نوسەران

دەستکاریی مێژوو بۆ داڕشتنی ڕواڵەت: هەڵوەشاندنەوەی گێڕانەوە چەواشەکارییەکانی دژ بە ئیبراهیم تراوڕی سەرۆکی بۆرکینافاسۆ

دەستکاریی مێژوو بۆ داڕشتنی ڕواڵەت: هەڵوەشاندنەوەی گێڕانەوە چەواشەکارییەکانی دژ بە ئیبراهیم تراوڕی سەرۆکی بۆرکینافاسۆ

د. ئارام ئەحمەد✍️باسک نێت

زەمینەی مێژوویی بورکینافاسۆ: لە ئیمپراتۆرییەتەکانی مۆسییەوە تا بونیادنانی ناسنامەی نەتەوەیی هاوچەرخ:

مێژووی خاکێک کە بەشەکانی ئەمڕۆی بورکینافاسۆی لەسەر بونیاد نراوە، پێشینەیەکی شارستانیی قووڵ و بونیادێکی کۆمەڵایەتیی فرەڕەهەند دەنوێنێت کە ڕەگی لە چەرخەکانی ناوەڕاستدا داکوتاوە. لە سەدەی دوازدەمەوە، ئەم ناوچەیە شاهیدی دامەزراندنی ئیمپراتۆرییەتە گەورەکانی “مۆسی” (Mossi Kingdoms) بوو، کە توانیان بونیادێکی سیاسیی بەهێز و سیستەمێکی سەربازیی ڕێکخراو دابمەزرێنن. ئەم ئیمپراتۆرییەتانە نەک تەنیا پارێزگارییان لە سەربەخۆیی فەرهەنگی و جوگرافیی خۆیان کرد لە بەرامبەر فراوانخوازیی ئیمپراتۆرییەتە دراوسێ حاکمەکانی وەک “مالی” و “سۆنگای”، بەڵکو توانیان باری هاوسەنگیی هێز لە ڕۆژئاوای ئەفریقادا بۆ چەندین سەدە ڕابگرن و ناسنامەیەکی کلتوریی سەربەخۆ بۆ دانیشتووانی ئەم هەرێمە بونیاد بنێن.

لەگەڵ هاتنی شەپۆلی کۆلۆنیالیزمی ئەوروپی لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەمدا، ئەم ناوچەیە تووشی وەرچەرخانێکی دراماتیکی بوویەوە؛ فەڕەنسا لەڕێگەی هێزی سەربازی و پەیماننامەی سەپێنراوەوە ناوچەکەی خستە ژێر چەتری دەسەڵاتی خۆی و لە ساڵی ۱۹۱۹دا کیانێکی ئیداریی نوێی بە ناوی ” ڤۆڵتای سەروو” داهێنا.

قۆناغی داگیرکاریی فەڕەنسی دابەشکارییە ئیتنی و ئاینییەکانی قووڵتر کردەوە، ئابووریی ناوچەکەی ئاراستەی خزمەتکردنی بەرژەوەندییە داگیرکارییەکانی کرد. بەڵام ئەم بارە سەپێنراوە نەبووە هۆی سڕینەوەی ئیرادەی ڕزگاریخوازی، تاوەکو لە ساڵی ۱۹٦۰دا وڵاتەکە گەیشتە سەربەخۆیی شکڵی، هەرچەندە تا ماوەیەکی زۆر لەژێر هەژموونی جیۆپۆلەتیکی و ئابووریی فەڕەنسادا (“فڕانک ئەفریقا”) مایەوە.

نەخشەی سیاسیی وڵاتەکە لە ساڵی ۱۹۸۳دا شاهیدی وەرچەرخانێکی مێژوویی و جەوهەری بوو، کاتێک ڕابەری شۆڕشگێڕ “تۆماس سانکارا” ڕێبەرایەتی دەسەڵاتی گرتە دەست. سانکارا ناوچەکەی لە “ڤۆڵتای سەروو”وە گۆڕی بۆ “بورکینافاسۆ” (کە لە زمانی ناوخۆییدا بە واتای “وڵاتی کەسانی سەربەرز و دەستپاک” دێت)، و پڕۆژەیەکی سەربەخۆیی خوازیی نەتەوەیی، دژە-کۆلۆنیالیزم، و پشت بەخۆبەستنی خستە ڕوو. هەرچەندە قۆناغی سانکارا بە ڕووداوی تیرۆرکردنی لە ساڵی ۱۹۸۷ کۆتایی هات و وڵات کەوتە ژێر حوکمرانیی درێژخایەنی “بلێز کۆمپاوەرێ”، بەڵام بیرۆکەی “بورکینای ” (شۆڕشگێڕی و سەربەرزیی نەتەوەیی) وەک سەرمایەیەکی ڕەمزی لە ناخی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی و سیاسیی خەڵکی بورکینافاسۆدا ڕەگی داکوتا و بووە هەوێنی گۆڕانکارییە بەردەوامەکان.

لە سەردەمی ئێستاشدا، بورکینافاسۆ لە ڕووی دیمۆگرافییەوە بووەتە موزایکێکی فرەڕەهەند؛ وڵاتێک کە موسڵمانان زیاتر لە دوو لەسەر سێی دانیشتووانی پێکهێناوە و لەگەڵ کەمینەیەکی مەسیحی و پەیڕەوانی ئاینزاکانی تردا لە ئاشتییەکی کۆمەڵایەتیدا دەژین، ئەم جۆرە پێکەوە ژیانەش لەسەر بنەمای تێکەڵاو بوونی ئاین و کەلتور لە چوارچێوەی ڕێبازی صۆفیگەری و نەریتە ناوخۆییەکاندا خۆی دەبینێتەوە. بەڵام کەوتنی وڵاتەکە لەم ساڵانەی دواییدا بۆ ناو هاوکێشە ئاڵۆزەکانی ناوچەی ساحل، لەگەڵ سەرهەڵدانی گرووپە چەکدارەکان و کودەتا سەربازییە بەردەوامەکان (بەتایبەت هاتنەسەرکاری سەرۆک ئیبراهیم تراوڕی)، جارێکی تر بورکینافاسۆیان خستەوە ناوەندی ململانێ جیۆپۆلەتیکییەکان. ئەم پاشخانە مێژووییە پێمان دەڵێت کە تێگەیشتن لە هەر ئاڵۆزییەکی سیاسی یان ئاینیی ئێستای ئەم وڵاتە، بەبێ ڕەچاوکردنی ئەم ڕێڕەوە مێژوویییە و هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ پاراستنی سەروەریی نەتەوەیی لە بەرامبەر دەستوەردانە ناوخۆیی و دەرەکییەکاندا، تێگەیشتنێکی ناکامل و ناتەواو دەبێت.

ئاهەنگێکی دیپلۆماسیی ئاسایی چۆن بووە چیرۆکێک دەربارەی دژایەتیکردنی ئیسلام؟: ئەگەر لە دەروازەی وانەی پەیوەندییە سیاسییەکانەوە (Political Communication) کە وانەیەکی گرنگی زانستە سیاسییەکانە، سەیری دیمەنی گشتی بکەین، تێدەگەین کە ئەم وانەیە تەنیا بۆ ئەوە نییە فێری قوتابییانی ساڵی یەکەم بكرێت چۆن وتارێکی سیاسی بنووسن، بەڵکو لە بنەڕەتدا فێرکاریی ئەبجەدیاتی “ئەندازیاریی گێڕانەوە”یە .(Narrative Engineering) ئەم بابەتە بۆمان دەردەخات چۆن حکومەت، دامەزراوە، و تەنانەت گرووپ و تاکەکانیش بە حیکمەت و فێڵێکی زۆرەوە سەرکەوتوو دەبن لە بونیادنانی گێڕانەوەی چەواشەکارانەدا بەجۆرێک لە ڕووکەشدا وەک ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر دەردەکەون، بەڵام لە جەوهەردا دروستکراوێکی مەبەستدارن.

هۆکاری ئەمه‌ دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی وەرگر لە زۆربەی بارەکاندا ڕووبەڕووی زانیارییەکی ڕووت نابێتەوە، بەڵکو ڕووبەڕووی گێڕانەوەیەکی تەواو (Narrative) دەبێتەوە کە بە وردی داڕێژراوە تا هەست و نەستی ئاراستە بكات و دەستبەرداری بیرکردنەوەی بێت. گێڕانەوەی سەرکەوتوو تەنیا بە خستنەڕووی ڕووداوەکان ناوەستێت، بەڵکو دووبارە ڕێکیان دەکاتەوە لە چوارچێوەی چیرۆکێکدا کە وا لە وەرگر دەکات هەست بکات تەنیا خوێنەری ڕووداوێک نییە، بەڵکو لە ناوەڕاستی هەڵوێستێکی ئەخلاقیدایە کە ناچاری دەکات لایەنداری لایەنێک بگرێت.

لە چوارچێوەیەدا، وتارێکی نووسەری میسری “ئەبو فاید” بڕێکی زۆر لە سەرنجی ڕاکێشام، کە لە کاتی جەنجاڵی لێدوانەکانی دوایی سەرۆک ئیبراهیم تراوڕیدا بووە ژێدەرێک بۆ زۆرێک لە خوێنەرانی عەرەب، و دواتر بێ پشکنین لەلایەن زۆرێک لە دەزگا ڕۆژنامەوانییەکان بەتایبەت وڵاتە عەرەبییەکان بڵاوکرایەوە. دوای خوێندنەوەیەکی ورد، گەشتمە ئەو بڕوایەی ئەم دەزگا میدیایی و رۆنامەوانی و نووسەرە عەرەبەکان بەدوای ڕاستیدا نەگەڕاون، بەڵکو سەرقاڵی دروستکردنی دەنگۆ بوون . تێکستی هەوالەکان و دەقی نوسینەکان نموونەی ئەوەن کە لەوانەی پەیوەندییە سیاسییەکاندا پێی دەوترێت “ئەندازیاریی قایلکردن (Engineering of Persuasion)؛ پرۆسەیەک کە لەسەر بەڵگەی بەهێز دانەمەزراوە، بەڵکو پشت بە ڕێکخستنی شوێنەوارە دەروونی و هێماییەکان دەبەستێت.

بە جۆرێک ئەم ئەندازیارییە لەسەر چوار چین (ئاستی) یەکبەدوایەک بینا کراوە: (ئیدیعایەکی هەڵە کە وەک ڕاستییەک دەخرێتە ڕوو، ورووژاندنی سۆزداری کە بیرکردنەوەی ڕەخنەیی بێهێز دەکات، پێدانی پیرۆزیی ئاینی بە گێڕانەوە پێشکەشکراوەکە، بەستنەوەی دەنگۆکە بە کەس یان لایەنێک بە ناوبانگی خراپ تا بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی ئەو وێنە زەهنییە خراپەی بۆ بگوێزرێتەوە.

لە کاتێکدا ڕەنگە هەر توخمێک بە جیا سەیری بكرێت کاریگەرییەکی کەمی هەبێت، بەڵام کۆبوونەوەیان لە ناو بونیادێکی گێڕانەوەییدا ئەوە دروست دەکات کە پێی دەڵێین “کاریگەریی کەڵەکەبو “(Cumulative Effect)؛ شوێنێک کە بیرۆکەکە لەڕێگەی برهانەوە وەرگر قایل ناکات، بەڵکو لەڕێگەی کەڵەکەبوونی پەیامە دەروونی و هێماییەکان کە دەوری دەدەن تا لە کۆتاییدا وەک تاقە ڕاستیی ڕەها دەربکەوێت.

بڵاوکەرەوەکانی ئەم گێڕانەوەیە سەرەتا دەستیان پێکرد بە بڵاوکردنەوەی ئیدیعایەک کە تراوڕی هێرش دەکاتە سەر شەرعییەتی ئیسلامی، پاشان گووتارەکە بەرزبوویەوە بۆ ئاستێک کە وتیان:

“عەرەب تۆمەتبار دەکات بە کۆیلەکردنی ئەفریقییەکان بۆ ماوەی هەزار ساڵ، ئەمەش کارەساتێکی گەورەیە”. دواتر نووسەرێک لە کۆماری مالی کە خۆی وەک “بیرمەندی ئیسلامی” دەناسێنێت، ئیدیعای کرد ئیسرائیل پێشنیازی “هەڵگەڕانەوە لە ئاین”ی بە بەرامبەر تەکنەلۆجیای زەوی و زار خستۆتە ڕوو بە هەمان مۆدێلی ئیمارات! لێرەدا پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە: ئەم بیرمەندە ئیسلامییە ئەم ئیدیعایەی لە کوێوە هێناوە؟ ئایا لە کۆبوونەوەکە ئامادە بوو؟ ژێدەرەکەی چییە؟ لەکوێیە بەڵگەی پشتڕاستکراوە؟

کەواتە بەرلە وەڵامدانەوەی ئەم ئیدیعایانە، با بگەڕێینەوە بۆ سەرەتای چیرۆکەکە. لە سەرەتاوە دەبینین نووسەران هیچ بەڵگەیەکیان پێشکەش نەکردووە، بەڵکو سێ ئامرازی ناسراوی ئەندازیاریی قایلکردنیان بەکارهێناوە: ورووژاندنی تووڕەیی (تراوڕی هێرش دەکاتە سەر ئیسلام)، پەنابردن بۆ ئاین (هەڵگەڕانەوە)، و بەستنەوەی چیرۆکەکە بە لایەنێکی ناخۆشەویست (ئیسرائیل)؛ تا خوێنەر بەرلە پرسیارکردن لە بەڵگە، بڕوا بە چیرۆکەکە بکات.

ڕاستیی چیرۆکەکە: سێ وێستگەی سەرەکیی زەمەنی
بۆ ڕوونبوونەوەی تەواوی دیمەنەکە، بابەتەکە دابەشی سێ وێستگەی سەرەکی دەکەین، چونکە تێگەیشتن لە هەر قۆناغێک، کلیلی تێگەیشتنە لە شیکارییەکانی دواتر:

وێستگەی یەکەم: سیاقێکی ئاینی بەرلە قەیرانەکە بە زیاتر لە ساڵێک (۱ی پێنجی ساڵی ۲۰۲٥)

کە گەڕاینەوە بۆ ڕوماڵە فەرمییەکان، دەبینین

یەکەم وێستگەی پەیوەندیدار ناکەوێتە ساڵی ۲۰۲٦، بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ ۱ی پێنجی ۲۰۲٥. لەو بەروارەدا “شێخ سیدی عەلی بلعرابی”، خەلیفەی گشتیی تەریقەتی تیجانی لە جەزائیرەوە،

سەردانێکی فەرمیی بۆ بورکینافاسۆ ئەنجامدا بە داوەتی سەرکردەکانی تیجانی لەو وڵاتە. لەم سەردانەدا شێخ دکتۆر ئەبوبەکر دوکوری (ڕاوێژکاری دەوڵەت بۆ کاروباری ئاینی و نزیك لە تراوڕی) پێشوازیی لێکرد.

ئەم دیدارە ئەگەر هاوپەیمانیی سیاسیش نەسەلمێنێت، بەڵکو ڕاستییەکی گرنگتر دەسەلمێنێت: کە پەیوەندیی دەوڵەتی بۆرکینافاسۆ لەگەڵ مەرجەعییەتی صۆفیگەری بێپچڕان بووە پێش سەرهەڵدانی قەیران لەگەڵ تەیاری سەلەفی لەناو خودی وڵاتەکە کە ململانێیەکی درێژخایەیان هەیە لەگەڵ یەک.

لە ۲ی پێنجی ۲۰۲٥ شێخ بلعرابی نوێژی هەینی لە مزگەوتی تیجانی دەخوێنێتەوەو لە ٤ی پێنجدا ئاهەنگی دەستبەکاربوونی “الحاج سعید قادر سوادوغو” وەک سەرۆکی کۆمەڵەی ئیسلامیی تیجانی بەڕێوەچوو. ئەم لێکتێگەیشتنەی دەوڵەت و تەریقەتی صۆفیگەری ڕێگە دەدات قەیرانەکە لە چوارچێوەی کێبڕکێی فراوانتری مەرجەعییەتی ئاینی لێکبدرێتەوە.

وێستگەی دووەم: پڕۆژەی ڕێکخستنی کایەی ئاینی و گرتنی ئیمام کندۆ

پاش ساڵێک، دەسەڵاتدارانی بۆرکینافاسۆ دەستیان کرد بە وتووێژ دەربارەی پڕۆژەیاسایەکی تایبەت بە ڕێکخستنی پەرستش لە شوێنە گشتییەکاندا. لە دیارترین ڕەخنەگرانی پرۆژە یاساکە، ئیمام دکتۆر محەمەد ئیسحاق کندۆ (لە تەیاری سەلەفی) بوو کە دەسەڵاتی تراوری بە ڕەفتاری “ئەبو جەهل” چواند. لەدارەنجامی ئەمەشدا دکتۆر محمد ئیسحاق کندۆ دەستگیر دەکرێت.

ئەوەی باس نەکراوە ئەوەیە: ئەو شێخەی لە سەردانەکەی ۲۰۲٥ پێشوازی لە خەلیفە بلعرابی کرد (دکتۆر دوکوری)، ڕاوێژکاری تراوڕییە و صۆفییە، هەروەها ئامادەکاری پڕۆژەیاساکەی حکومەت بووە. گومانی تێدا نییە ڕەخنەکانی دکتۆر کندۆ و تووندبوونی دەسەڵات ئاستی ئاڵۆزییەکەی بەرزکردەوە، و شێوازی دەسەڵات لە بەڕێوەبردنی ئەم بەڕێوەبردنەدا (بەتایبەت دەستبەسەرکردنی ئیمام کندۆ) ڕەخنەی شەرعیی دروستکرد. پێویست بوو دەسەڵات حیکمەت بنوێنێت، و دکتۆر کندۆش دەکرا ئامۆژگاریی نهێنی پەیڕەو بکات بەپێی ئەدەبیاتی سەلەفی. پاشان بەپێی ڕاگەیەندراوی فیدراسیۆنی کۆمەڵە ئیسلامییەکان لە بورکینافاسۆ: دەستبەسەرکردنی دکتۆر کندۆ لە ۲٦ی پێنجی ۲۰۲٦ ڕوویداوە. بە جۆرێک ئەمە خاڵی وەرچەرخانە؛ چونکە کە سەلمێنرا گرتنەکە لە ۲٦ی پێنج بووە، هەر گێڕانەوەیەک کە ڕووداوێکی دواکەوتوو (کە دوای مانگێک ڕوویداوە) بکاتە هۆکاری گرتنەکەی، جۆرێکە لە چەواشەکاری. بۆیە کاتیک کە ئیمام کندۆ دەستبەسەرکرا، باڵیۆزی ئیسرائیل هێشتا بڕوانامەی متمانەی پێشکەش بە سەرۆک تراوری نەکردبوو! ئەمە بیروڕا نییە، بەڵکو ڕێکخستنی کاتیی رووداوەکانە.

وێستگەی سێیەم: لە ۲٦ی شەش ۲۰۲٦دا چی ڕوویدا؟

لە ئەم بەروارەدا وێنەی سەرۆک تراوڕی لەگەڵ باڵیۆزی ئیسرائیل بڵاوکرایەوە و ئەنجامی سیاسیی و ئاینیی لێدەرهێندرا. ئیدیعا چەواشەکارەکە بریتی بوو لە: تراوڕی شەڕی دژ بە ئیسلام دەستپێکرد. ئەم شەڕە دوای ئاساییکردنەوە لەگەڵ ئیسرائیل هات. باڵیۆزی ئیسرائیل لەپشت ئەم پڕۆژەیە بوو بەرامبەر هاوکاریی کشتوکاڵی. دەستبەسەرکردنی ئیمام کندۆ دەرئەنجامی ئەم لێکتێگەیشتنە بوو.

هەڵوەشاندنەوەی ئیدیعاکان و تێگەیشتن لە چوارچێوە دیپلۆماسییەکە
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم چەواشەکارییە، پێویستە ئەم بڕگە مێژوویی و قانونییانە دەستنیشان بکەین:

١. پەیوەندیی کۆن: ئیبراهیم تراوڕی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی نەکردۆتەوە، بەڵکو پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان دەیان ساڵ بەرلە هاتنی ئەو بوونی هەبووە. بورکینافاسۆ وڵاتێکە ۳۰٪ی دانیشتووانی (نزیکەی ۷ ملیۆن) مەسیحین. لەم نێوەندەشدا تراوڕی یەکەم سەرۆکی موسڵمانە لە مێژووی هاوچەرخی وڵاتەکەدا، و سەرۆکی هەموو هاووڵاتییانە %٦۳ موسڵمان بەپێی پەیمانگای Pew ۲۰۲٥
٢. گەشتی ئاینیی مەسیحییەکان: بەکارهێنانی باڵیۆزی ئیسرائیلی نیشتەجێ لە کۆتدیڤوار بۆ ئاسانکاریی گەشتی ئاینیی مەسیحییەکان بووە بۆ ئەرزە پیرۆزەکان. چۆن ڕەوا نییە سەرۆکێکی مەسیحی ڕێگری لە باڵیۆزی عەرەبستانی سعودیە بکات لەبەر خزمەتگوزاریی حەج و حاجیان، بە هەمان شێوەش بۆ سەرۆکێکی موسڵمان ڕەوا نییە ڕێگری لە کاروباری مەسیحییەکان بکات.
٣. بابەتە شاراوەیییەکە: هەشت باڵیۆز لە یەک ڕۆژدا: باڵیۆزی ئیسرائیل لە مراسمێکی تایبەتدا پێشوازیی لێ نەکراوە! بەڵکو یەکێک بووە لە نێوان ۸ باڵیۆزەکە لە هەمان ڕۆژدا بڕوانامەیان پێشکەشکرد بەبێ هیچ جیاکارییەک. خشتەی زانیاریی باڵوێزەکان (کە لە هەمان ڕۆژدا ۲٦ی جونی ۲۰۲٦ بڕوانامەی متمانەیان پێشکەش کرد)
1. سەعد مسفەر ئه‌حمەد ئەلمەیمونی شێننشینی عەرەبستانی سعودیە باڵوێزی فەرمیی سعودیە لە بورکینافاسۆ
2. پاتریل جابر، ڕێکخراوی سەربەخۆی سوارچاکانی مالت، نوێنەری فەرمیی ڕێکخراوەکە
3. ئۆلیڤێرا فرانسیسکۆ خواکیم ئینکۆجی،کۆماری ئەنگۆلا، باڵوێزی کۆماری ئەنگۆلا
4. جامع حەسەن خەلیف، کۆماری فیدراڵیی سومالیا، باڵوێزی کۆماری فیدراڵیی سومالیا
5. بامبانگ سوھارتۆ،کۆماری ئیندۆنیزیا، باڵوێزی کۆماری ئیندۆنیزیا
6. سیلیستین جیرڤاس کاکیلی، کۆماری یەکگرتووی تەنزانیا، باڵوێزی کۆماری یەکگرتووی تەنزانیا
7. محەمەد حەبیبوڵڵا، کۆماری جەماوەریی بەنگلادیش، باڵوێزی کۆماری بەنگلادیش
8. سیمۆن-کلیمان سیروسی، دەوڵەتی ئیسرائیل باڵوێزی ناکارا (مەقەڕەکەی لە پایتەختی کۆتدیڤوارە)

 

ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە سیمۆن-کلیمان سیروسی باڵوێزی ئیسرائیل باڵوێزێکی ناکارایە مەقەڕی سەرەکیی کارکردنی لە شاری ئەبیدجانە لە وڵاتی کۆتدیڤوار (ساحل العاج)، و هاوكات بەرپرسە لە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی توگۆ، بەنین، و بورکینافاسۆ. ڕۆژی دوای پێشکەشکردنی بڕوانامەکەی لە واگادووگو، ڕاستەوخۆ بورکینافاسۆی بەجێهێشت بەرەو توگۆ و بەنیین گەرایەوە. هەروەها سەعد مسفەر ئەلمەیمونی (باڵوێزی سعودیە): نوێنەری فەرمیی شانشینی عەرەبستانی سعودییەیە لە بورکینافاسۆ، و لە هەمان بەش و هەمان ڕۆژدا لەگەڵ باڵوێزی ئیسرائیل بڕوانامەی متمانەی دیپلۆماسیی پێشکەشی سەرۆک ئیبراهیم تراوڕی کردووە. لێرەدا تەڵەکەبازییەکە دیار دەکەوێت شارندنەوەی ۷ باڵیۆز لە وێنەکەدا (لەوانە باڵیۆزی سعودیە) و هێشتنەوەی تاقە وێنەیەک.

میتۆدۆلۆژیای چەواشەکاری لە دروستی بابەتەکە:
ئەم شێوازی کار و ڕووداوانە لە چورچیوەی چەمکی هێزی تیژدا کە شێوەی پێنجەمی هێزە لە چەمکی گواستنەوەی هێز بەم شێوازانە پێناسه دەکرێت: دەرخستنی بەشێکی ڕاستی و شاردنەوەی بەشەکانی تر، دابڕینی ڕووداو لە سیاقە ڕاستەقینەکەی، بەستنەوەی کەسێک یان فكرەیەک بە لایەنێکی ڕەتکراوە (وەک ئیسرائیل) تا جەماوەر بەبێ بەڵگە بڕوای پێ بكات، ڕوابوون بەوەی ڕووداوی دووەم لەبەر ئەوە روویداوە چونکە لەدوای ڕووداوی یەکەم هاتووە.

نموونەیەکی سادە بۆ تێگەیشن ئەگەر بڵێین:

“پزیشکەکە چووە ژوورەوە، و نەخۆشەکە مرد.” وەرگر وادەزانێت پزیشکەکە کوشتوویەتی. بەڵام ئەگەر ڕاستییەکە ئەوە بێت: “نەخۆشەکە مرد، پاشان پزیشکەکە چووە ژوورەوە تا وەفاتەکەی تۆمار بکات.” وشەکان هەمان وشەن، بەڵام ڕێکخستنەوەی کاتەکە، ڕاستییەکەی تەواو گۆڕی! بەڵام ئەوەی نەیارانی تراوڕی تووڕە کرد، قسەکردنی بوو دەربارەی مێژووی کۆیلەکردنی ئەفریقییەکان لەلایەن عەرەبەوە، لەبەر ئەوەی ئەمە بابەتێکی هەستیارە، کاتەکانیان پێچەوانە کردەوە تا دەربکەوێت ڕێنمایی لە باڵیۆزی ئیسرائیل وەرگرتووە.

لەلایەکی دیکەوە، تراوڕی لە جەنگێکی کراوەدا بوو دژی ڕێکخراوەکانی وەک “داعش – ویلایەتی ساحل” و “قاعیدە”، و بۆ ئەم مەبەستە پەیوەندی لەگەڵ ڕەوتە صۆفییەکان بەهێز کردبوو.

هەرچەندە ئیمام کندۆ کەسێکی هێمن و میانڕەو بوو لەگەڵ صۆفییەکاندا، بەڵام لە وتارەکەیدا بێ دیپلۆماسییەت دەسەڵاتی بە “أبو جهل” چواند و دەسەڵاتدارانی بورکینافاسۆش بە بێ مرونەت مامەڵەیان لەگەڵ دۆسیەکەی کرد، بەڵام ئەمە ناگۆڕێت لەوەی هێرشە ئاشکراکە لەسەرەتادا لەلایەن تەیاری ئیمام کندۆوە دەستی پێکرد. شایەنی باسە، تا ئێستاش گەورە شێخەکانی صۆفیگەری لە بورکینافاسۆ پشتیوانی لە تراوڕی دەکەن، چونکە بڕوایان وایە ئەو تەنیا دەستی بۆ بابەتێکی مێژوویی هاوبەش بردووە (جگە لە هەندێک ڕەخنە لە دەربڕینە گشتییەکەی بەرامبەر قوتابییانی شەریعە کە دەکرا دەستنیشانکراوتر باسی بکات). کورت پوخت، پاڵنەری ڕاستەقینەی پشت ئەم پەلامارە میدیاییە، تەنیا ڕەخنەکانی تراوڕی لە هەندێک قوتابی زانستە شەرعییەکان نەبوو، بەڵکو دەستبردن بوو بۆ بابەتی مێژوویی و هەستیاری “کۆیلەکردنی ئەفریقییەکان لەلایەن عەرەبەوە”. ئەمەش وایکرد نەیارانی تراوری، بابەتەکە بەرەو ڕەهەندی ئاینی و ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسڕائیل بەرن تاوەکو تێکشکاندنی مەعنەوی بۆ سەرۆکی بورکینافاسۆ ئاسانتر بێت.
سەرباری ئەمەش، جێگەی سەرنجە کە هەمان ئەو لایەنانەی تراوڕی بە “تەکفیر” تۆمەتبار دەکەن، بە هیچ شێوازێک ڕەخنە لەو وڵاتە عەرەبی و ئیسلامییانە ناگرن کە پەیوەندیی فەرمی، ئابووری و هەواڵگریی بەرفراوانیان لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە. بۆیە ئەم دووفاقییەی پێوەرەکان دەریدەخات کە ئامانجەکە پاراستنی پرەنسیپەکان نییە، بەڵکو بەکارهێنانی ئاینە وەک قەڵغانێک بۆ ململانێی سیاسی.

دەرەنجام:

لە کۆتاییدا، دەکرێت ڕەخنە لە لێدوانەکانی سەرۆک ئیبراهیم تراوڕی بگیرێت، بەتایبەت لە گشتگیرکردنی ڕەخنەکانی بەرامبەر خوێندکارانی زانستە شەرعییەکان، کە هەڵەیەک بوو دەربارەی نەبوونی زانیاری تەواو و کەوتە ناو ململانێی نێو تەیارە ئاینییەکانی بۆرکینافاسۆ. بەڵام گۆڕینی ناکۆکییەکی مێژوویی یان سیاسی بۆ تۆمەتی “هەڵگەڕانەوە لە ئیسلام” یان “سەوداکردن لەگەڵ صهیۆنیزم” لەڕێگەی شێواندنی زەمەنی و فێڵی میدیایی، ڕەفتارێکە لەگەڵ پرەنسیپە ئەخلاقی و زانستییەکاندا ناگونجێت. مەترسیدارترین جۆری درۆ، دروستکردنی زانیاریی نوێ نییە، بەڵکو شێواندنی ناوەرۆکی ڕاستییەکانە لەڕێگەی تێکدانی ڕێزبەندیی کاتیی ڕووداوەکانەوە.

ئامانجی ئەم شیکارییە بیانوو نییە بۆ دەسەڵاتی تراوڕی، ئەگەر بەهای ئەخلاقی و ئاینی پەیڕەو بکەین، نابێت ڕاستییەکان بۆ ململانێی ئایدۆلۆجی دەستکاری بكرێن.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close