
وەزیری دەرەوەی عێراق هۆشداری دەدات کە هەڕەشەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق “جیدی و گەورەیە” و دەڵێت، حکومەت لە هەوڵدایە بۆ رێگریکردن لە پەلهاویشتنی جەنگی غەززە و لوبنان بۆ وڵاتەکەی.
باسک نێت
ئیسرائیل لە نامەیەکدا داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاساییش کردووە، “گوشار” بخاتە سەر عێراق بۆئەوەی هێرشی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بووەستێنێت، کە وەکو پشتیوانییەک بۆ حەماسی فەلەستینی و حیزبوڵڵای لوبنانی، دەیان هێرشی درۆنییان کردووەتە سەر ئیسرائیل.
لەبارەی مەترسییەکان فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق دەڵێت، جگە لەو نامەیە، حکومەتی ئیسرائیل “پەیامی زارەکی و نووسراو”ی بۆ حکومەتی عێراق ناردووە، کە ئەوەش “واتای ئەوە دەگەیێنێت، هەندێک رێکار وەکو ئامادەکاری بۆ هێرشکردنە سەر عێراق گیراونەتەبەر.”
فوئاد حوسێن روونیشیکردەوە، “هەنگاوی نێوخۆیی و دەرەکی لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق گیراونەتەبەر.”
وەزیری دەرەوەی عێراق وتی، بەغدا “وەڵامی نامەکەی وەزارەتی دەرەوەی حکومەتی [بنیامین] نەتەنیاهووی دایەوە و هەڵوێستی روونی حکومەتی عێراقی بۆ روونکردەوە،” بەوەی “حکومەتی عێراق جەنگی ناوێت. ئێمە بەشێک نین لە جەنگ.”