
سەرۆکایەتی کۆماری عێراق:
رووفاتی 153 قوربانی ئەنفالكراو لە بیابانی سەماوە رادەستی هەرێمی كوردستان كرانەوە
باسک نێت
سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، ئەمڕۆ شەممە، رایگەیاند، رووفاتی ١٥٣ قوربانی پرۆسەکانی ئەنفال رادەستی هەرێمی کوردستان دەكاتەوە، بەمەبەستی گواستنەوەیان بۆ پارێزگای سلێمانی و ئەنجامدانی رێوڕەسمی بەخاکسپاردنەوەیان لە مەزارگەی هەمیشەییان.
عەلی شوکری، سەرۆکی دەستەی راوێژکاران لە سەرۆکایەتی کۆمار، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ شاندێکی وەزارەتی شوێنی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێم رایگەیاند، ئەم رووفاتانە لەناو گۆڕی بەکۆمەڵدا لە ناوچەی “تەل شێخ” لە بیابانی سەماوە دۆزراونەتەوە، پرۆسەی رادەستکردنەوەکە بە هەماهەنگی لەنێوان وەزارەتی تەندروستی و دامەزراوەی شەهیدانی فیدراڵیدا ئەنجامدراوە.
جەختی لەوەش کردەوە، سەرجەم رێکارە تەکنیکی و یاساییەکانی تایبەت بەم رووفاتانە تەواو کراون و ئامادەکاری دەکرێت بۆ هەڵدانەوەی حەوت گۆڕی بەکۆمەڵی دیکە لە هەمان ناوچەدا لە رۆژانی داهاتوودا، بەمەبەستی کۆتاییهێنان بە دۆسیەی رووفاتی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لەو ناوچەیەدا.




