نوسەران

لە بارەی ڕوداوەکانی حەلەبەوە بەکورتی

لە بارەی ڕوداوەکانی حەلەبەوە بەکورتی

پ . د . سەعید عەلی محەمەد✍️باسک نێت

یەکەم  :  کاتێک شکۆ و کەرامەتی مرۆڤ و ماف و داخوازیە ڕەواکانی  دەبنە سەنتەرو جەوهەری سیاسەت ، ئەوا ( سیاسەت) ڕاستەوخۆ لە هونەری ئیدارەدانی کێشەو ناکۆکیەکانەوە ،  لە هونەری تەکتیک و مانۆڕەوە دەبێتە هونەرێک بۆ خزمەتی کەرامەتی مرۆڤایەتی و ، بەگەڕخستنی وزەو توانا مرۆییەکان .
بەپێچەوانەوە کاتێک بەها مرۆییەکان لە سیاسەت دادەماڵرێن و بونیان نامێنێت ئەوکات ئەو سیاسەتە  دەبێتە ئامرازێک بۆ ستەم و هەیمەنەو خۆسەپاندن و سڕینەوەی ئەوانی تر ، دەرەنجام ئەو سیاسەتە — دەستکەوتەکانیشی هەرچیەک بن — ناوەڕۆک و فەلسەفە و مانا ئەخلاقیەکەی لەدەست دەدات .. بێ گومان ڕوشدی سیاسی تەنها بە گەرم و گوڕی جوڵەی  ئابووری و بازرگانی و دەستەبەرکردنی زیاتری خزمەتگوزاریەکان ناپێورێت ، بەڵکو بەوە دەپێورێت ئەم سیاسەتە تاچ ڕادەیەک کاریگەری ئەرێنی  لە سەر ژیانی خەڵک دروست کردووە ، چەندە مرۆڤەکان بە ئایدیاو ئاراستەو ڕەنگە جیاوازەکانیانەوە هەست بە ئەمان و ئارامی و دادپەوەری و شکۆ کەرامەتی خۆیان دەکەن … دیارە هەر خودی ئەم ئاسەوارو کاریگەریەیە دەبێتە جیاوازی جەوهەری نێوان سیاسەتێک لەسەر غەریزە بنیات نرابێت لەگەڵ سیاسەتێکدا لەبەها باڵاکانەوە سەرچاوەی گرتبێت .

دووەم : سیاسی و سیاسەتمەداری سەرکەوتوو — هەر پێناسەو شوناسێکی هەڵگرتبێت — بە تەنها  بیر لەدروستکردنی پردو کارگەو سێکتەرە خزمەتگوزاریەکان ناکاتەوە ، بەڵکو گرنگی و بایەخی سەرەکی بەوە دەدات هیواو ئۆمیدو گەشبینی لە ناخ و دڵ و دەروونی هاونیشتمانیەکانی خۆیدا بچێنێت ، ماف و داخوازی هەژارو لاوازو پەراوێزخراوەکان دەستەبەربکات .
مێژووی گەلان ئەوەمان فێر دەکات کە گەورەترین وەرچەرخانی سیاسی بریتی نیە لە گەورەیی قەبارەی سوپاکان و داهاتەکان و تۆکمەیی پەیوەندیە دیپلۆماسی و دەرەکیەکان ، وەرچەرخانی سیاسی گەورەو نەوعی ئەوەیە تاچ ڕادەیەک توانراوە مافەکان بۆ مەحرومەکان بگێڕدرێنەوە ، تاچ ڕادەیەک توانراوە مرۆڤی ئازادو هۆشیارو بەهرەمەند ئامادە بکرێت بۆ داهاتوو و بۆ نیشتیمان ، کەبەداخەوە ئەم جۆرە وەرچەرخانانە لە زۆر لە ئەزموونە کۆن و نوێکانی مێژوودا بە هەندێک لە ئەزموونە ئیسلامیەکانیشەوە کەم و دەگمەن و سنووردارن .!

سێهەم  :  وانەکانی مێژوو ئەو ڕاستیە دەسەلمێنن کە هەمیشە بەرژەوەندی نەتەوەکان و پێکهاتە جیاوازەکان خۆی لەوەدا بینیوەتەوە کە پەیوەندیەکی باش و تۆکمەیان لە گەڵ کۆمەڵگەو ژینگەو دەوروبەری خۆیان بنیات نابێت و ، خۆیان دوور گرتبێت لە دروستکردنی کێشەو ناکۆکی و دژایەتی کردنی ئەوانی تر ، بەڵام کاتێک ئەو نەتەوەو کەمینانە بە پشتیوانی دەرەکیی یان بە هاتنە پێشەوەی بارودۆخێکی نائاسایی نێو ئەو ژینگەیەی تێیدا دەژین فریو درابن ، ئەوا دوابەدوای ئەوە ڕاستەوخۆو لە داهاتووشدا زۆر خراپ لەسەریان شکاوەتەوەو باجی قورسیان داوە .. چونکە گومانی تێدا نیە لایەنی دەرەکی هەمیشە بیری لە بەرژەوەندی خۆی کردوەتەوە ، بایەخ و بەرژەوەندیەکانیشیان بە پێی بارودۆخ و قۆناغە جیاوازەکان گۆڕانکاریان بەسەردا هاتووە ، واتە بارودۆخی نائاسایی هەرگیز بۆ کەمینەکان سوودی دوور مەودای نەبووە ، چونکە کاتی بووەو کۆتایی هاتووە.

چوارەم :  بەدرێژایی مێژوو هەر کەس و تاقم و تایفەو لایەنێک پشتی بەلایەنێک یان هێزێکی دەرەکی نێو دەوڵەتیی یان ئیقلیمی بەستبێت و ، گەل و خەڵک و ژینگەو نیشتیمانەکەی خۆی لەبیر کردبێت ، یان پشتگوێی خستبێت ، بێ یەک و دوو دەبێتە بابەتی سەوداو ئامرازو کەوچکی یاری پێکراوی دەست هێزە نێودەوڵەتیی و ئیقلیمیەکان و دوور بێ یان نزیک دەستی لێ هەڵدەگیرێت و پشتگوێ دەخرێت و وازی لێ دەهێنرێت ..

پێنجەم  :  ئەم دیمەن و فۆرمە سیاسەتەی کە لەم سەردەمەدا پەیڕەو دەکرێت زۆر ئاڵۆزو تەم و مژاویە ، نەک بەهۆی سروشتی خودی سیاسەتەکە ، بەڵکو بەهۆی دوورکەوتنەوەی پانتاییەکی زۆری ئەم سیاسەتە لە پرانسیپە ئەخلاقیەکان ، کەئەمەش ڕەنگدانەوەی زۆر خراپی لەسەر وڵاتان و تەواوی کۆمەڵگاکان دروست کردووەو ، تەغزیەی فەوزاو بێ سەرووبەریی و گەندەڵی و ناعەدالەتی دەکات ! بۆیە گەڕانەوەی ڕەهەندی ئەخلاقیی بۆ سیاسەت مەرجێکی سەرەکیە بۆ ڕزگار بوون و دەرباز بوونی جیهان و ناوچەکە لە کێشەو ناکۆکی و قەیرانە دووبارە بووەکان ، دیارە بەهاکانی وەک : ڕاستگۆیی و دادپەروەریی و لێبوردەیی لە دیارترین و کاریگەرترینی ئامرازەکانی گەڕاندنەوەی متمانەو چەسپاندنی دەسەڵات و ڕاستکردنەوەی فەرمانڕەوایەتین.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

هەروەها

Close
Close