كوردستانهەواڵ

وردەکاری بڕیارەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا

وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم بڕیاریدا تاقیکردنەوەی کۆتایی لە زانکۆ و پەیمانگاکان ئەنجامنەدرێت و نمرەی کۆرسی یەکەم بۆ خوێندکاران هەژماربکرێت.

دەقی بڕیارەکان:

بڕگەی یەكەم: ئەو زانكۆیانەی كە پەیڕەوی بۆڵۆنیا پرۆسێس دەكەن بەم شێوەیەی خوارەوە بڕیاردرا:

1. ئەژماركردنی هەموو ئەو كریدیتانەی كە خوێندراوە و تاقیكردنەوەی تێدا ئەنجام دراوە بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠١٩-٢٠٢٠).

2. ئەو كریدیتانەی كە نەخوێندراوە ئەوا دابەش دەكرێت بەسەر سیمیستەرەكانی داهاتوو لە ساڵی خوێندنی (٢٠٢٠-٢٠٢١) و لە سیمیستەرەكانی ساڵانی داهاتوو دەخوێندرێت، چونكە بە گوێرەی سیستمی بۆڵۆنیا ئەم جۆرە گۆڕانكاریانە ڕێگەپێدراوە بە پێی بنەماكانی كۆكردنەوەی كریدیت.

بڕگەی دووەم: سیستەمی ساڵانە و سیستەمی كۆرسات: بەم شێوەی خوارەوە جێبەجێ دەكرێت:

1. هەموو بەشەكان (زانستییەكان و مرۆڤایەتییەكان) ئەنجامی تێرمی یەكەمیان بۆ ئەژمار دەكرێت بۆ مەبەستی دەرچوون یان دەرنەچوونی ساڵی خوێندنی (٢٠١٩-٢٠٢٠).

2. ئەو قوتابی و خوێندكارانەی كە لە ئەنجامەكانی تێرمی یەكەم دەرنەچوون یاخود تاقیكردنەوەیان نەكردوە، ئەوا زانكۆكان لە ڕێگەی ڕاپۆرتی زانستی یاخود هەر میكانیزمێكی تری گونجاو هەڵسەنگاندن ئەنجام ئەدەن، بەبێ ئەوەی قوتابیان و خوێندكاران بگەڕێنەوە نێوكامپەسی زانكۆكان.

3. ئەو قوتابی و خوێندكارانەی كە بەئەنجامەكانی تێرمی یەكەم دەرچوون ئەوا سەرپشكن كە دوبارە بەشداربن لەو هەڵسەنگاندنەی كە بە ڕاپۆرت و میكانیزمەكانی تر ئەنجام ئەدرێت، ئەگەر خوێندكارێك بیەوێت نمرەكانی بەرزبكاتەوە لە پێناو پاراستنی كێبڕكێی زانستی.

4. سەبارەت بە توێژینەوەی دەرچوونی قۆناغە كۆتاییەكان ئەوا نمرەكان دابەش دەكرێت لە نێوان مامۆستای سەرپەرشتیار و یەك مامۆستای تری هاوپسپۆر كە هەڵسەنگاندن بۆ توێژینەوەكە ئەنجام ئەدات.

5. سەبارەت بە قوتابیان و خوێندكارانی قۆناغی كۆتایی كۆلیجەكانی پزیشكی گشتی و پزیشكی ددان ئەوا دەنێردرێنە ناو نەخۆشخانەكان بۆ تەواوكردنی لایەنی پراكتیكی وانەكانیان و دواتر هەڵسەنگاندنیان بۆ ئەنجام ئەدرێت لەبری تاقیكردنەوەی كۆتایی ساڵی خوێندنی (٢٠١٩-٢٠٢٠).

بڕگەی سێیەم: بۆ جێبەجێكردنی ئەم بڕیارانەی سەرەوە دەسەڵات ئەدرێت بە زانكوكان بۆ دارشتنی ووردەكاری جێبەجێكردن لەپێناو ڕەچاوكردن و پاراستنی جیاوازی و تایبەتمەندێتی نێوان زانكۆكان.

بڕگەی چوارەم: زانكۆ و پەیمانگە تایبەتەكانیش ئەم بڕیارانەی سەرەوە جێبەجێ دەكەن.

بڕگەی پێنجەم: سەبارەت بە قوتابیان و خوێندكارانی دبلۆمی باڵا و ماستەر و دكتۆرا ئەوا بەپێی بڕیارەكانی پێشو و پرۆگرامی خوێندنی خۆیان بەردەوام ئەبن.

لە كۆتاییدا هیوای تەندروستی و سەركەوتن بۆ یەكەبەیەكەی خوێندكاران و قوتابیان دەخوازم و لە ناخەوە سوپاسی دایك و باوك و كەسوكاری بەڕێزیان دەكەم كە لە پێگەیاندنی ڕۆڵەكانیاندا ماندوو بوون و درێغییان نەكردوە،

هەروەها جارێكی تر پڕ بەدڵ سوپاسی سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەرە بەڕێزەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و زانكۆكان دەكەم كە هەمیشە لە پێناو خزمەتكردن و پێگەیاندنی ڕۆڵەكانی نیشتیمانەكەماندا درێغیان نەكردوە.

لەگەڵ هیوای سەركەوتن بۆ هەموو لایەك.
د. ئارام محمد قادر
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی
٢٦/٥/٢٠٢٠

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close