
ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ یەکشەممە جارێكی دیكه به فه‌رمی نایاسایی بوونی دانانی كامێراكانی هاتوچۆی راگه‌یاند و رێككاری یاسایی ده‌گرێته‌به‌ر.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 4ی ئه‌یلولی 2022، ئازاد محه‌مه‌د ئه‌مین، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی له بڵاوكراوه‌یه‌كدا رایگه‌یاندووه “ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی سووره له‌سه‌ر بڕیاره‌كانی خۆیی و رێككاری یاسایی و ئیداری دژی دانانی كامێراكانی هاتوچۆ (پۆینت تو پۆینت ) ده‌گرینه‌به‌ر”.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه “رێباز نه‌جات محه‌مه‌د ته‌نها فه‌رمانبه‌رێكی ئاساییه و قسه‌كانی هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به بڕیاره‌كانی ئه‌نجومه‌نه‌وه نییه و له‌سه‌ر لێدوانه‌كانیشی رێككاری یاسایی له به‌رانبه‌ر ده‌گرینه‌به‌ر”.
ئه‌مه‌ش له‌دوای ئه‌وه‌دێت، رێباز نه‌جات، جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمپانی جێبه‌كاری كامێراکانی هاتوچۆ كه ناو براو فه‌رمانبه‌ری ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانیه له لێدوانێكدا رایگه‌یندووه “سیستمه‌كه له به‌رژه‌وه‌ندی شۆفێراندایه و كۆمپانیاكه‌ی گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ وه‌زارتی گواستنه‌وه‌دا هه‌یه و ئه‌وان ده‌توانن هه‌ڵیبوه‌شێننه‌وه نه‌ك ئه‌نجومه‌نی پارێزگا”.