
حكومەتی داهاتوو چۆن دەبێت؟
چالاك ئەحمەد ✍️ باسک نێت
حکومەتێکی مەدەنی و شەفاف و يەکگرتوو لە وڵاتێکدا دروست دەبێت کە هێزى چەكدار و ئابورى وڵات لە دەست دامەزراوە حكوميەكاندا بێت نەك لەبن دەستى حيزبدا،
حيزب لە ڕێگەى پڕۆژە و كارنامەى خۆيەوە متمانە بەدەست دەهێنێت و نوێنەرايەتى هاوڵاتيان دەكات .
لێسەندنەوەى متمانەش هەر لەم ڕێگەيەوە دەبێت كە پێى دەوترێت هەڵبژاردن و نوێنەرايەتى .
نەك حيزب خاوەنى هێزى چەكدار و سامانى وڵاتبێت و داهاتى سەرخان و ژێرخانى وڵاتيان لە بن دەست بێت و بە هێزى چەكداريش كێشەكانيان يەكلايى بكەنەوە.
هەڵبژاردن و حكومەتى نيشتيمانى چى ڕەوايەتيە لەم
ژينگەيەدا هەيە؟
دابەش بونى وڵات بەسەر دوو حيزبى چەكدارى خاوەن هێز ، بوونى دوو زۆن لە ناو هەرێمێكدا ، هەرێمێك لە ناو وڵاتێكدا،
بونى دوو هێزى پێشمەرگە ، دوو دەزگاى ئاسايش دوو هێزى دژە تيرۆر دوو دەزگاى هەواڵگرى.
هەموو ئەم دوو دووانە نابنە يەك حكومەت، نابنە بنەماى حكومەتێكى يەكگرتووى بەهێزى نيشتيمانى كە داوا و مافەكانى هاوڵاتيانى بێ جياوازى بيروباوەڕ و ئينتيماى حيزبى دەستەبەر بكات .
بوونى سەرۆك وەزيرانێك لە هەولێر تاچەند دەسەڵاتى لە زۆنى سەوزدا دەبێت؟
بڕيارەكانى حكومەت لە هەردوو زۆن وەك و يەك جێبەجێ دەكرێت؟
لەكاتى بونى هەر كێشە و ناڕەزايەتيەكى خەڵكى ، حكومەت دێتە سەر خەت ياخود حيزب و بەرپرسى حيزبى؟
هەموو ئەمانە بەهێزى حيزبى خاوەن چەكدار دەردەخات و دامەزراوە حكوميەكان بێ ڕۆڵ و قورساى ياسايى دەهێڵێتەوە .
جگە لە ململانێى پارتى و يەكێتى و قوڵ بونەوەى كێشەكانيان و كێشەى چەند ساڵەى هەرێم و بەغداش لەلايكى ديكە كە ماوەى 10 ساڵە بە هەڵپەسێردراوى ماوەتەوە .
جگە لە فشارى ئێران و توركيا و زاڵكردنى هەژمونى خۆيان
بۆسەر ئەوو دوو حيزبە .
هەموو ئەم كێشانە واى كردوە تا ئەندازەيەكى زۆر ڕەشبين بين بەرامبەر حكومەتى داهاتوو .
بەڵام ئەوەى زياتر هاوڵاتيانى نيگەران و بێ هيوا كردوە و هيچ ئومێدێكيان بە داهاتوى ئەو هەرێمە نەبێت نەبونى ئۆپۆزسيۆنێكى ڕاستەقينەى بەهێز و دڵسۆزە لەم قۆناغەدا .
ئەوەى زياتر لە دەسەڵات ئازارمان دەدات بونى ئۆپۆزسيۆنى ساختەيە لەبەرگى هيوادا.
ئۆپۆزسيۆنێك يارى بە هەست و شعورى خەڵكانێكەوە دەكات كە خەبات و ئومێديان لەسەر هەڵچنيبوو.
حكومەتى داهاتوو پێكهاتەكەى ئەمەيە ، ئايا دەتوانێ چارەسەرى كێشەكانى بكات ياخود كێشە و سەرئێشەى ديكە بۆ هاوڵاتيەكانى زياد دەكات .