پۆلیسی سلێمانی دەستگیركردنی تۆمەتبارێكی راگەیاند، كە چەند فەرمانێكی دەستگیركردنی ھەبوو، ھەروەھا چەند جارێكیش تەقەی لە ھێزەكانی پۆلیس كردووە.
لە راگەیەندراوێكدا بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی ئاشكرای كرد: “دوای كۆكردنەوەی زانیاری و دیاریكردنی شوێنی تۆمەتبار، شەوی 10ی5ی 2020 كاتژمێر 7:30 خولەك مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی سەرا تۆمەتبارێكیان دەستگیركرد، كە لە چەند بنكەیەك فەرمانی دەستگیركردنی هەبووەو لەكاتی دەستگیركردنیشیدا رووبەڕووی هێزەكانی پۆلیس بوبووەو تەقەی كردبوو”.
ئاماژەی بەوەشكردووە: “تۆمەتبار (ه ، م ، ع ) لەدایكبووی 1992ی دانیشتوی شاری سلێمانی، كە لەچەند بنكەیەك داواكراوە و پێشتریش تەقەی لە مەفرەزەیەكی بنكەی پۆلیسی ئیبراهیم ئەحمەد كردبوو لەكاتی چونیان بۆ دەستگیركردنی، بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی (405- 31، 229 و 430 ) كە بریندار كردن و سەرانە وەرگرتن و هەڕەشەكردنە لە هاووڵاتییان راگیراوەو لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە”.