بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیڕاپۆرتكاروانی شەهیدانكوردستان

سەعد مەلا عەبدوڵڵا: شەهیدانی بزووتنەوە هەمان پلەی شەهیدانی بەدر و ئوحودیان هەیە

تایبەت بە باسک نێت
ڕاپۆرتی محەممەد ئاراس

بزووتنەوەی ئیسلامی وەک هێزێکی چەکدار و کاریگەری نێو گۆڕەپانی کوردستان.

لە 1987/5/13 وەک یەکەم هێزی ئیسلامی ئیعلانی جیهادی دژ بەڕژێمی تۆتالیتاری بەعس کرد، لەو بەروارە بەدوا گۆڕانێکی نەوعی و کاریگەر لەبەرەنگاری دژی سوپا داپڵۆسێنەرەکەی بەعس ڕویدا، پێشمەرگەکانی بزووتنەوەی ئیسلامی بەشاهیدی دۆست و نەیارەکانی پیاوانی ئازاو دلێر و چاونەترس و چاوکراوەبوون، لەڕاپەڕین و ڕزگارکردنی کوردستاندا لەپێشی پێشەوە بون و لەڕاوەدونانی سەرباز و سوپای بەعسدا ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە، لەهەموو بەرەکانی شەڕدا لەپێش هەموو لایەنەکانەوە بوون، ئێستا بزووتنەوە خاوەن سەدان شەهیدی قارەمانە، بۆڕێزگرتن لەشەهیدەکانی ڕۆژی 12/27 بەڕۆژی شەهیدانی بزووتنەوە دیاریکردوە.

سەبارەت بە پێگەی شەهیدان لای بزووتنەوە، ڕۆڵ و کاریگەری بنەماڵەو نەوەی شەهیدان لای بزووتنەوە و بۆ ئەمساڵ 12/27 بزووتنەوە کار و چالاکی چ دەبێت و چۆن ڕێز لە شەهیدان دەگرێت و چەند پرسێکی دیکە.

بەڕێز م. سەعد مەلا عەبدوڵا
بەرپرسی مەکتەبی ڕاگەیاندنی بزووتنەوەی ئیسلامیمان دواند و لەدیدارێکی تایبەتی باسک نێتدا وتی:

باسک: پێگەی شەهیدانی بزووتنەوە لای ئێوە لە چ ئاستێكدایە.

  • لەبەرئەوەی شەهیدانی بزووتنەوە لەپێناو خاك و نەتەوە و ئیسلام خوێنی خۆیان بەخشیوە، پێمانوایە ان شااللە هەمان پلەی شەهیدانی بەدر و ئوحودیان هەیە لای پەروەردگار.
    باسک: تا چەند توانیوتانە دڵی بنەماڵەی شەهیدان بدەنەوە.
  • خۆمان بە قەرزداری بنەماڵەی شەهیدانی سەربەرز دەزانین، هەرچەندە هاوكارییەكی كەم دەكرێن لەلایەن حكومەتەوە، بەڵام ئەمە هیچ نییە بەراورد بە خوێنی سەربەرزی ئەو شەهیدانە، هاوكات وەك بزووتنەوەی ئیسلامی بەهۆی ئەو قەیرانە داراییە داسەپاوەی بەردەوام بوونی هەیە، نەتوانراوە بە جددی ئاوڕ لە بنەماڵەكانیان بدرێتەوە، هەرچەندە لە بەرنامەی بزووتنەوەدایە لەمەودوا خزمەتكاری زیاتری ئەو بنەماڵانە ببین پشتیوان بەخودا.
    باسک: بزووتنەوە چ ڕۆڵێكی داوە بە نەوە و ڕۆڵەكانی شەهیدان و ئایا لاتان لێ كردونەتەوە.
  • وەك باسم كرد، ئێستا خزمەتكاری بەشیكی زۆر كەمی نەوەی ئەو شەهیدانە دەكەین، بەڵام بەهۆی بڕینی بودجە و هاوكات لاوازی حزبی لە بواری دارایی نەتوانراوە ئاوڕیان لێبدەینەوە، بەڵام توانراوە بەشێوەی مەعنەوی خزمەتیان بكەین.

باسک:ڕۆژی شەهیدانی بزووتنەوە لای تۆ چی دەگەیەنێت.

  • ڕۆژی شەهیدان ڕۆژی دووپاتكردنەوەی وەفایە، ڕۆژی بەردەوامیدانە بە ڕێباز و ڕێگا و خوێنی شەهیدان، ڕۆژی دووپاتكردنەوە و توندگرتن و بەرنەدانی حەبلی خودایە.
    باسک:تا چەند لە دەزگای شەهیدان ڕازیت و ئەركەكانی چۆن هەڵدەسەنگێنیت.
  • دەزگای شەهیدانی بزووتنەوەی ئیسلامی یەكێكە لەو دەزگایانەی كە بزووتنەوەی ئیسلامی گرنگی تایبەتی پێداوە، بەڕێز ڕابەری گشتی و بەڕێزان لە سەركردایەتی بزووتنەوەی ئیسلامی تەئكید لە پشتگیری ئەو دەزگایە دەكەنەوە لە خزمەتكردنی زیاتری بنەماڵەی شەهیدان، ئێمە بەپێی بارودۆخی بزووتنەوەی ئیسلامی ڕازین لە دەزگاكە، بەڵام ڕازی نین لەخزمەتكردنی بنەماڵەی شەهیدان ئەویش لە سەرەوە ئاماژەم پێكرد کەهۆکاری داراییە.
    باسک: بزووتنەوە توانیویەتی مەعنەویەتی خوێنی شەهیدانی بكات بە هێز و ئیرادەی كار و ستراتیژی خۆی.
  • بزووتنەوەی ئیسلامی پاش ستراتیژ و بەرنامە ئاسمانییەكەی، شانازی بەخوێنی شەهیدانییەوە كردووەو دەیكات، خوێنی شەهیدان ستراتیژی بەردەوامی بزووتنەوەیە.

باسک: بۆ ئەمساڵ بە نیازی چین لە ڕۆژی شەهیدانی بزووتنەوەدا كە ١٢/٢٧ دەكات

  • ئەمساڵ لەسەر ڕاسپاردەی بەڕێز ڕابەری گشتی، وەك مەكتەبی ڕاگەیاندن بڕیارماندا هەفتەی شەهیدانی بزووتنەوەی ئیسلامی ڕابگەیەنین، هاوكات مەڵبەندە بەڕێزەكانی بزووتنەوەی ئیسلامی هاوكاریمان دەكەن بە ڕێكخستنی مەراسیمگەلێك لە ئاست شكۆی بنەماڵەی شەهیداندا بێت، جگە لەوەش بۆ ئەمساڵ مەكتەبی ڕاگەیاندن ڕێزی زێڕین دەبەخشێتە بنەماڵەی شەهیدان لە چەند سنورێكی هەرێم و پشتیوان بەخودا بڕیارە ڕێزی زێڕین بۆ هەموو ناوچەكانی دیكەش بەردەوام بێت.
لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close