جیهانهەواڵ

ئەحمەد شەرع رێککەوتنی نوێ لەگەڵ هەسەدە رادەگەیەنێت

بەپەلە.. ئەحمەد شەرع رێککەوتنی نوێ لەگەڵ هەسەدە رادەگەیەنێت

باسک نێت

سەرۆکایەتی کۆماری سوریا:

لێکتێگەیشتنی هاوبەش لە نێوان حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەسەر کۆمەڵێک بابەتی پەیوەندیدار بە ئایندەی پارێزگای حەسەکە ئەنجامدراوە.

ماوەی چوار ڕۆژ مۆڵەتی بە هێزەکانی هەسەدە دراوە بۆ ڕاوێژکاری سەبارەت بە پلانێکی ورد بۆ یەکخستنی کردەیی ئەو ناوچانە.

ئەگەر ڕێککەوتنێک بکرێت، هێزەکانی سووریا ناچنە ناو سەنتەری شارەکانی حەسەکە و قامیشلۆ بەڵکو لە پەراوێزی شارەکانیان دەمێننەوە. هێڵی کاتی و وردەکارییەکانی یەکخستنی ئاشتیانەی پارێزگای حەسەکە بە شاری قامیشلۆشەوە، دواتر باس دەکرێت.

ئەوەش پشتڕاستکراوەتەوە کە هێزە سەربازییەکانی سووریا ناچنە ناو گوندە کوردنشینەکانەوە، هەروەها هیچ هێزێکی چەکداریش لەو گوندانەدا ئامادە نابێت جگە لە هێزە ئەمنییە ناوخۆییەکان کە لە دانیشتوانی ناوچەکە پێکهاتوون، بەپێی ڕێککەوتنەکە.

بەڕێز مەزلوم عەبدی کاندیدێک لە هێزەکانی هەسەدە بۆ پۆستی بریکاری وەزیری بەرگری کاندید دەکات، جگە لە پێشنیارکردنی کاندیدێک بۆ پۆستی پارێزگاری حەسەکە، ناوەکان بۆ نوێنەرایەتیکردن لە ئەنجومەنی گەل، هەروەها لیستی کەسەکان بۆ دامەزراندن لە چوارچێوەی دامودەزگاکانی دەوڵەتی سووریا.

هەردوولا ڕێککەوتوون لەسەر یەکخستنی سەرجەم هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی هەسەدە لە وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ، لەگەڵ بەردەوامبوونی گفتوگۆکان لەسەر میکانیزمی وردی یەکگرتن. هەروەها دامەزراوە مەدەنییەکان دەخرێنە ناو هەیکەلی حکومەتی سووریاوە.

فەرمانی ژمارە 13، تایبەت بە مافە زمانەوانی و کولتووری و هاوڵاتیبوونی کورد، جێبەجێ دەکرێت، کە ڕەنگدانەوەی پابەندبوونێکی هاوبەشە بۆ بنیاتنانی سوریایەکی یەکگرتوو و بەهێز لەسەر بنەمای هاوبەشی نیشتمانی و زامنکردنی مافی هەموو پێکهاتەکانی.

جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنە کاتژمێر ٨:٠٠ی ئێوارەی ئەمڕۆ دەستپێدەکات.

 

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close