كوردستانهەواڵ

وردەکاری کوژرانی گەنجێک لەلایەن ئاسایشەوە ئاشکرا کرا

باسک نێت -چەمچەماڵ

شه‌وی رابردو له‌ روداوێكی ته‌قه‌كردندا له‌ چه‌مچه‌ماڵ گه‌نجێك به‌ناوی عیسا عەلی ته‌مه‌ن 19 ساڵ كوژرا، باوكی ئه‌و گه‌نجه‌ش ڕایگەیاند، “له‌كاتی روداوه‌كه‌دا من له‌ رانیه‌ بوم، كاتژمێر 12:30ی شه‌و په‌یوه‌ندیان پێوه‌كردم و پێیان وتم، كوڕه‌كه‌ت برینداربوه‌ و هێزه‌كانی ئاسایشی ته‌قه‌یان لێكردوه‌، كاتێك گه‌یشتمه‌وه‌ بینیم گیانی له‌ده‌ستداوه‌ و یه‌كێك له‌ گوللـه‌كانیش به‌ر سه‌ری كه‌وتوه‌”.

دەشڵێت، “دو بۆ سێ رۆژ پێش ئێستا كوڕه‌كه‌م بۆ خۆشی له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سێكی دیكه‌دا ته‌قه‌ی كردوه‌ و ته‌قه‌كانیشی كردوه‌ به‌ئاسماندا، هیچ كه‌سێكیش سكاڵای له‌سه‌ر تۆمارنه‌كردوه‌، به‌ڵام فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی بۆ ده‌رچوه‌، شه‌وی رابردوش دو مه‌فره‌زه‌ی ئاسایشی ده‌رچونه‌، یه‌كێك له‌ مه‌فره‌زه‌كان هه‌ڵیانكوتاوه‌ته‌سه‌ر ماڵه‌كه‌م و مه‌فره‌زه‌كه‌ی دیكه‌ش كه‌وتونه‌ته‌ دوای كوڕه‌كه‌م و كوشتویانه‌

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، “ته‌رمه‌كه‌ له‌لایه‌ن ئاسایشه‌وه‌ ره‌وانه‌ی پزیشكی دادی سلێمانی كراوه‌، ده‌بێت بزانین هۆكاری كوشتنی كوڕه‌كه‌م چیه‌ ئه‌گه‌ر كوڕه‌كه‌م ته‌قه‌شی كردبێت، بۆچی بكوژرێت له‌كاتێكدا ته‌مه‌نی 19 ساڵه‌، بۆیه‌ سكاڵا له‌سه‌ر هێزه‌كانی ئاسایش تۆمارده‌كه‌م و هه‌مو رێكارێكی یاسایی ده‌گرمه‌به‌ر”.

هاوكات، ره‌مك ره‌مه‌زان قائیمقامی چه‌مچه‌ماڵ رایگه‌یاند، “ئاگاداری روداوه‌كه‌ین و به‌دواداچونی ورد له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌كه‌ین، به‌پێی زانیاریه‌كانیش ئه‌و كوڕه‌ له‌كاتی هه‌وڵدان بۆ ده‌ستگیركردنی، روبه‌ڕوی هێزه‌كانی ئاسایش بوه‌ته‌وه‌ و ته‌قه‌ی له‌ برایانی ئاسایش كردوه‌، ئه‌وانیش ته‌قه‌یان كردۆته‌وه‌، تا ئێستاش شێوازی كوشتنه‌كه‌ی رون نیه‌ و دۆسیه‌كه‌ی له‌لێكۆڵینه‌وه‌دایه‌”.

وتیشی ، “لێكۆڵینه‌وه‌ و به‌دواداچون ده‌كه‌ین، ئه‌گه‌ر ماڵی كوژراوه‌كه‌ پێیان وایه‌ غه‌دریان لێكراوه‌، رێكاری یاسایی و ئیداری هه‌یه‌، ده‌كرێت سكاڵای خۆیان تۆماربكه‌ن”.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close