نوسەران

چۆن لە دۆخی سوریا تێبگەین گۆڕانکاری لە ئەرکە وەزیفییەکان و ڕوانگەی ئامرازییانەی هێزە گەورەکان

چۆن لە دۆخی سوریا تێبگەین
گۆڕانکاری لە ئەرکە وەزیفییەکان و ڕوانگەی ئامرازییانەی هێزە گەورەکان

د.ئارام ئەحمەد ✍️باسک نێت

لە فەلسەفەی پراگماتیزمی سیاسیی هێزە هەژموونخوازەکاندا، قەوارە و هاوپەیمانییە خۆجێییەکان تەنیا وەک “کاراکتەری کاتی” لە شانۆگەرییە جیۆپۆلیتیکییەکاندا دەبینرێن. کاتێک ئامانجی وەزیفیی ئەو هێزانە لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە باڵاکاندا بەدی دێت، شەرعییەتی “بوونیان” لە دیدی بڕیار داڕێژەرە نێودەوڵەتییەکانەوە دەگۆڕێت بۆ جۆرێک لە “بارگرانیی سیاسی”. واشنتۆن لێرەدا وەک ئەندازیارێکی ورد مامەڵە دەکات؛ ئەوان پێیان وایە هەر دەستپێکردنێکی سیاسی کە لەسەر بنەمای پێویستییەکی سەربازیی کاتی بنیاد نرابێت، دەبێت لەگەڵ نەهێشتنی ئەو پێویستییەدا، کۆتایی بە تەمەنی ستراتیژییەکەشی بهێنرێت. ئەم تێڕوانینە ئامرازگەرایە، مرۆڤ و جوڵانەوەکان تەنیا وەک کارتێکی فشار دەبینێت کە کاتی بەکارهێنانیان بەپێی گۆڕانی هاوسەنگییەکانی هێز لە ناوچەکەدا دیاری دەکرێت، نەک وەک هاوبەشێکی مێژوویی یان ئەخلاقی.

بەڵام کێشە جەوهەرییەکەی ئەندازیاریی سیاسی لەوەدایە کە “واقیعی کۆمەڵایەتی و سیاسی” وەک ماددەیەکی بێگیان نییە لە تاقیگەدا کۆنترۆڵ بکرێت. ئەو هێزانەی لە ناو جەرگەی قەیرانەکاندا لەدایک دەبن، دوای تێپەڕبوونی کات دەبنە خاوەن شوناس، مێژوو و ئیرادەیەکی سەربەخۆ کە بە ئاسانی لەو قاڵبەدا نامێننەوە کە بۆیان تاشراوە. ئەگەرچی هێزە جیهانییەکان وا وێنا دەکەن کە کلیلی دەستپێکردن و کۆتاییپێهێنانی هەموو پڕۆسەکان لە لای ئەوانە، بەڵام زۆرجار داینەمۆ ناوخۆییەکان و ئاڵۆزییەکانی سەر زەوی، ئەو “کۆتاییە نەخشەکێشراوە” ڕەتدەکەنەوە. لێرەدا کێشمەکێشێکی قووڵ دروست دەبێت؛ لە نێوان “ویستی هێزێکی گەورە” بۆ داخستنی دۆسیەکان و “ویستی مانەوەی” هێزێک کە ئێستا چیتر تەنیا ئامراز نییە، بەڵکو بەشێکە لە هاوکێشەی خاک و شوناس، کە ڕەنگە کۆتاییەکەی بەو شێوەیە نەبێت کە لە ژوورە تاریکەکانی دیپلۆماسیدا پلانی بۆ دانراوە.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close