جیهانهەواڵ

هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆككۆماری ئێران ده‌ستی پێ كرد

پرۆسه‌ی ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆككۆماری نوێی ئه‌و وڵاته‌ له‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ ده‌ستی پێ كرد.

باسک نێت

ئه‌حمه‌د وه‌حیدی، وه‌زیری ناوخۆی ئێران ڕایگه‌یاند، ئێرانییه‌كان سه‌رۆكێكی نوێی خۆیان له‌ شوێنی ئیبراهیم ڕەئیسی، سه‌رۆكه‌ كۆچكردووه‌كه‌یان هه‌ڵده‌بژێرن.

ڕۆژی 9ـی حوزەیرانی 2024، لە کۆی نزیکەی 80 کەسایەتی کە بۆ کاندیدابوون و کێبڕکێی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نوێی ئێران خۆیان ناونووس کردبوو، وەزارەتی ناوخۆی ئێران ناوی کاندیدانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی وڵاتەکەی بڵاو کردەوە کە لە شەش کاندید پێک هاتبوون، ئه‌وانیش: مەسعوود پزشکیان، مستەفا پوورمحەممەدی، سەعید جەلیلی، عەلیڕەزا زاکانی، ئەمیرحسێن قازیزادە هاشمی، محەممەد باقر قالیباف.

لەگەڵ نزیکبوونەوەی ڕۆژی دەنگدان هەر یەک لە ئەمیر حسێن قازیزادە و عەلێڕەزا زاکانی لە ڕەوتی بناژۆخوازەکان لە کێبڕکێی هەڵبژاردنەکە کشانەوە و مەیدانەکەیان بۆ کاندیدەکانی ڕەوتەکە چۆڵکرد.

ئێستا چوار کاندید لە کێبڕکێ بەردەوامن، مەسعود پزیشکیان تاکە کاندیدی ڕیفۆرمخوازەکانە بەرانبەر بە هەریەک لە سەعید جەلیلی، محەمەدباقر قالیباف کاندیدانی بناژۆخوازەکان، هەرچی مستەفا پوورمحەممەدییە لە نێوان هەردوو ڕەوتەکە خۆی یەکلایی نەکردۆتەوە درێژە بە کێبڕکێی هەڵبژاردن دەدەن.

ئێوارەی ڕۆژی 19ـی ئایاری 2024، هێلیکۆپتەری ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆکی كۆچكردووی ئێران و یاوەرانی بەهۆی نالەباری کەشوهەواوە لە سنووری پارێزگای تەورێز کەوتە خوارەوە. دوای 18 کاتژمێر گەڕان، هێلیکۆپتەرەکە بە تێکشکاوی دۆزرایەوە و سەرجەم سەرنشینانی هێلیکۆپتەرەکە کە نۆ کەس بوون، مردن و دیارترینیشیان ڕه‌ئیسیی و حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران بوون.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close