نوسەران

لێرەوە بزانە : تۆ مرۆڤێکی سادەیت یان مرۆڤێکی نمونەییت ؟

لێرەوە بزانە : تۆ مرۆڤێکی سادەیت یان مرۆڤێکی نمونەییت ؟

پ . د. سەعید عەلی محەمەد ✍️باسک نێت

مرۆڤی سادە هەمیشەو بەردەوام خەیاڵی لای خەمەکانی ژیانی ڕۆژانەوەیە ، لای مرۆڤی سادە هیچ جیاوازییەک نیە لە نێوان ڕۆژێک و ڕۆژێکی تردا ، ساڵێک و ساڵێکی تردا ، بەڵام مرۆڤی نمونەیی بڕوای وایە دەتوانێت بۆ هەرچرکەساتێک تێپەڕ دەکات بەسەریدا دووبارە ڕەنگ و نەقشێکی تر بنوێنێ ، ئەویش لەڕێی وەبەرهێنان لە نزیک بوونەوە لەو ئاوات و ئامانجانەی بۆخۆی دیاری کردووە…

مرۆڤی نمونەیی وانابینێ ڕۆژەکان یەک بەدوای یەکهاتنی کات و ساتە لێکچووەکانەو هیچی تر ، بەڵکو پێی وایە ئەو ڕۆژانە کۆمەڵە لاپەڕەیەکی نوێی سپین و دەتوانێت — لە چوارچێوەی ویستی پەروەردگاردا — ئەوە لەسەریان بنوسێت کە خۆی ئارەزووی دەکات ، هەموو ڕۆژێک بە نیسبەت ئەوەوە ماددەیەکی خامی نوێیە کە دەکرێ بەرهەمی لێ بهێنرێ و سەنگ و قورساییەکی گەورەترو باڵاتر بەئەو ببەخشێت..

بۆ مرۆڤی نمونەیی هەموو ڕۆژێک هەلێکی نوێیە ، هەروەک چۆن بەرپرسیارێتییە ، چونکە بڕوای وایە زەمەن و کاتیش مافی بەسەر ئەوەوە هەیە دەبێت ئەو مافانە جێبەجێ بکات ، جێبەجێکردنی ئەو مافانەش یەک ڕێگەی هەیە کە ئەویش ئەوەیە : وەرگرتنی ئەوپەڕی سوودو قازانجە لەو کات و زەمەنە .

لای کەسی نمونەیی ژیان هەرگیز بە درێژیەکەی یان بە کورتیەکەی ناپێورێ ، بەڵکو بەوە دەپێورێت تاچ ڕادەیەک دەستکەوتی تێیدا بەدەست هێناوە ، هەروەها چەندە خەیرو خۆشی و سوودو کەڵک و ئاسوودەیی بەخەڵک بەخشیوە . لەم ڕوەوە پێشەوا نەوەوی ( ٦٧٦ ک ) چوانترین و ڕوونترین نمونەمان پێشکەش دەکات بۆ ئەم حاڵەتە ، کاتێک دەبینین ئەو ماوەی ٤٥ ساڵ ژیانی کرد ، بەڵام لەماوەی ئەو ٤٥ ساڵەدا چەندان کتێبی نایاب و بەنرخ و کەم وێنەی نوسی کە ژمارەی لاپەڕەکانیان هەژدە هەزار لاپەڕی تێپەڕاند ، کەئەمەش زۆر دەگمەن و سەرنج ڕاکێشە !
لەڕاستیدا فەلسەفەی ( هەموو ڕۆژێک هەلێکی نوێیە ) ، دەکرێ بەوە کورت بکرێتەوە کە ئەمە ڕاگەیاندنێکی ناخی مرۆڤە بە دەرچوون و سەرکەشی کردن لە تەمبەڵی و بێتوانایی ، گوێ نەدان و کەمتەرخەمی ، خەمساردیی و ساردوسڕی ..

بەم شێوە هەموو ڕۆژێکی نوێ بۆ مرۆڤی سەرکەوتوو و نمونەیی هەلێکە بۆ داهێنان ، بۆ بەرهەم هێنان ، بۆ وەبەرهێنان ، هەلێکە بۆ کۆکردنەوەو کەڵەکەکردنی خەیرو چاکە ، بۆ زیاتر گەشەکردن و جوانی و خودڕازاوەیی .

مرۆڤی سادە سەرەتای هەموو ڕۆژێک ئەو پرسیارە دەکات : جۆری ئەو خواردنە کامەیە ئەو ڕۆژە دەیخوات و ئامادەی دەکات ، ئەو شوێنە کامەیە شەوی تێدا بەسەردەبات …

بەڵام مرۆڤی نمونەیی بیر لەو ڕێگە نمونەییە دەکاتەوە کە چۆن تێیدا سوود لە کاتەکانی وەرگرێت ، لەوپەڕی ئامادەیی دایە بۆ کێبەرکێ کردنی ئەوانی تر لە بەدەستهێنانی بەرزترینی نمرەکان و باڵاترینی ئاستەکان .

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close