تەندروستی
بۆ یەکەمجار نەشتەرگەرییەکی دەگمەن لە کەرکوک ئەنجامدرا

لە حاڵەتێکی دەگمەندا لە کەرکوک، بۆ یەکەمجار نەشتەرگەرییەکی جیاکردنەوەی دوو منداڵی دووانە کە بەیەکەوە لکابوون ئەنجامدرا.
باسک نێت – کەرکوک
ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٣ـی تشرینی دووەمـی ٢٠٢٥، نەخۆشخانەی ژنان و منداڵانی کەرکوک بڵاویکردەوە، دووانەیەکی تەمەن چوار رۆژەی بەیەکەوەلکاو گەیەندراوەتە نەخۆشخانەکەیان و پاشان پشکینین بۆیان دەرکەوتووە یەکێک لە دوانەکان مردووە و ئەوەی تریشیان ژیانی لە مەترسیدایە بۆیە بە خێرایی بڕیاری نەشتەرگەری و جیاکردنەوەی دووانەکەیان داوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای گەیاندنی دوانەکە تیمێکی پزیشکی تایبەت دەستبەجێ دەستیان کردووە بە دابینکردنی فریاگوزاری سەرەتایی و ئامادەکردنی منداڵەکە بۆ نەشتەرگەری فریاگوزاری بۆ ئەوەی ژیانی رزگار بکەن، دوای دوو کاتژمێر لە نەشتەرگەری ورد و ئاڵۆز ژیانی یەکێک لە دوانەکەیان رزگار کردووە.
باسیان لەوەشکردووە، دووانەکە سکیان بەکەوە نوساوە و لە نەشەرگەرییەکەدا ئەندامە هاوبەشەکانی دوانەکە جیاکراونەتەوە و هەر یەک لە بڕبڕەی پشت و ماسولکە هاوبەشەکانیان بە سەرکەوتووی جیاکراوەتەوە.
دوای ئەوە کۆرپەکە براوەتە ژووری چاودێری چڕ و دواتریش بۆ بەشی نەشتەرگەری منداڵان و لە کۆتایشدا بە سەلامەتی رادەستی خێزانەکەی کراوەتەوە.




