
ئەمە گەورەترین مەترسی سیاسەتە لەسەر ئێمە ئەگەر هۆشیار نەبین
پ . د . سەعید عەلی محەمەد✍️باسک نێت
لە سیاسەتدا مەترسی گەورە ئەوە نیە سیاسەت دەبێتە هۆی گۆڕینی دەم و چاوەکان و گۆڕینی کابینە حکومیەکان ، بەڵکو مەترسیە گەورەکەی سیاسەت ئەوەیە دەبێتە هۆی گۆڕینی مرۆڤەکان .. دەزانن چۆن ؟
زۆربەی خەڵک وا تێدەگات مەترسی سیاسەت لەو کاتەوە دەست پێ دەکات کە گەلێک یان وڵاتێک جەنگێک دەدۆڕێنێت ، یان وڵات داگیر دەکرێت و گەلەکەی دەکەوێتە ژێر چەپۆکی داگیرکارییەوە ، یان قەیرانێکی ئابووریی سەخت ڕووبەڕووی وڵات دەبێتەوە .. بەڵام لەڕاستیدا پێش هەموو ئەوانە سیاسەت هەڕەشەو مەترسی و زیانێکی تری لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە کە زۆر هێمن و ئارام و شاراوەیە!! بێ گومان ئەگەر سیاسەت توانی ببێتە هۆی گۆڕین و داڕشتنەوەی ڕەوشت و ئەخلاقی خەڵک و کۆمەڵگا ، ئەگەر سیاسەت توانی کاریگەریی لە سەر پەیوەندی مرۆڤەکان و جۆری بیرکردنەوەیان دروست بکات ، ئیتر لێرەوە کێشەکەو مەترسیەکە تەنها لە ڕووداوەکان و جەنگەکان و قەیرانە ئابووریەکاندا نیە .. بەڵکو مەترسیەکە لەو ئاسەوارو کاریگەریەدایە کە ڕووداوەکان و گۆڕانکاریەکان لە سەر دەروونەکان بەجێی دەهێڵن .
ڕاستە ئاگادار بوون و بەدوادا چوونی کاروباری گشتی پێویستە ، چونکە ئیسلامیش هەرگیز مرۆڤەکان لەسەر ئەوە پەروەردە ناکات بێ ئاگابن لە کاروبارو پرسە پەیوەندیدارەکانی ئوممەتەکەیان و ، هانیان نادات گۆشەگیریی بکەن و دوورەپەرێزیی بکەن لەو بارودۆخەی تێیدا دەژین .. بەڵام گرفتەکە ئەوکات دەست پێ دەکات سیاسەت لەجیاتی ئەوەی بەشێک بێت لە ژیان ببێتە سەراپای ژیان ..
کاتێک مرۆڤ بەیانی دەکاتەوە جگە لە هەواڵ هیچی تر نابینێ و نابیستێ ، قسەناکات تەنها لەبارەی ڕووداو و ناکۆکی و قەیرانەوە نەبێت ، هەڵسەنگاندن بۆ خەڵکی ناکات تەنها لە چاویلکەی سیاسەتەوە نەبێت .. لێرەوە ئیتر کاریگەرییە شاراوەکە ، مەترسیە گەورەکە دەست پێ دەکات :
بازنەی بایەخ و گرنگیدان بەخودسازیی تەسک دەبێتەوە .. پێکهاتەو بونیادی ناوەوە لاواز دەبێت ..خێزانەکان لەبری ئەوەی قوتابخانەی ڕەوشت و پەروەردە و ئارامیی و سەکینەت بن ، دەبنە ژووری هەواڵ ! چەندین باوک هەیە سەرجەم وردەکاریەکانی سیاسەتی جیهانی ئاگادارو شارەزایە ، بەڵام ئاگاداری ئەوە نیە چی لەدڵی کچەکەیدایە ، چی لە خەیاڵ و بیری منداڵەکانیدا دەگوزەرێت .. چەندین گەنج هەیە دەتوانێت شیکردنەوەو خوێندنەوە بۆ ڕووداوە گەورەکان بکات.. بەڵام نەخشەو پلانێکی نیە بۆ بنیاتنان و پێگەیاندنی خۆی ، یان فێربوونی پیشەو مەهارەتێک ، یان خوێندنەوەی کتێبێک !
ڕوونە هیچ گەل و نەتەوەیەک تەنها بە هۆشیاریی سیاسیی پێش ناکەوێت و گەشە ناکات ، بەڵکو بەمرۆڤێک پێش دەکەوێت بتوانێت تێگەیشتن لە واقیع و ، چاکسازیی لەخۆداکردن و ، بنیاتنانی خێزان و ، وردەکاریی و سەلیقە لە ڕاپەڕاندنی کارەکاندا هەموو ئەمانە پێکەوە کۆ بکاتەوە .. هەر لەبەرئەوەیە دەبینین کاتێک قورئان باسی ناکۆکی نێوان ڕەواو ناڕەوا دەکات ، پاککرنەوەی دڵ و دەروون و ، بەئەنجامگەیاندنی نوێژو ، چاکسازیی ئەخلاقیشی فەرامۆش نەکردووە ، چونکە هەرگیز کۆمەڵگایەک ناتوانێ مەعرەکەی دەرەکی بباتەوە ئەگەر لەلای خۆیەوە مەعرەکەی زاتی و ناوخۆیی دۆڕاندبێت .
هەڵەیەکی گەورەیە مرۆڤ پێی وابێت گرنگیدان بە خێزانەکەی ، یان بەزانستەکەی ، یان بە پەروەردەکردنی منداڵەکانی ، ئەمە جۆرێکە لە دورگرتن و پاشەکشەکردن لە بابەت و پرسی نیشتمانەکەی و گەلەکەی و نەتەوەکەی ، چونکە لە ڕاستیدا خودی ئەنچامدانی ئەم ئەرکانە گەل و نەتەوەو وڵاتی پێشکەوتوو سازو ئامادە دەکەن .. دەگونجێ سیاسەت چارەنووسی ساڵێک یان دە ساڵ دیاری بکات ، بەڵام پەروەردەو مرۆڤسازیی داهاتوو و چارەنووسی چەندین نەوەوەمان بۆ بەرهەم دەهێنێت..
لەبەرئەوە ڕاستە مرۆڤی ژیرو هۆشیار بەدواداچوون دەکات و وریایە بەوەی لە دەوروبەری ڕوودەدات ، بەڵام ڕێگەش نادات ڕووداوەکان مرۆڤایەتیی خۆی لێ بسەننەوە ، ڕێگە نادات زەردەخەنەکانی بەڕووی خێزان و منداڵ و نزیکەکانیدا خامۆش ببن ، هەروەها ڕێگە نادات سیاسەت و ڕوداوەکان ڕێگری بکەن لە بنیاتنان و پێگەیاندنی خۆی ، یان ڕاپەڕاندنی ئەرکەکەی ، یان چاکەکردن لەگەڵ دەوروبەرەکەی…
دەبێت سیاسەت ئاسۆی عەقڵ و بیرکردنەوەی مرۆڤ گەورەو فراوانتر بکات .. نەک دڵ و دەروونی توند بکات ، هۆشیاریی و دانایی و بینایی قوڵترو بەهێزتر بکات ، نەک پڕی کات لەتوڕەیی هەمیشەیی ، پاڵی پێوە بنێت بۆ کارو کردەوەو جوڵەو چالاکی و بەرهەم ، نەک تەنها تەماشاکەر بێت و هیچی تر .. چونکە کۆمەڵگەو نەتەوەکان قەت بە زۆری ژمارەی دەنگەبەرزو هەڵچووەکان نەگۆڕاون و گەشەیان نەکردووە ، بەڵکو بەزۆری ژمارەی ڕەگەزە بنیاتنەرو بەرهەم دارەکان پێشکەوتوون و وەرچەرخانی گەورەیان کردووە.




