینۆساید و قڕکردن و ڕاگواستن و توانەوەیان گرتووەتەبەر بۆ لەناوبردن و کەرتکردن و بەشکردنیان و تەنانەت ژیانی ئاساییان پێ ڕەوا نەبینیون.

جگە لەو هەنگاوانەش دوژمانی کورد بۆ لەناوبردنی گەلی کورد لەگەڵ دوژمنەکەی خۆیان دەستی ئاشتی و ڕێککەوتیان بۆ یەک درێژکردووە،مێژوو لێوان لێوە لەڕێکەوتنی نهێنی و ئاشکرای ئەم دوژمنە کوردانە، ئەگەر ئاوڕێک لەمێژووی پەیماننمامەکانی مێژووی نێوان سەفەوی و عوسمانی بدەینەوە ئەوە ئەو ڕاستیەت بەرچاو دەکەوێت کە هەموو ڕێککەوتنە نێهێنی و ئاشکرایانەی بەناوەکانی(پەیمان و ڕێکەوتن و پرۆتۆکۆڵ و بەڵێننامەو ئاسایش و پاراستنی سنور و تەسلیمکردن و هاوکاری) ئەم دوو دراوسێ داگیرکەرە ئامانجی سەرەکی لێدان بووە لە کورد و خاکەکەی و دواتریش ڕێکەوتنی نێوان ئێران و تورکیا لەلایەک و عێراق و ئێران لەلایەکی دیکە لێدان بوە لەکورد و پێگەو کەلتورەکەی تا ئاستی لاوازکردن و توانەوەو سڕینەوە، ئەمانە هەزاران کۆبونەوەوەیان کردووەو سەدان پەیماننامەیان بەستووە بۆئەوەی خاکی کورد و نیشتیمانەکەی و مافی تاکەکانی ژێرپێ بخرێت.

تەنانەت کۆبوونەوە نهێنییەکان و زانیارییە هەواڵگرییەکانی هەریەک لەئێران و تورکیاو سوریاو عێراق لەمێژوویاندا تا ئەمڕۆ خاڵی سەرەکی و دیاری کۆبوونەوەکانیان لێدان بووە لەکورد و پێگەکەی، چونکە ئەم دراوسێیانەمان لەهەموو شتێکدا دژی یەکن،بەڵام لەدژایەتی کورد و خاک و سڕینەوەی کورددا هاوبەش و هاوڕابوون،چونکە ئەوان هەمیشە کوردیان بەمەترسی زانیوە بۆخۆیان،تەنانەت ئێران هێندەی ترسی لە کوردە هێندە ترسی لەئەمریکاو ئیسرائیل نییە و تورکیاش هێندە ترسی لەکوردە ترسی لەهیچ دوژمنێکی دیکەی نییە، تەنانەت لەجەمسەری باکور و باشوریش تاکە کوردێک هەبێت ئەوا بێگومان سوپایەک لە تورک هەیە دوژمنایەتی بکات.

بێگومان هەموو پەیماننامەکانی نێوان دوژمنانی کورد(سزا و پاداشت) بووە، پاداشت بۆخۆیان و سزاش بۆ کورد، لەئێستاشدا بارودۆخێک لەپێشە بەسوودی کورد کۆتایی نایەت،پێویستە سەرانی حیزبەکان و تەواوی لایەنەکانی هەموو پارچەکان دەرک بەم ڕاستتیە بکەن و کۆبونەوەی خۆیان بکەن و ڕێککەون و لەخەمی خەڵک و خاکی خۆیان بن و خزمەتی زیاتری هاوڵاتیان بکەن،ئەمجارە بارودۆخەکە بەشێوازێکە لەدەست دەرچێت هەرگیز وەک پێشووی لێنایەتەوە،چونکە ئەوە ئامانجی دوژمنانی کوردە نایانەوێت کورد لەسەر پێی خۆی بوەستێت.

بەرەی ڕۆژئاواش لەم کارەدا وەک تەماشەکەرێک دێتەپێش چاو، چاو لەهەموو هێرش و سیاسەتەکانی ئێران و تورکیا بۆ سەر کورد و خاکەکەی و هەرێمەکەمان دەپۆشن،چونکە خۆیان ئەندازیاری دابەشکردنی کورد و خاک و کەلتورەکەی بوون و ئەوان لەپێناو بەرژەوەندی خۆیان چاو لەئاست قوربانییەکانی کورد دادەخەن و ئێمەیان وەک کاڵایەک لێکردووە بۆ سەوداکردن،هەرکات تورکیاو ئێران لەگەڵ بەرژەوەندی زلهێزەکان نەبوون ئەوە کارتی کوردیان دژ بەکاردێنن و بۆماوەیەک پشتمان دەگرن،بەڵام هەرکات ئەوان لەگەڵ ڕۆژئاوا ڕێککەوتن ئیدی کورد بۆ قوربانیدان و فرۆشتنەو گوێ بەهێرش و پەلامارەکانیان نادەن بۆ سەر خاکی کورد و هاوڵاتیانی کورد.
تکایەک بۆ بەرپرسانی هەرێم، هاوڵاتیانی هەرێم لەدۆخێکی زۆر سەخت ودژواردان،ئاوڕێک لەم میللەتە ماندووە بدەنەوە،ئێستا کاتی خەمخواردنی ئەم میللەتەیە تکایە وەک وەتراوە (ماڵی سپی بۆ ڕۆژی ڕەش) ئێستا ڕۆژەکە زۆر ڕەشە،بامیللەتەکە لەمە زەلیلترنەبێت و سەروەت و سامانەکانتان بخەنە خزمەت میللەتەکەی خۆتان، ئەگیانا دوژمنانی کورد چۆن بەپەیماننامەکانیان خاک و نیشتیمانیان دابەشکردین، سەروەت و سامانە کەڵەکەبووەکانتان تاڵان دەکەن و دابەشی دەکەن،چونکە ئەوان لەپەیماننامەی ئەماسیاوە تاجەزائیر مەبەستیان لێدان بووە لەکورد ئەمە سیاسەتی دوژمانی کوردە،ئەوان دوژمنمان با خۆشمان دوژمنی خۆمان نەبین.
ئەکرێت تۆی خوێنەر بپرسیت لەهەندێک قۆناغدا سیاسەتی ئەوان بەرامبەر کورد باش بووە؟ بەڵێ ڕاستە بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە لەوەشدا مەبەست و ئامانجی تایبەتی خۆیان هەبووە و ویستویانە بمانکەن بەنۆکەر و داردەستی خۆیان و لەپێناو بەرژەوەندی خۆیان بەکارمان بهێنن و بمانکەن بەدوژمنی یەکدی.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close