نوسەران

پۆلی ١٢ و بڕیارە سۆزدارییەکان؛ پڕۆسەی پەروەردە بەرەو کوێ؟

پۆلی ١٢ و بڕیارە سۆزدارییەکان؛ پڕۆسەی پەروەردە بەرەو کوێ؟

ئاریان محەمەد✍️باسک نێت

​وەک مامۆستایەک کە ڕۆژانە لە ناو جەرگەی پۆلەکاندا ڕووبەڕووی ئاستە زانستییەکان دەبمەوە، پێم وایە ئەو بڕیارە نوێیانەی پەیوەستن بە ئاسانکاریی بێشومار بۆ قوتابیانی پۆلی ١٢، نەک خزمەت بە پڕۆسەی پەروەردە ناکەن، بەڵکو دەبنە هۆی لێدان لە کوالێتی زانستی و نادادی لە نێوان قۆناغەکاندا. لێرەدا دەمەوێت تیشک بخەمە سەر سێ خاڵی جەوهەری کە پێویستە بە بوێرییەوە قسەیان لەسەر بکرێت:
​یەکەم: نادادی لە نێوان قۆناغەکان
دروستکردنی ئیمتیازی تایبەت تەنها بۆ پۆلی ١٢، وەک پێدانی پێنج نمرەی زیادە یان داخڵبوون بە (٣ سفر)، جیاکارییەکی ڕوونە بەرامبەر قۆناغەکانی تری خوێندن. پرسیارەکە ئەوەیە؛ مامۆستایەکی پۆلی یەکی بنەڕەتی کە بناغەی ئەلفوبێ دادەمەزرێنێت، یان مامۆستایانی قۆناغی ناوەندی، چ جیاوازییەکیان لەگەڵ مامۆستای پۆلی ١٢ هەیە؟ بۆچی دەبێت هەموو فشار، لۆد و تەنانەت بازرگانییە پەروەردەییەکان تەنها لەسەر یەک قۆناغ کۆبکرێنەوە و قۆناغەکانی تر فەرامۆش بکرێن؟
​دووەم: تێکدانی فلتەری زانستی و شکۆی مامۆستا
زۆر نادادپەروەرانەیە قوتابییەک بە سێ سفر و پشتگوێخستنی تەواوی وانەکان بنێردرێتە تاقیکردنەوە وزارییەکان تەنها بۆ ئەوەی ڕێژەی داخڵبوون بەرز بکرێتەوە. دەرەنجامی ئەم بڕیارە پێشوەختە دیارە؛ قوتابییەکە لە وزاری شکست دەهێنێت، بەڵام ئەوەی باجەکەی دەدات مامۆستا و قوتابخانەکەیە، چونکە ئەم شکستە وەک “کەمیی ڕێژەی دەرچوون” لەسەر ئەوان هەژمار دەکرێت. مامۆستا بەرپرس نییە لە ئەنجامی قوتابییەک کە خۆی ماندوو نەکردووە.

​سێیەم: کوشتنی ڕۆحی هەوڵدان لای قوتابی
ئەم جۆرە ئاسانکارییانە پەیامێکی هەڵە بە نەوەی نوێ دەدەن. وا دەکات قوتابی لەبری فێربوون و کێبڕکێی زانستی، هەمیشە چاوەڕێی “بڕیاری کۆتایی ساڵ” و “نمرەی سۆزداری” بێت. پەروەردە زنجیرەیەکی پێکەوەبەستراوە؛ کاتێک فێرخواز لە بنەڕەتییەوە بەهێز نەبێت، ئەم نمرە زیادانە لە زانکۆ و ژیانی کردەییدا هیچی بۆ زیاد ناکەن.
​دەرەنجام

پەیامی من دژایەتیکردنی قوتابیان نییە، بەڵکو خەمخۆرییە بۆ داهاتوویان. پێویستە سیستەمی هەڵسەنگاندن لە هەموو قۆناغەکاندا یەکسان و جێگیر بێت. ناردنی قوتابی بە “سێ سفر” بۆ تاقیکردنەوەیەکی چارەنووسساز، خزمەت نییە بە قوتابی، بەڵکو تێکدانی ئەو زنجیرە پەروەردەییەیە کە ساڵانێکە مامۆستایان ماندووبوونی بۆ دەکێشن.

با فلتەری داخڵبوون ڕاستەقینە بێت، بۆ ئەوەی هەم ئاستی زانستی پارێزراو بێت و هەم ماندووبوونی مامۆستاش بە هەڵە هەڵسەنگاندنی بۆ نەکرێت.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close