لە پەیامەکە هاتووە، کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بەشێک بوو لە زنجیرە تاوانێک کە بۆ سڕینەوەی گەلی کورد ئەنجام درا.
دەشڵێت، سەری رێز بۆ قوربانیانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە دادەنەوێنین.
سەرۆک بارزانی دووپاتیدەکاتەوە، مافی ئەوەمان هەیە داوای قەرەبووی ئەنفال و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لە عێراق بکەین.
ئاماژە بەوەش دەکات، نابێت دەوڵەتی عێراق قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی ئەنفال و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە فەرامۆش بکات.
دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی:
كیمیابارانكردنی هەڵەبجە درێژەپێدەری ئەو زنجیرە تاوان و كارەساتانە بوو كە دوژمن بۆ تواندنەوە و سڕینەوە دەرهەق گەلی كوردستان ئەنجامی دا. بەهۆی قوربانیدان و مەزلوومیەتی هەڵەبجەی شەهیدەوە جیهان زیاتر لە ئێش و ئازاری گەلی كوردستان تێگەییشت.
كیمیابارانكردنی هەڵەبجە برینێكی قووڵە لەسەر جەستەی گەلی كوردستان و هەرگیز لەبیر ناكرێت. مافی گەلی كوردستانە داوای قەرەبوو لە دەوڵەتی عێراق بكات. پێویستیشە چیتر حكوومەتی عێراق ئەمە پشتگوێ نەخات و قەرەبووی كیمیاباران و ئەنفال بكات.
نەمری و سەربەرزی بۆ شەهیدانی هەڵەبجە و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادی