جیهانهەواڵ

سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا: ناکەوینە ئەو داوەی ناتانیاهۆ لە سووریا بۆی ناوینەتەوە

سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا: ناکەوینە ئەو داوەی ناتانیاهۆ لە سووریا بۆی ناوینەتەوە

باسک نێت

سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا بە توندی هۆشداری دەدات و رایدەگەیەنێت، وڵاتەکەی هەرگیز ناکەوێتە ناو ئەو تەڵە و پیلانانەی کە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە خاکی سووریادا بۆی داڕشتوون.

لەم چوارچێوەیەدا، بورهانەدین دوران، بەرپرسی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، جەختی لەوە کردەوە: “ئێمە خاوەنی ئەزموونێکی هێندە قووڵ و فراوانین کە رێگە نادات بکەوینە داوی کەسایەتیگەلێکی وەک ناتانیاهۆوە؛ کەسانێک کە تاکە ئامانجیان شێواندنی ئاشتی و تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکەیە.”

لە لایەکی دیکەوە، وەزارەتی بەرگریی تورکیا بەتوندی رەتی کردەوە کە هیچ هێزێکیان لە فڕۆکەخانەی “ئەبو زوهوور” لە باکووری رۆژئاوای سووریا بوونی هەبێت، کە لە چەند رۆژی رابردوودا رووبەڕووی هێرش و بۆردومانەکانی ئیسرائیل بووەوە.

هاوکات، بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند: “بە فەرمی دووپاتی دەکەینەوە کە نە پێش هێرشەکانی ئیسرائیل و نە لە کاتی هێرشکردنە سەر ئەو بنکە سەربازییەی سووریا، هیچ شاندێک یان هێزێکی سەربازیی تورکیا لە فڕۆکەخانەی ئەبو زوهوور ئامادەیی نەبووە.”

ئەو بەرپرسە ئەوەشی خستە ڕوو کە ئەنقەرە لەسەر هەڵوێستەکانی خۆی بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی هەوڵەکانی سووریا، بە مەبەستی بەرەوپێشبردن و پەرەپێدانی تواناکان و ژێرخانی سەربازیی ئەو وڵاتە.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close