
دکتۆرا و هەوەسی پیتی ( د )
پ . د. . سەعید عەلی محەمەد✍️باسک نێت
لەم دواییانەدا کەسایەتییەکی ناوداری ئافرەت بڕوانامەی دکتۆرای بەدەست هێنا ، وێنەو دیمەنەکانی مەراسیمەکە هێشتا بڵاو نەبووبوونەوە کەچی خێرا پێش بڵاو بوونەوەی هەواڵەکە مشت و مڕو مقۆمقۆی ئەوە دەستی پێ کرد کە : ئایا زانکۆکە باوەڕ پێکراوە ؟ پلەو پێگەی ئەکادیمیی چۆنە ؟ ئایا ئەم خانمە ئێستا مافی ئەوەی هەیە نازناوی ( دکتۆرە ) بەکار بهێنێت ؟ لەچەند کاژێرێکدا زۆرێک لە پلاتفۆرم و سەکۆ جیاوازەکان بوونە مەیدانی قسەوباس لەسەر زانکۆکەو شوێنەکەی و پۆڵێنەکانی و ، سەرجەم کۆمێنتەکانیش جۆرێک لە گومان و گاڵتەپێکردنیان پێوە دیاربوو ، وەک ئەوەی پرسەکە چیتر پەیوەست نەبێ بە دەستکەوتێکی کەسیەوە بە ئەندازەی ئەوەی دادگاییەکی ئاشکرا بێت بۆ مافی کەسێک کە ئایا دەکرێت پیتی ( د ) بخرێتە پێش ناوەکەی .
ئەم حاڵەتە نامۆ نیە ، بەڵکو ڕەنگدانەوەی دیاردەیەکی فراوانە کەزۆر دووبارە دەبێتەوە لە وڵاتی ئێمەو وڵاتانی دەوروبەریشدا : هەستیارییەکی بێ ئەندازە لەئاست نازناوی ( دکتۆر ) ..بێ گومان دکتورا لە بنەرەتدا پلەیەکی لێکۆڵینەوەی ئەکادیمیی تایبەتە بۆ ئاراستەیەکی زانستیی دیاریکراو ، بەڵام لە هەندێک لە ژینگە کۆمەڵایەتیەکاندا بۆتە هێمایەک بۆ ناوبانگ و پێگەو پایەو ئاستی بەرزی کۆمەڵایەتیی !
هەندێک جار بڕوانامە وەک ئەوە تەماشا ناکرێ کە کاروانێکی دوورو درێژی سەختی توێژینەوەیە ، بەڵکو وەک پێگەیەکی بەرزی کۆمەڵایەتی بۆ خاوەنەکەی لێک دەدرێتەوە . هەر ئەم تێڕوانینەیە وا دەکات هەواڵی بەدەستهێنانی بڕوانامەی دکتۆرا لە لایەن کەسێکی بەناوبانگەوە ببێتە مایەی قسەو باس و مشتومڕێکی گەورەی سۆشیال میدیا .. پرسیار ئەوەیە : بۆ هەندێک کەس لەگەڵ نازناودا وەک ئەوە مامەڵە دەکەن گەواهینامەو پێناسەی قیمەت و نرخ و سەنگی مرۆڤێک بێت؟ ! لە هەندێک ژینگەی پیشەیی و میدیاییدا بوونی پیتی ( د ) لە پێش ناوی کەسەکەوە بەسە بۆ ئەوەی خاوەنەکەی زۆرترین سام و هەیبەتی دەستکەوێت ، بێ گوێدانە ئەوەی ئایا شارەزایی ڕاستەقینەی هەیە یان نا ، ئایا هیج تواناو زیرەکی و داهێنان و دەستکەوتێکی دیاری هەیە یان نا !
بێ گومان لە جیهانە ئابوورییە گەورەکاندا سەنگ و قورسایی پیشەیی بەم تێڕوانین و جۆرە میتۆدە ناپێورێت ، سەرنج بدەن وەبەرهێنەرێکی ئەمریکی بەناوبانگی وەک ( وارین بافیت ) کە سەرمایەدارێکی هەرە دیارەکانی جیهانە یەک ڕۆژیش هەڵگری دکتۆرا نەبووە ، تەنها بەکالۆریۆس و ماستەری هەبووە ، ( ئیلۆن ماسک ) کە ئێستا خاوەندارێتی هەردوو کۆمپانیای ( Tesla ) و ( SpaceX ) دەکات تەنها دوو ڕۆژ دکتۆرای خوێند ، خێرا خۆی بە پرۆژە بازرگانیەکانیەوە سەرقاڵ کرد ، ( جیف بیزۆس ) ی دامەزرێنەری ئەمازۆن تەنها بڕوانامەی بەکالۆریۆسی هەیە ، ( تیم کۆک ) ی سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای ئەپڵ هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆس و ماستەرە لە کارگێڕیی دا ، سەرجەم ئەمانە ئێستا سەرکرایەتی کۆمەڵە کۆمپانیایەک دەکەن کە هەموو جیهان دەیانناسێت بێ ئەوەی چاوەڕێی هیچ نازناوێکی ئەکادیمیی بکەن دانپێنانیان پێ ببەخشێت .
تەنانەت لە هەندێک وڵاتی جیهانی ئیسلامیدا ڕۆژانە چەندین کەسایەتی جیاوازی سەرمایەدارو داهێنەرو کاریکەر دەبینین کە تەنها لەڕێی بیرۆکەکانیان و پرۆژەکانیانەوە پێگەو ناوبانگ و سەرنجیان بۆ خۆیان ڕاکێشاوە ، نەک لە ڕێی نازناوە ئەکادیمیەکانەوە .. ئەوەی جێی سەرسوڕمانە ئەوەیە هەندێک کەس نازناو وەک بەشێکی جیانەکراوەی پێناسەی کەسیی تایبەتی خۆیان دەزانن ، توڕەو بێزار دەبن ئەگەر تەنها بەناوی خۆیانەوە قسەیان لەگەڵ بکرێت و سوورن لەسەر ئەوەی دەبێت لە هەموو بۆنەیەکدا نازناوی ( دکتۆر ) لە پێش ناوەکەیانەوە دابنرێت ، ئەگەر چی لەدەرەوەی بوارو مەیدانە ئەکادیمی و پیشەییەکەی خۆشیانەوە بێت ! ئەم هەستیارییە ئەوە دەردەخات کە نازناوەکان چۆن لە پێناسەیەکی پیشەییەوە بونەتە ( سەنگێکی کۆمەڵایەتی ) ، وەک ئەوەی چیتر ناوی بێ نازناو کەڵکی نەبێت ئەگەر لە پێشیەوە پلەیەک دانەنرێت و قورسایی زیاتری پئ نەبەخشێت .
ئەڵبەتە کەس لە نرخ و سەنگی دکتۆرای ڕاستەقینە کەم ناکاتەوە ، چونکە کۆشش و ماندووبوونێکی زانستیی نایاب و ناوازەیەو زەرورە لە زانکۆ و ناوەندەکانی توێژینەوەی زانستیی و پزیشکیی و زانستە پراکتیکی و بوارو پسپورییە وردو دەگمەنەکاندا هەبێت و ، کۆمەڵگاکانیش هەمیشە پێویستیان بەزاناکان و توێژەرەکان هەیە ، ئەوانەی ساڵانێکی زۆر لە تەمەنیان بۆ بەرهەمی زانستی و مەعریفی نوێ تەرخان دەکەن . بەڵام گرفتەکە لەوێوە دەست پێ دەکات دکتۆرا لە پلەیەکی مەعریفیەوە ببێتە پرۆژەیەک بۆ پێگەی کۆمەڵایەتی ..دەردی ئێمە ئەوەیە نازناو زۆر زیاتر لە قەبارەی سروشتی خۆی گەورەی دەکەین .
پرسیارە جەوهەریەکە ئەوە نیە ( کێ شایەنی ئەوەیە
پیتی د پێش ناوەکەی بکەوێ ) ؟ ، بەڵکو بۆ ئێمە تا ئێستاش بڕوامان وایە کە تاکە پیتێک دەتوانێت نرخ و سەنگ بداتە کەسێک زیاد لە تواناو بەهرەو کارەکانی خۆی !




