
ڕاپرسییه‌كی نوێ له ئیسرائیل ده‌ریده‌خات زیاتر له نیوه‌ی ئیسرائیلییه‌كان دژی مانه‌وه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانه‌كه‌یانن له پۆسته‌كه‌ی؛ ده‌شڵێت، ئیسرائیلییه‌كان پێیان وایه سه‌رۆك وه‌زیرانه‌كه‌یان شكستی هێناوه.
باسک نێت
لەمبارەیەوە ڕۆژنامه‌ی مه‌عاریفی ئیسرائیلی ڕاپرسییه‌كی بڵاو كرده‌وه، كه تێیدا ده‌ركه‌وتووه ڕێژه‌ی 62%ـی هاووڵاتییان ئیسرائیلی پێیان وایه بنیامین ناتانیاهۆ، سه‌رۆك وه‌زیرانی وڵاته‌كه‌یان شكستی له به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی هێرشه‌كه‌ی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسی فه‌ڵه‌ستینی له 7ـی ئۆكتۆبه‌ری 2023ـدا هێناوه و به‌م هۆیه‌یشه‌وه بۆچوونیان وایه ده‌بێت ده‌ست له كار بكێشێته‌وه.
هاوكات ڕۆژنامه‌ی مه‌عاریفی ئیسرائیلی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه، ڕێژه‌ی 29%ـی به‌شداربووانی ڕاپرسییه‌كه له‌گه‌ڵ مانه‌وه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانه‌كه‌یانن و پێیان وا نییه شكستی هێنابێت.
به گوێره‌ی ڕاپرسییه‌كه، ڕێژه‌ی 19%ـی به‌شداربووانی دیكه هیچ بۆچوون و هه‌ڵوێستێكیان له‌م باره‌وه ده‌رنه‌بڕیوه.
ئەوەش خراوەتەروو كە ڕێژه‌ی 93%ـی هێزه ئۆپۆزسیۆنه‌كان پشتیوانی له ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی ناتانیاهۆ ده‌كه‌ن، له‌و كاته‌ی ڕێژه‌ی 31%ـی لایه‌نگرانی حكوومه‌ت هه‌مان هه‌ڵوێستیان هه‌یه.
جیی باسە ئه‌و ڕاپرسییه سه‌رنجی بۆ ئه‌وه ڕاكێشاوه، ڕێژه‌ی 18%ـی لایه‌نگرانی پارتی لیكۆد كه ناتانیاهۆ سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان سه‌رۆكه‌كه‌یان شكستی هێناوه و پێویست ده‌كات ده‌ست له كار بكێشێته‌وه.