نوسەران

وەفایەک لەساڵڕۆژی وەفاتی سەرکردەی ڕابوونی ئیسلامی و کەسایەتی ڕۆشنفکر و خاوەن قەڵەمی ڕەنگین

مامۆستا عبدالعزیز پاڕەزانی

عەبدولعەزیز کوڕی شێخ ئەمین شێخ ئەحمەد، لە بنەماڵەی شێخ ئیلیاسە، ساڵی (1928ز) لە گوندی پاڕەزانی قەزای شارباژێر لەدایک بووە، لە تەمەنی حەوت ساڵییەوە لەگوندی پاڕەزان لای مامۆستا مەلا عزیزی گەورە دەستی داوەتە خوێندنی حوجرە و لە فێربوونی زانستەکاندا بلیمەتی تێدا دەرکەوتووە بەتایبەت لە تەفسیری قورئانی پیرۆز و زانستی بیرکاریدا ، بۆیە بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر لە گوندی پاڕەزانەوە ڕوو دەکاتە شاری هەڵەبجە و و لای مامۆستا مەلا ساڵحی گەورەی هەڵەبجە ئیجازەی مەلایەتی وەردەگرێت ، و لەسەر دەستی مامۆستا پاڕەزانی چەندین زانای گەورە دەخوێنن و پێدەگەن وەکو :


مامۆستا عمر ڕێشاوی و مامۆستا نوری فارس حمە خان و چەندانی تر..
لەهەمان کات لەمزگەوتی پاشا لەهەڵەبجە شەوان و عەسران دەرسی گشتی دەبێت و لەدەرسەکاندا ڕاڤەی ئایەتەکانی قورئان و ژیانی پێغەمبەری مەزن بۆ ئامادەبووان دەکات ، پاش ئەوەی فکری ( برایانی موسوڵمان ) لەعێراقدا بڵاودەبێتەوە ، ئەمیش وەک گەنجێک کاریگەر دەبێت بەو فکرو بانگەوازەی سەردەم و وەک سەرکردەیەکی ڕابوونی ئیسلامی لەناوچەکەدا دەردەکەوێت و کاریگەری فکری و ڕۆشنبیری و بانگخوازی خۆی لەسەر گەنجان و ڕۆشنبیران دروست دەکات ، پاشان تاقیکردنەوەی وەزارەتی پەروەردە ئەنجام دەدات و وەک مامۆستایەکی دڵسۆز دەست دەکات بە وانە وتنەوەو پەروەردە کردنی گەنجان لەناو ناوەندەکانی خوێندندا ، لەهەمان کات نووسەرێکی کارامە و بەسەلیقە و خاوەن قەڵەمێکی ڕەنگین بوو، چندین بەرهەمی ناوازەی بەزمانی سەردەم خستە ناو کتێبخانەی کوردیەوە .


لە گرنگترین بەرهەمەکانی:
١/ ژیانی پێغەمبەری مەزن
٢/ نمونەیەک لە ئیسلام
٣/ پێنج پایەکانی ئیسلام
٤/ لە دەروازەی ئیسلامەوە
٥/ پاشکۆی ژیان
٦/ خێزانی بەختیار و کۆمەڵی کامەران
٧/ کوڕێکی لاسار و باوکێکی هەژار
٨/ ئیسلام و بەرنامەی ژیان
٩/ ئیسلام کارە نەک تەمەڵی
١٠/ دوو خەربزە بەدەستێک هەڵناگیرێت

ئەمە وێڕای ئەوەی چەندین وتاری لە گۆڤاری (التربیة الإسلامیة)دا بڵاوکردۆتەوە.
شەوی 22/23-12-1976 لە تەمەنی (٤٨) ساڵیدا کۆچی دوایی کرد و گیانی پاکی بەخوای خۆی سپارد.

جمال پاڕەزانی

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close