
بۆچی حەماس بە ( پلانەکەی ترەمپ ) ڕازی بوو ؟
پ . د . سەعید عەلی محەمەد✍️باسک نێت
مەیدان و گۆڕەپانی گفتوگۆ لە ڕووی ستراتیژیەوە هیچی کەمتر نیە لە کاریگەریی و گرنگی مەیدان و گۆڕەپانی جەنگ و ڕووبەڕوو بوونەوەو بەرەنگاریی ، هەریەک لەم دوو مەیدانەش پیاوی ئازاو کەسی شیاوو لێهاتووی خۆی دەوێ ، هەریەک لەم دوو مەیدان و گۆڕەپانە بنەماو ڕێساو شارەزایی و لێزانین و زیرەکی و حیکمەت و عەقڵ و جورئەت و بوێریی دەوێ ، مەیدانی شەڕ و مەیدانی ئاشتی و گفتوگۆ لەهەموو یاساو کتێبە ئاسمانی و زەمینیەکاندا ئاماژەیان بۆ کراوەو بایەخ و گرنگی تایبەتیان پێ دراوە !
پێشبینی دەکرێ گفتوگۆکانی ئەمجارەی نێوان بزووتنەوەی حەماس و لایەنی بەرانبەر ( ئیسرائیل و ئەمریکا ) مەترسیدارترین و سەخترین و هەستیارترین گەڕی گفتوگۆکانیان بێ بە بەراورد لەگەڵ گفتوگۆکانی ڕابردوو .!
ئەوەی هەستی پێ دەکرێ سەرکردایەتی حەماس زۆر زیرەکانەو بەوردی و هەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ بارودۆخ و پێشهات و گۆڕانکاریەکاندا دەکات ، بۆیە دەیەوێ لەچوارچێوەی ئەوەی پێی دەکرێ و لەتوانایدا هەیەو بارودۆخەکە ڕێگە دەدات بەکەمترین زیان و بێ تەسلیم بوون بە ویست و ئیرادەی لایەنی بەرانبەر پلانەکەی ترەمپیش قەبوڵ بکات یان تاقی بکاتەوە !
لەواقیعدا حەماس هەڵوێستی نە ( ڕەتکردنەوەی تەواو ) نە ( پەسەندکردنی تەواو ) ی گرتوەتەبەر بەرانبەر نەخشە پێشنیارکراوەکەی ترەمپ ، دەگونجێ ئامانجی ئەوەبێ دەرگایەکی تر بکاتەوەو دەرچەیەکی نوێ بداتە دانوستانەکان لە پێناو ئارام کردنەوەی لایەنەکان و وەرگرتنی وچانێک و سوود وەرگرتنی زیاتر لەکات کەئەمەش بەهەنگاوە زیرەکانەو عەقڵانیەکە لەقەڵەم دەدرێ ..
نەرمی نواندنی حەماس بەرانبەر پلانەکەی ترەمپ پێدەچێت لەبەر ئەم هۆکارانەی خوارەوە بێت :
یەکەم / دامرکاندنەوەی دەروون و تەغزیەکردنی کەسایەتی فرەڕەنگیی و نێرگیسیانەی ترەمپ ، واتە حەماس خوێندنەوەی وردی بۆ باری دەروونی و پێکهاتەی کەسایەتی سەرۆکی ئەمریکا هەیەو ، دەزانێ کە ترەمپ تینووی ئەو ئارەزووەیە ئاماژەی ئەوە بەهەموو لایەک بدات توانیویەتی جەنگێکی تری ناوچەکەو جیهان کۆتایی پێ بێنێ ، کەهەر ئەمەش لە بۆچوونی ئەودا ( واتە ترەمپ ) ڕێخۆشکەر دەبێت بۆ بەدەست هێنانی (خەڵاتی جیهانی نۆبڵ بۆ ئاشتی ) ، لەڕاستیدا ئەم هەنگاوەش هەمان ئەو تەکتیکە بوو کە پۆتن ی سەرۆکی ڕوسیا لەگەڵیدا بەکاری هێنا لەدۆسیەی شەڕی ئۆکرانیا .
دووەم / حەماس دەیەوێ بەنەرمی نواندن بەرانبەر پلانەکە خۆی لە ڕووبەڕوو بوونەوەو گورزی سەربازی تۆڵە سێنەری ئەمریکا بپارێزێ ، بەتایبەت لە کاتێکدا کە هەریەک لە میسرو قەتەرو تورکیا پشتیوانی خۆیان بۆ ئەو پلانە ڕاگەیاندووە .
سێهەم / حەماس نایەوێت پشتیوانی وڵاتانی تورکیاو میسرو قەتەر لەدەست بدات چ وەک نێوەندگیری دانوستانەکان ، چ وەک سێ پەناگەی گرنگ بۆ حەماس هەرکات ئەو بزوۆتنەوەیە بیەوێ پاشەکشە بدات و بڕیاری سەرلەنوێ خۆڕێکخستنەوەو خۆئامادەکردن بدات بۆ گەڕێکی نوێی بەرەنگاربوونەوەو بەرگریی کردن لەداهاتوودا .
چوارەم / کاتێک دەسەڵات و لایەنی فەلەستینی هەموو ئەو پرۆژەو یارمەتیە داراییانە لە ئەستۆ دەگرێت کە بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە تەرخان دەکرێن — وەک لەوردەکاریی نەخشەکەی ترەمپدا هاتووە — ، ئەوا ڕێخۆشکەر دەبێت بۆ ئەوەی حەماس بتوانێ پارێزگاریی لەو بنکە جەماوەریی و پشتیوااییە میللی و مەعنەویە بکات کە لەنێو غەززەو ناوچەکانی تردا بەدەستی هێناوە ، ئەو پشتیوانی و بنکە جەماوەریەی کە هیچ نەبێ لە داهاتوودا دەتوانێ گەڕانەوەی حەماس ئاسان و دەستەبەر بکات ..
شارەزایانی سیاسی و ستراتیژیی بڕوایان وایە هەر بڕیارێک حەماس لە قوڵایی غەززەوە بیدات بەسەرکەوتن بۆ بزووتنەوەکە لە قەڵەم دەدرێ ، ئەگەر بڕیاری بەرگریی و ڕووبەڕووبونەوە بێت ، خۆ ئەگەر بڕیاری پاشەکشەو ئەنجامدانی گفتوگۆش بدات ئەوا هەر تەکتیکێک دەبێت کە حەماس زۆر زیرەکانە دەتوانێت بۆ خۆ ڕێکخستنەوەو خۆئامادەکردن بۆ گەڕێکی نوێی جەنگ و ئازادکردنەوەی ناوچە داگیرکراوەکان بیقۆزێتەوە.
مێژووی نوێ و سروشتی جەنگەکان لەڕابردووشدا ئەوەی سەلماندووە کە ( ئارام گرتن و نەفەس درێژیی ) هەمیشە یەکێک بووە لە خاڵە هەرە بەهێزەکانی بەرەی ئیسلامی چەکداریی لە ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ دوژمنەکانیدا … سەرنج بدەن شاری کابول ی پایتەختی ئەفغانستان کەوتە ژێر دەستی ئەمریکیەکان و چەکدارانی تاڵیبان دەرکران لە شارەکەدا ، بەڵام دوای بیست ساڵ خۆڕاگریی و ڕووبەڕووبوونەوە گەڕانەوە شارەکە کۆنترۆڵیان کردەوە !
لە سوریا دانیشتوانی شاری غۆطە بە ئۆتۆمبێلی تایبەت گوازرانەوە بۆ باکوری وڵات ، بەڵام دواتر هەموو خەڵکی ئەو شارەو ناوچەکانی باکوور پێکەوە دوای نۆساڵ ڕژێمەکەیان ڕووخاند .
چەکدارە ئیسلامیەکان لە شارەکانی ( کیدال ) و ( تۆمبۆکتۆ ) لەلایەن سوپای فەرەنساوە دەرکران ، بەڵام دوای تێپەربوونی سیانزە ساڵ جەنگ و بەرگریی شارەکانیان ئازادکردەوە..




