
پلانەکەی دۆناڵد ترەمپ دەربارەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاشکرا بوو
دەیەوێت بەتیرێک دوو نیشانە بپێکێت
لە ئێستادا مشومڕێکی زۆر لە تەواوی جیاندا هەیە سەبارەت بەو قسانەی ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ دەربارەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردی و پێگە و ڕۆژنامە جیهانییەکانیش باس لە هەندێک زانیاری نوێ دەکەن.
پێگەی ئەکسیۆسی ئەمریکی بەپشت بەستن بە لێدوانێکی ترەمپ دەڵێت: سەرۆکی ئەمریکا پلانی کۆتایهێنان بەشەڕی هەیە لە غەززە و ترەمپ پێی ڕاگەیاندوون، کە نەتەنیاهۆش بە پلانەکەی ڕازییە.
لای خۆیەوە دەستەی پەخشی ئیسرائیلی بڵاویکردووەتەوە، کە مەرجی ڕێککەوتنەکان و کۆتایی هاتنی جەنگ دانانی چەکە لەلایەن حەماس و دروستنەکردنی هیچ دەسەڵاتێکی سیاسیە نە بۆ فەڵەستین و نە بۆ ئیسرائیل لەناو کەرتی غەززەدا.
کەناڵی 12ی ئیسرائیلیش ئاشکرایکرد، پلانەکەی دۆناڵد ترەمپ ئەوەیە غەززە بکاتە ناوچەیەکی نێودەوڵەتی بازرگانی.
ڕۆژنامەی یەدیعوت ئەرناحۆتی ئیسرائیلیش باس لەوەدەکات، بەهۆی مل نەدان بۆ سیاسەتەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و سەپاندنی سزا نوێیەکانی ئەوروپا، ئەگەری دووبارە ڕوودانەوەی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل هەیە.
وا بڕیارە سبەی بۆ چوارەم جار نەتەنیاهۆ و دۆناڵد ترەمپ لەمیانی دانوستانەکانی ئاگربەستی غەززە کۆببنەوە و بن غەفیر و سمۆتریجیش، بە نەتەنیاهۆیان وتووە، کە نابێت پێشنیارەکەی سەرۆکی ئەمریکا قبوڵ بکات.




