
هێزه ئه‌منییه‌كان بۆچی خرانە حاڵه‌تی ئاماده‌باشییه‌وه لە لایەن عەلی زیدییەوە؟
باسک نێت
به فه‌رمانی عه‌لی زه‌یدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كان، له ئه‌مڕۆوه هێزه ئه‌منی و سه‌ربازییه‌كانی عێراق كه‌وتنه حاڵه‌تی ئاماده‌باشییه‌وه.
بڕیاره‌كه‌ی زه‌یدی دوای چه‌ند كاتژمێرێك هات له كۆبونه‌وه‌ی ئیئتلافی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت (لایه‌نه پێكهێنه‌ره‌كانی حكومه‌ت) و
چوار سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عێراق و سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له به‌غداد، كۆبونه‌وه‌یه‌ك كه تێیدا گفتوگۆ كرا سه‌باره‌ت به:
كۆكردنه‌وه‌ی چه‌ك له ده‌ستی ده‌وڵه‌ت
رێگریكردن له به‌كارهێنانی خاكی بۆ هێرشكردنه سه‌ر وڵاتانی دراوسێ
عه‌لی زه‌یدی له به‌رنامه‌ی حكومه‌ته‌كه‌یدا وای داناوه رۆژی 30 ئه‌یلولی ئه‌مساڵ، به‌پێی ئه‌وه‌ی رێككه‌وتنی له‌سه‌ر كراوه هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیی به یه‌كجاری له عێراق بكشێنه‌وه، بۆیه كردویه‌تی به مه‌رج له‌سه‌ر گروپه چه‌كداره‌كانی سه‌ربه ئێران ده‌بێت تاوه‌كو 30ی ئه‌یلول چه‌كه‌كانیان راده‌ستی حكومه‌ت بكه‌ن.
له‌كاتێكدا زه‌یدی چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌یه گروپه چه‌كداره‌كان چه‌ك دابنێن، گروپه‌كان واده‌یان بۆ زه‌یدی دیاریكردووه بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ڵامی هێرشه‌كه‌ی 29ی ته‌موزی سعودیه بداته‌وه، كه به‌هۆیه‌وه 20 كه‌س له هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی كوژراون.
سعودیه له وه‌ڵامی هێرشی درۆنی بۆسه‌ر دامه‌زراوه نه‌وتییه‌كان، باره‌گاكانی حه‌شدی كرده ئامانج، ئه‌م هێرشانه‌شی له رۆژێكدا بوو كه بڕیاربوو تێیدا عه‌لی زه‌یدی بۆ یه‌كه‌مجار دوای ده‌ستبه‌كاربوونی سه‌ردانی سعودیه بكات، به‌وهۆیه‌وه گه‌شته‌كه‌ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه.
ئه‌گه‌ر ره‌هه‌ندێكی بڕیاری ئاماده‌باشی هێزه ئه‌منییه‌كان بۆ رێگریكردن بێت له هه‌ر جوڵه‌یه‌كی گروپه چه‌كداره‌كان دژ به سعودیه (به‌وپێیه‌ی واده‌ی گروپه‌كان بۆ عه‌لی زه‌یدی كۆتایی هات)، ره‌هه‌ندێكی تری وه‌كو ئه‌وه‌ی باسده‌كرێت ئاماده‌كارییه بۆ ئه‌نجامدانی زنجیره‌یه‌ك ئۆپراسیۆنی نوێ بۆ ده‌ستگیركردنی ئه‌وانه‌ی تۆمه‌تبارن به گه‌نده‌ڵی.
له‌باره‌ی چه‌ككردنی گروپه چه‌كداره‌كان، سه‌رچاوه‌كان له به‌غداده‌وه باسله‌وه ده‌كه‌ن به‌شداری فایه‌ق زه‌یدان سه‌رۆكی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی له كۆبوونه‌وه‌ی دوێنێ شه‌وی ئیئتیلافی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت ئاماژه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی حكومه‌تی زه‌یدی به‌نیازه ئامرازی یاسایی دژ به‌وانه به‌كاربهێنێت كه چه‌كه‌كانیان راده‌ستی ده‌وڵه‌ت ناكه‌ن.
به‌شداری كورد‌و سوننه‌و زۆرینه‌ی لایه‌نه شیعه‌كان له هه‌مان كۆبونه‌وه‌ی دوێنێ شه‌ودا، وه‌كو نیشاندانی پشتیوانی به‌رفراوانی لایه‌نه‌كان بۆ پرسی چه‌كداماڵین له‌لایه‌ن زه‌یدییه‌وه لێكده‌درێته‌وه، ئه‌مه به‌پێچه‌وانه‌ی كابینه‌كانی پێشووی حكومه‌ته‌وه كه هه‌مان به‌ڵێنی چه‌كداماڵینیان هه‌ڵگرتبوو، به‌ڵام نه‌یانتوانی جێبه‌جێی بكه‌ن.
به‌پێی ئه‌وه‌ی سه‌رچاوه ئاگاداره‌كان باسی لێوه ده‌كه‌ن، له‌دوای 30ی ئه‌یلوله‌وه كه هێزی هاوپه‌یمانان له عێراق ده‌كشێنه‌وه، ئه‌و گروپه چه‌كدارانه‌ی چه‌كه‌كانیان راده‌ستی حكومه‌ت نه‌كردووه، ئیتر به‌گوێره‌ی یاسای (به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر) مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت.
ئاژانسی فه‌رمی ده‌نگوباسه‌كانی عێراق (واع)، كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر ده‌قی یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆری بڵاوكرده‌وه‌و رایگه‌یاند” له‌دوای 30ی ئه‌یلوله‌وه ئه‌م یاسایه له‌سه‌ر هه‌موو هه‌ڵسوكه‌وتێكی چه‌كدارانه جێبه‌جێ ده‌كرێت”.
له‌به‌ر رۆشنایی ئه‌م گۆڕانكارییانه‌دا، وا ده‌بینرێت ئاماده‌باشی هێزه ئه‌منییه‌كان له‌سه‌ر فه‌رمانی عه‌لی زه‌یدی؛ وه‌كو ئاماده‌كاری بێت بۆ هه‌ر رووداوێكی كتوپڕ یاخود ئه‌گه‌ری به‌ریه‌ككه‌وتنی چه‌كداری له‌گه‌ڵ ئه‌و گروپانه‌دا.




