نوسەران

لە پێشوازی ساڵی نوێی کۆچیدا: وانەی تەمەن و جیاوازییەکانی ڕۆژژمێر

لە پێشوازی ساڵی نوێی کۆچیدا: وانەی تەمەن و جیاوازییەکانی ڕۆژژمێر

شەپۆل احمد✍️باسک نێت

چەند ڕۆژێکی تر لە ساڵی تازەی کۆچی نزیک دەبینەوە ، تەمەن چۆن وەک ئاوی ڕەوان بە بێ وەستان دەڕوات و ڕۆژگارەکان بەسەر دەچن بۆیە گەڕانەوەی ساڵی نوێی کۆچی بیرخستنەوەیەکی قووڵە بۆ کۆچ و سەفەری ڕاستەقینەی مرۆڤ بەرەو لای پەروەردگار و دەبێ لەم دەرفەتەدا دڵەکانمان لە کینە و پاک بکەینەوە و بەرگی نوێی تەقوا و چاکەخوازی بەبەر گیانماندا بکەینەوە تا لەم تاقیکردنەوە کاتییەی دونیادا سەرکەوتوو بین و حیکمەتی سەرەکی ئەم یادە پیرۆزەش لەوەدایە کە کۆڵنەدان و سەبوری پێغەمبەرمان فێر دەکات کە چۆن لە پێناو گەیاندنی ڕاستی و ڕووناکیدا هەموو ناخۆشی و غەریبییەکی چەشت تا ئاینی پیرۆزی ئیسلام بگەشێتەوە و ببێتە چرای ڕێگای مرۆڤایەتی بۆیە پێویستە ئێمەش لەم سەرەتای ساڵەدا عەزم و ئیرادەی خۆمان نوێ بکەینەوە بۆ کاری چاک و تەبایی و لێبوردەیی لە نێوان خۆماندا بەو ئومێدەی ئەم ساڵە ببێتە مایەی خێر و بەرەکەت و ئاشتی بۆ هەموو لایەک و کۆتایی بە گشت خەم و مەینەتییەک بێنێت.

ساڵی کۆچی (Lunar Calendar):
تەواو پشت بە سوڕانەوەی مانگ بە دەوری زەویدا دەبەستێت. مانگی کۆچی (مانگی چاودێری کراو) لەگەڵ دەرکەوتنی هیلالی نوێ دەست پێدەکات و ٢٩ یان ٣٠ ڕۆژە.

ساڵی زایینی (Solar Calendar):
پشت بە سوڕانەوەی زەوی بە دەوری خۆردا دەبەستێت. درێژیی مانگەکان جێگیرترن (٣٠ یان ٣١ ڕۆژ، جگە لە شوبات).

ساڵی کۆچی:
پێکهاتووە لە ٣٥٤ یان ٣٥٥ ڕۆژ.

ساڵی زایینی:
پێکهاتووە لە ٣٦٥ ڕۆژ (و ٣٦٦ ڕۆژ لە ساڵی پڕدا).

لەبەر ئەوەی ساڵی کۆچی نزیکەی ١١ ڕۆژ کورتترە لە ساڵی زایینی. بەهۆی ئەم جیاوازییەوە، بۆنە ئیسلامییەکان (وەک ڕەمەزان و جەژنەکان) ساڵانە ١١ ڕۆژ بەرەو پێشەوە دەچن و لە نێوان وەرزەکاندا دەسوڕێنەوە.

ساڵی کۆچی مێژووەکەی دەست پێدەکات لە ساڵی کۆچی پێغەمبەر (د.خ) لە مەککەوە بۆ مەدینە (لە ساڵی ٦٢٢ی زایینی)، کە لە سەردەمی خەلیفە عومەری کوڕی خەتابدا کرا بە فەرمی.

ساڵی زایینی: مێژووەکەی بەستراوەتەوە بە لەدایکبوونی حەزرەتی عیسا دەستپێکی ڕۆژ

ساڵی کۆچی: ڕۆژ لە ڕووی شەرعی و فەلەکییەوە لە ساتەوەختی ئاوابوونی خۆرەوە دەست پێدەکات (بۆیە شەوی ڕەمەزان یان شەوی جەژن پێش ڕۆژەکەی دەکەوێت).
ساڵی زایینی: ڕۆژی نوێ لە ڕووی کاتژمێرەوە لە کۆتایی شەو (سەعات ١٢ی شەو) دەست پێدەکات.

دەکرێت بڵێین ساڵی زایینی زیاتر هاوتەریبە لەگەڵ وەرزەکانی سروشت و کشتوکاڵ چونکە بەستراوەتەوە بە خۆرەو، لە کاتێکدا ساڵی کۆچی ڕووبەرێکی ڕۆحی و مێژوویی قووڵ بە ژیانی مرۆڤ دەبەخشێت و وەک کاتژمێرێکی ئاسمانیی جوڵاو وایە کە مرۆڤ بە بەردەوامی لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی گەردووندا دەبەستێتەوە.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close