نوسەران

نهێنی و پاسۆردی سەرکەوتنەکان و دەسکەوتەکان

نهێنی و پاسۆردی سەرکەوتنەکان و دەسکەوتەکان

پ . د . سەعید عەلی محەمەد ✍️باسک نێت

ئێمە لە ژیانی ڕۆژانەماندا بەرنامە و پڕۆژە و پلانی زۆر و گەورە دادەڕێژین و ، بەگوڕو تین و حەماسەتێكی زۆرەوە هەوڵی بەدیهێنانی ئەوە دەدەین كە لە پلان و بەرنامە و خەیاڵماندا هەیە  ، ڕۆژانە ئاڕاستەیەكی دیاریكراو دەگرینەبەرو لێوان لێو دەبین لە گەشبینی تا ئەو ئاستەی كە ئیتر ئەو بڕوایەمان لا گەڵاڵە دەبێ ئێمە لەسەر ڕێچكە و ڕێگایەكی ڕاست و دروست و نمونەیین بەرەو سەركەوتن و بەدیهێنانی ئاوات و ئامانجەكان ! بەڵام بەتێپەڕبوونی كات بەربەستەكان و  ڕێگریەكان دەردەكەون و ڕێگاكە دەگرن و  ،  ئیتر بەرە بەرە ڕوو لەساردبوونەوە و پاشەكشەكردن و هەست بە شكستهێنان دەكەین  ،  هەست بەوە دەكەین ئەو ئامانجانەی خەریك بوو لێیان نزیك دەبووینەوە دووركەوتوونەتەوە!!

ئا لەم ئان و سات و كاتەدا بەتایبەتی و بەدیاریكراوی سیفەت و خەسڵەتێك كە زۆر بۆ ئێمە گرنگە و ، ڕەگەزێكی ئێجگار سەرەكی و بنەڕەتیشە لە دیاریكردنی (سەركەوتن) یان (شكستی) ئێمە  ،  سیفەتێك كە یەكلاكەرەوە دەبێت لەنێوان ئەوەدا كە ئایا ئێمە لە جیهانی خەیاڵدا ژیاوین  ، یان بەڕاستی لەبەردەم بەدیهێنانی كۆمەڵە ئامانجێكی گەورەدا بووین  ، ئەو سیفەتەش بریتیە لە سیفەتی (بەردەوام بوون).

( بەردەوام بوون ) بیرۆكەیەك یان دروشمێك نیە بە تەنها  ،  بەڵكو ( بەردەوام بوون ) ڕیتم و ڕێچكەی ژیانی تاك تاكی ئێمەیە و  ، لێمان دەخوازێ نەفەس درێژ بین و پابەندبین و ئارام بگرین و دان بەخۆماندا بگرین  ، ئەو هەنگاوە بچوكانەی ڕۆژانە دەیانگرینە بەر كاریگەریی گەورە و  ڕاستەوخۆیان هەیە لەسەر نزیك بوونەوەمان لە بەدیهێنانی ئامانجەكانمان  ،  ئەگەرچی ئەو هەنگاوانە لەسەرەتادا ئێمە بە چاوی فیزیكی خۆمان زۆر هەست بە ئاسەوارو ئەنجامەكانیشیان نەكەین!

هەندێ جار ئێمە وا هەست دەكەین ئەو هەوڵ و كۆششەی دەیكەین هیچ جیاوازی و بەرهەم و گۆڕانكارییەكی لە كارو پڕۆژە و ژیانی ئێمەدا دروست نەكردووە  ، بەڵام بە (بەردەوام بوون) و بەتێپەڕبوونی كات و بە كەڵەكەبوونی هەوڵەكان و هەنگاوەكان وەرچەرخانی گەورە دروست دەبێت و گۆڕانكاری بەرچاو ڕوودەدات!

گومانی تێدا نیە سەركەوتنە گەورەكان و دەستكەوتە گرنگەكان هەر هەموویان بەرهەم و بەرەنجامی ئەو هەنگاوە سادە و ساكارانە بوون كە بە تەغزیەكردنی خەسڵەتی (بەردەوام بوون) و كۆڵنەدان ڕۆژانە گرتوومانەتە بەر!

ئەگەر ئێمە سەرنج بدەینە چیرۆكی سەركەوتنە گەورەكان بۆمان دەردەكەوێ كە نهێنی گەورەی پشت ئەو سەركەوتنانە تەنها لە توانا و بەهرەدا نیە  ، یان بوونی بەشێك و بەختێكی باشی نیە بە تەنها و بەس  ،  بەڵكو نهێنیەكە تەنها و تەنها خۆی لە (كۆڵنەدان) و نەپسان و وازنەهێنان و (بەردەوام بوون) دا دەبینێتەوە! هەموومان دەزانین ( تۆماس ئەدیسۆن )ی داهێنەری گڵۆپە كارەباییەكە پێش گەیشتنی بەو ئامانجە و بەدەستهێنانی ئەو داهێنانە گەورەیە كە ڕووی جیهانی گۆڕی یەك هەزار هەوڵی شكستی تاقیكردەوە!

(بەردەوام بوون) واتای ئەوەیە ئێمە هەموو ڕۆژێك ناوازە و نمونەیی دەركەوین ،  (بەردەوام بوون) بەو واتایەی كە ئێمە سەرەڕای مەترسیەكان و بەربەستەكان كۆڵنەدەین و وازنەهێنین ، ئەگونجێ هەندێ جار هەست بە ماندووبوون یان ساردبوونەوە  ، یان ڕەشبینی بكەین  ، ئەمەش حاڵەتێكی سروشتی و پێشبینی كراوە  ، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئێمە باڵانسی خۆمان بپارێزین ، سوور و موكوڕ بین لەسەر بەدیهێنانی ئامانجەكان  ، ئەگەرچی هەنگاوەكانی چوونە پێشەوەمان هەنگاوانێكی سست و لاوازیش بن!

دەبێ بزانین كلیلی سەركەوتن باوەڕبوونە بەوەی كە هەوڵە بەردەوامەكان ئەگەرچی سادە و سست و هێواشیش بن بەڵام لە كۆتاییدا هەر دەگەنە ئەنجام و دەستكەوت و بەرهەمی گەورە بەدەستەوە دەدەن!

كێشەكان و بەربەستەكان و تاڵاویەكان بەشێكن لەڕێگەی گەیشتن بە سەركەوتن و  ، جۆرێكن لە تاقیكردنەوە بۆ عەزم و ئیرادە و ورە و ئارامی ئێمە! لەوانەیە هەندێك لەو بەربەستانە دەرەكی بن وەك  :  نەبوونی پشتیوانیی ، یان نەبوونی دارایی پێویست ،  یان پێدەچێت بەربەستەكانی خۆیی بن وەك  : دوودڵی و قەلەق و  هەرەسهێنان و شڵەژانی دەروونی و  تاد… بەڵام گرنگ ئەوەیە ئازایانە و بوێرانە و بە متمانە بەخۆبوونەوە بەرەنگاریان ببینەوە و بەسەریاندا زاڵ ببین!

لەكۆتاییدا  :  دەبێ ئەوە بزانین سەركەوتن تەنها (بۆ ڕێكەوتن) نیە  ، یان ڕووداوی كت و پڕو چاوەڕوان نەكراو نیە ، بەڵكو بەرهەم و دەرەنجامی كەڵەكە بوونی ماندووبوون و ئێش و ئازارو هەوڵ و كۆشش و قوربانیە بەردەوامەكانمانە!

قەبارەی گەورەیی خەونەكان خۆی بە تەنها بەس نیە  ، بەڵكو ئەوەی گرنگە ئەندازەی پابەندبوون و سووربوونی ئێمەیە لەسەر بەدیهێنانی ئەو خەونانە بەهەر نرخ و قوربانیەك بێت! بۆیە سەختیەكان و مەترسیەكان و ئاڵنگاریەكان هەرچیەك بن  ،  هەرچۆنێك بن  ،  ئەوەی پێویستە لەسەر ئێمە ئەوەیە  :  دروشمی (كۆڵنەدان و بەردەوام بوون) بكەینە نەهج و  ،  پڕۆژەی ژیانی

ڕۆژانەی خۆمان!
لەوانەیە كاروانەكە دوور بێت و سەخت بێت  ،  بەڵام هەموو هەنگاوێكی بچووك كە دەینێین سەنگ و قورسایی زیاترو مانایەكی نوێ دەخاتە سەر هەگبەی ژیانی ئێمە….

هیچ گومانی تێدا نیە ( ئارام گرتن ) و كارو كۆششی ( بەردەوام ) نهێنی و پاسۆرد و كلیلی گرنگ و سەرەكی سەركەوتنەكانی ئێمەن … سەرەتای ڕێگاكە و خاڵی دەسپێكردنی كاروانەكەش لەو ساتەوە دەستپێدەكات كە ئێمە بڕیار دەدەین سوور بین و نەوەستین و بەردەوام بین.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close