نوسەران

لەمەڕ بەزاندنی سنوور و کرانەوەی مەرز

عوسمان حمەکریم زەڵمی

وەختێک بەوردی دەچینە جیھانی ژیانی مرۆڤەوە دەبینین لە کۆن و نوێدا ھەمیشە شوێنانێک بووە ناویان لێ نراوە (سنوور) ، کە ھەم ھێمایە بۆ دیاری کردنی نێوانی دوو ماڵ، دوو لادێ، دوو شار، دوو وڵات. وەھەم نیشانەیە بۆ سەروەری و سەربەخۆی ھەردوولا.
سنوور ھێلی ھاوبەشەو لەڕووی پەیامی ئاسمانی و زەمینیەوە یاساو ڕێسای تایبەت بەخۆی ھەیە ، ھەردولا ئەرکیانە پابەند بن پێوەی ، تەجاوزکردن ، بەزاندن ، تێپەڕاندی تاوانەو بکەرەکەی دەبێت باجی بدات . ئەگەرچی بەزێنەر بەدەسەڵات بێت و خۆی بە گوندەو سەرەڕۆ و جەردە بزانێت، بەڵام دواجار سزای خۆی وەردەگرێت جا زەمینی نەبوو ئاسمانی. واتە گەر دادگاێکی دادپەروەری مرۆیی نەبوو ئەو مافە زەوتکراوە وەرگرێتەوە بۆ خاوەنی ، ئەوا بەدڵنیاییەوە دادگایی ڕاوەستاوو دادپەروەری خوایی، حەتمەن لە وادەی خۆیدا ئەو ھەق و ھەقە زەوتکراوانەی تریش وەردەگرێتەوە بۆ خاوەنی خۆیان.
ھەروەھا سنوور پارێزی ، چەندین کەڵک و سوودی ھەیە ، وەک : پارێزگاریە لەڕێزو شکۆی خاوەن سنوور. پاراستنی ئاسایش و ئارامی ناوخۆییە. ئاسانکاریە بۆ ئاڵوگۆڕی سوودی ھاوبەش. زوو خستنە ڕێی کۆمەک و ھاوکاری بۆ کاتی لێقەومان و بەھاناوەھاتن. خێرا ڕێگرتن لە مەترسی چاوەڕوان کراو. ئاسان زاڵبوون بەسەر ئەو کەسانەی کەتن دەنێنەوەو پەندەرن، وە بازاڕیان بەشێواندنی دۆخەکە گەرم دەبێت، وە بەدروست کردنی کێشەو قەیران کاسپی ناڕەوای باش دەکەن.
جا ترسناکترین سنوور بەزاندن ئەوەیە خاوەنەکەی خۆی دەستپێشخەری بکات بۆ شکاندنی ، یاخود ڕێخۆشکەر بێت بۆی ، ئیتر بەھەر شێوەیەک و بۆ ھەر شتێک بێت ، جاری وا ھەیە بەزاندن بە ھێنانی مەوادی قاچاغە!! یان خۆراک و دەرمانی ماوە بەسەرچووە!! کە لەبەر سوود و بەرژوەندی خۆی بەلایەوە ئاساییە ڕۆڵەی نیشتمانی پێوەی گرفتار بێت!!
یاخود بەھۆی گرێبەستی سیاسی و ئابوری مەودادار ، سەرکزو زەلیل و زەبوون بووە لەبەردەم بەزاندنی سنووری ، کە بە لەشکرکێشی زەمینی وە یان فڕینی ئاسمانی دەبەزێنرێت!! خاکی داگیردەکرێت!! خەڵکی دەکوژرێت!! بریندار دەکرێت!! ئاوارە دەکرێت!! وە خێرو بێری نیشتمان بە ئاشکرا دەدزرێت!! سەروەری پێشێل دەکرێت !! کەچی غیرەت ونەو بوێری کوێر بۆتەوە، بە سەدای نزم دەوترێت خەتا خەتای کەوەکانی وەتەنە و ویار (ڕەو)ی بە ڕاستەی ناوەوە بووە!!
وەیان بەھۆی منەتباری و قەرزداری ئینتخابیە کە لەوەختی تەنگانەدا پشتی پێ بەستبێ و لە خێری گشتی نیشتمان بەشداری کردبێت، وە کاتێک دەرفەتێ تێتە پێش ، ھەم ئەولا مەیلدارە و دەروونی داخ و تاوسەندووە ، وەھەم ئەملاش پێی شەرمە، وە لێشی نەڕەنجاوە ، ئیتر ناتوانێت دەست بنێت بە ڕوویەوە ، ئاوا بە لێشاوو دوور لە ڕێنمایی یاسای دراوسێی، وە بێ گوێدانە دۆخ و کەشی ناجێگیری تەندرووستی ، ئاسان مەرز دەبەزێنێ!! جا لەوەودوا کە کاشی بەکەڵک ھات، خێرا بە پەلە پڕوزە داوای بەستنی دەروازە دەکرێت!! فەرمان دەکرێت: ئەرکە ھەموولا پابەندی ڕێنماییەکان بن چونکە دۆخەکە لەڕووی سحییەوە مەترسیدارە !!
بیگومان زۆربەی کات بیر خستنەوە کەڵکی دەبێت بۆ کەسانی ئاوەزدار، وەختێک دەمانەوێت بچینە سنووری بەرانبەرمان ، ئەوا ئەرکەو پێویستە ئەم کارانە ئەنجام بدرێن:
ـ بەر لەھەر شتێک دیاریکردنی کاتی گونجاو ، ئامانج لە سەردان ، ماوەی مانەوە .
ـ مۆڵەت وەرگرتن لە خاوەن (ماڵ) سنوور .
ـ دڵنیایی پێدان لەوەی کە پارێزراو دەبێت لەھەر زیان و زەرەرێک لە لایەن کەسی زیارەتکارەوە.
ـ گەر نەتوانرا قەناعەتی پێ بکرێت بۆ ڕێگەپێدان بەھەر پاساوێک بێت، ئەوا پێویستە ئارامگر بێت و بگەڕێتەوە.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close