نوسەران

لە پەراوێزی بارودۆخی ناوچەکەدا .. بەڵتەجی چۆن بیر دەکاتەوە

لە پەراوێزی بارودۆخی ناوچەکەدا .. بەڵتەجی چۆن بیر دەکاتەوە ؟

پ . د. سەعید عەلی محەمەد ‌✍️باسک نێت

بەڵتەجی لە پێکهاتەو حەقیقەتی خۆیدا تەنها مرۆڤێک نیە توندو تیژی بەکاردەهێنێ ، بەڵکو ئەو کەسەیە کە تێڕوانینێکی تایبەتی هەیە بۆ جیهان ، ئەو پێی وایە کۆمەڵگە هەرەمێکە کەس ناتوانێ پێیدا سەرکەوێ تەنها بەهێزەکان نەبێ .

بەهێز ئەرکی ئەوەیە دەکوژێ و لە ناو دەبات ، لاوازیش جگە لە سەرشۆڕی و ملکەچی هیچی تری بۆ نیە ، بۆیە بەڵتەجی بەم پرسیارەوە سەرقاڵ نابێ : ئایا ئەوەی ئەنجامی دەدەم ڕاست و ڕەواو و ڕێگە پێدراوە؟ بەڵکو هەمیشە ئەم پرسیارە دەکات : ئایا دەتوانم ئەنجامی بدەم بێ ئەوەی کەس بتوانێت لێپرسینەوەم لەگەڵدا بکات ؟ واتە پێوەر لای ئەو شەرعییەت و ڕەوایی نیە بەڵکو هێزو تواناو دەسەڵاتە .

مرۆڤی بەڵتەجی هەمیشە لە قوڵایی دەروونیدا لەوە دەترسێت ئەوەی هەیەتی لە دەستی بدات یان لێی بسەنرێتەوە ، بۆیە بەردەوام زیادەڕەوی دەکات لە نمایشکردنی هێزو دەسەڵات و دڕندەیی خۆیدا… بێ گومان دڕندەیی لای مرۆڤی بەڵتەجی ئازایەتی نیە ، بەڵکو قەڵغانێکە لەرزۆکیی ناوەوەی خۆی لە پەنایدا دەشارێتەوە ، بەڵتەجی لەناخی خۆیدا دەزانێت پێگەکەی ئەو لە نێو خەڵک و کۆمەڵگەدا لەسەر ڕێزو خۆشەویستی ئەوان نەوەستاوە ، بەڵکو لەسەر ترس و لەرزیان وەستاوە بەرانبەر بە ئەو … بۆیە هەمیشە ئەو پێویستی بەوە هەیە نماییشی هێزو دەسەڵاتی خۆی بکات ، چونکە دڵنیایە ئەگەر دەسەڵاتەکەی تاکە چرکەساتێک لە ترساندن و تۆقاندن بوەستێت ئەوا لاوازو کرمۆڵ دەبێت و کۆتایی دێت .

هەروەک مەعلومە عەقڵی بەڵتەجی پانتایی و ئاسۆیەکی تەسکی هەیە ، ناتوانێ تێبگات کە شەرعییەت بەرهەم و کاری کەڵەکەبووی قۆناغ بە قۆناغی ماوەیەکی دوورو درێژه ، هەروەها لە هێزی بێ دەنگ و شاراوەی دەزگاو دامەزراوەکانیش حاڵی نابێت.. هەربۆیە دەبینی چۆن مرۆڤەکان دەکوژێت ، شارو کوچەو کۆڵان تێک دەدات ، بەهەمان شێوە دەوڵەتانیش خاپورو وێران دەکات : لەبری یاساو دادوەریی ترس و لەرزو سامناکیی دەچەسپێنێت ، ڕژێم و سیستەمەکە بە کەسێک دەگۆڕێتەوە .. کەواتە ترسناکترین شتێک لە بەڵتەجیدا هەبێت خودی دڕندەیی و توندوتیژی نیە ، بەڵکو ئەو عەقڵییەت و بیرکردنەوەیەیە کە ئەو هەڵدەسوڕێنێ : بیرکردنەوەیەک کە دەڵێ حەق و ڕاستی تەنها هێز بەرهەمی دەهێنێت ، لەکاتێکدا مێژوو هەمیشە ئەوەی سەلماندووە کە هەر هێزو دەسەڵاتێک ئەگەر بە حەق و ڕاستی پشت ئەستوور نەبێ ئەوا لە کۆتاییدا پێش ئەوەی ببێتە بارو بەڵا بەسەر ئەوانی ترەوە دەبێتە بەڵاو بار بەسەر خاوەنەکەیەوە..

لێرەدا گرفتە گەورەکە ، بەڵا سەختەکە ، کارەساتە کوشندەکە ئەوەیە : بەڵتەجیەک سەرۆکایەتی و فەرمانڕەوایەتی دەوڵەتێک و زلهێزێکی گەورەی جیهانی بکات و ، حکومەتەکەشی ببێتە ( تاقم و دەستەیەکی بەڵتەجی ) و لە جیهاندا بە شێوەیەک هەڵس و کەوت کەن هاوشێوەی هەڵس وکەوتی فیلێک بچێتە نێو کۆگایەکی بازرگانی کەل و پەل و قاپ و قاچاخی شوشەوە.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

هەروەها

Close
Close