کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی لە عێراق دیاری دەکرێت
رۆژنامەی (العربي الجدید): باسک نێت
سەرچاوە سیاسی و پەرلەمانییەكانی عێراق ئاشكرای دەكەن: هەندێك لایەن لەناو هاوپەیمانی دەسەڵاتدار، كە دیارترینیان نوری مالكی، سەرۆك وەزیرانی پێشوتری عێراقە، فشار دەكەن بۆ خێراكردنی هەنگاوەكانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق لە ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو، لەبری كاتی بڕیار لێدراوی خۆی لە مانگی تشرینی یەكەمی (2025)، هاوشانی دەستپێكردنی جموجۆڵەكان بۆ هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن.
ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە: ئەو رێككەوتنەی لەنێوان مەحمود مەشهدانی، سەرۆكی نوێی پەرلەمانی عێراق و هێزە پشتیوانەكانی كراوە، كە دیارترینیان نوری مالیكی، سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا و محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی حزبە تەقدومە، لەسەر بنەمای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت بووە لە عێراق بە زووترین كات و، چاوەڕێنەكردن تا كۆتایی ساڵی داهاتوو.
هاوكات پەرلەمانتارێكی چوارچێوەی هەماهەنگی راگەیاندووە: نوری مالیكی پاڵنەری سەرەكییە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت لە عێراق، لەگەڵ قوڵبونەوەی ناكۆكییەكانی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، لەماوەی رابردوشدا هەموو هەوڵەكانی نێوەندگیری رەتكردووەتەوە، بەهۆی سكانداڵی “تۆڕی سیخوڕی” كە فەرمانبەرانی نوسینگەكەی سودانی تێوەگلاون و گوێیان لە تەلەفونی بەرپرسان گرتووە، لەنێویاندا مالیكی و ئەندامانی خێزانەكەی.