ئەرشیفى بزووتنەوەبزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیعێراقكوردستانهەواڵ

مەكتەبی ڕاگەیاندن: هەڵوێستی توند دەگرینەبەر لەبەرانبەر كەسانێكی بەكرێگیراوی خائین بەنەتەوەی كورد

 

مەكتەبی ڕاگەیاندن: هەڵوێستی توند دەگرینەبەر لەبەرانبەر كەسانێكی بەكرێگیراوی خائین بەنەتەوەی كورد

بەناوی خوای بەخشندەو میهرەبان

دەمێكە گەلی كورد سەلماندویەتی و تەئكیدی لەوە كردووەتەوە كە نەتەوەی كورد و كلتوورە جوانەكەی و ئایینی پیرۆزی ئیسلامی دوو ڕووی لێكچوون و هیچكات كوردیش خۆی لەو ئایینە پاك و جوان و ژیاندۆستە جیانەكردووەتەوە.
ئایینی ئیسلام هیچ كات لەكەدار نابێت و لەگەڵ هەر (فوو)یەكی ناحەزانی، نەك ناكوژێتەوە بەڵكو بڵێسەكەی زیاتر دەبێت، كلتووری كوردیش بەهەمان شێوە لەلایەن گەل و نەتەوەی كوردەوە دەپارێزرێت، ئەگەرچی هەندێ بە كرێگرتە دەیانەوێ لەكەداری بكەن.
بەداخەوە لە شاری كاك ئەحمەدی شێخ و زانا و دانایانی سلێمانی و لەم هەرێمە پڕ لە ئەدەب و پڕ لە شانازییە، بەناو زانكۆی ئەمریكی بە بیانووی پێكەوە ژیان و ژیاندۆستی و كۆمەڵێك ووشەی بریقەداری گوماناوی و كەسانێك لەژێر پەردەی زانست و لە پاڵ دیندارییەكی ڕووپۆشكراو و بە بودجەی وڵاتانی بیانی، كۆمەڵێك ئافرەتی هەڵخەڵەتێنراویان هێناوەو و لەرێگەی بەناو هونەرەوە سوكایەتی بە پیرۆزییەكانی ئیسلام و ئایەتەكانی قورئانی پیرۆز دەكەن، هاوكات دەیانەوێ كلتووری جلوبەرگی جوانی كوردیش بشێوێنن.
ئێمە لەمەكتەبی ڕاگەیاندنی بزووتنەوەی ئیسلامی بە توندی ئیدانەی ئەو هەڵوێستە ترسنۆك و هونەرە دوور لەكلتووری كوردییە دەكەین و هەڵوێستی توند دەگرینەبەر لەبەرانبەر هەر لایەن و زانكۆ و كەسانێكی بەكرێگیراوی خائین بەنەتەوەی كورد و كلتوور و ئایینەكەی.
ئەوەش دووپات دەكەیەنەوە ڕاگەیاندنی بزووتنەوەی ئیسلامی، لە سەرجەم پرۆگرامەكانیدا هەمیشە ئەوەی سەلماندووە وەك قەڵایەك لەبەرانبەر هەموو ئەو بەكرێگیراو و هەلپەرستانەی لەژێر پەردەی جۆراوجۆردا دەیانەوێ سوكایەتی بەكلتووری جوانی كورد بكەن دەوەستێتەوەو ناهێڵین خەیاڵی پووچ و دۆراو و هەوڵی كۆنەپەرستانەیان لەم كوردستانە چەكەرە بكات.
ئەم سوكایەتییە لەكاتێكدایە، كە جیهان لەژێر دروشمی سەربەخۆیی بۆ فەلەستین و هاوكاری بۆ غەززە لەبەرانبەر دڕندەترین خەڵكانی جیهان وەستاونەتەوە، بەڵام بەداخەوە ئەم (خائین بەكوردانە) هاتوون لەژێر ناوی زانكۆی دۆڕاوی ئەمریكی سوكایەتی بە كلتووری كورد و ئایینی زۆرینە موسڵمانی كورد دەكەن.
لێرەوە داوا لە دەسەڵاتدارانی سلێمانی بەتایبەتی و هەرێمی كوردستان بەگشتی دەكەین، ئەم جۆرە كردەوە نامۆیانە بە شاری سلێمانی ڕابگرن و بە توندی سزای بكەرانی بدەن، چونكە ئەمە هۆكارێكە بۆ تێكدانی ئەو پێكەوەژیانە جوانەی كە سەدان ساڵە كورد لەگەڵ نەتەوە جیاوازەكان لەم خاكە بەسەریبردووە.

مەكتەبی ڕاگەیاندنی بزووتنەوەی ئیسلامی

28/9/2025

 

 

 

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close