
کچە ئەندازیارە مەغریبیەکە چۆن کۆمپانیای ( مایکرۆسۆفت )ی ڕیسواکرد !
پ . د . سەعید عەلی محەمەد ✍️باسک نێت
( ئیبتهال ئەبو سەعد ) کچە گەنجێکی مەغریبیە ، دەرچووی زانکۆی ( هارفارد )ە ، لە کۆمپانیای مایکرۆسۆفت لە بەشی ( برمجیات – بەرنامەسازیی ) کار دەکات ..
ئەم کچە لاوە مەغریبیە لە کۆڕێکی تایبەت بە یادی پەنجا ساڵەی دامەزراندنی کۆمپانیاکە هەستایەوەو هێرشی توندی کردە سەر ( مستەفا سولەیمان ) ی بەڕەچەڵەک سوریی بەڕێوبەری جێبەجێکاری بەشی زیرەکی دەستکرد لە کۆمپانیاکەو ، بەوە تاوانباری کرد کە دەستی هەیە لە ڕشتنی خوێنی فەلەستینیەکان لە غەززە !! ئەویش لەڕێی پێدانی تیقەنییات و سێرڤەرات و خزمەتگوزاریەکانی Azure بە سوپای داگیرکەری ئیسرائیل کە ماوەی زیاتر لە ساڵێکە بۆ قەتڵ و عام کردنی دانیشتوانی غەززە بەکاریان دەهێنێ !! ئیبتهال ئەبو سەعد دەڵێت : لەماوەی ساڵ و نیوی ڕابردوودا هەستم کرد کە بەشێک لە کارەکانی من یارمەتی دەرن بۆ کوشتنی منداڵان و ، پزیشکان و ، ڕۆژنامەنوسان و ، هاوڵاتیانی مەدەنی بێ تاوان ! کاتێک زانیم مایکرۆسۆفت دەستی لەم تاوانانەدا هەیە لەڕێی ئەو گرێبەستانەی کەلەگەڵ سوپای جولەکەدا ئەنجامی داون ، گەیشتمە ئەو بڕوایەی کە هەردەبێ ڕوو بەڕووی ئەو کارە قێزەونە ببمەوە و ، ڕاستیەکان بە جیهان بگەیەنم ! ئەو کچە لاوە مەغریبیە دەڵێت :
زۆرێک لە فەرمانبەرەکانی تریش لە کۆمپانیاکە هەوڵیان دا ناڕەزایەتی خۆیان دەرببڕن ، بەڵام ڕووبەڕووی تۆقاندن و هەڕەشەکردن و تەنانەت دەرکردنیش بوونەوە ..ئەمەش وەک کپکردنی هەر دەنگێک کە دژی سیاسەتەکانی کۆمپانیاکە بوەستێتەوە .
ڕیسواکردنی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت لە لایەن ئەو کچە ئەندزایارە مەغریبیەوە کە دەنگدانەوەیەکی گەورەی جیهانی بەدوای خۆیدا هێنا تەنها گوزارشت نیە لە هەڵوێستێکی تاکەکەسی و بەس ، بەڵکو دەرخەری ئەو پانتاییە قوڵ و فراوانەیە کەلەنێوان ئەو عەقیدەو بەهاو باوەڕەدا هەیە (کە بڕوامان پێیەتی ) لەگەڵ ئەو زەرەرو زیانە گەورە تایبەتیەی کە ئامادەین بیبەخشین لە پێناویدا .
ئەمەش – لە ناوەڕۆکدا – یەکێکە لەبنەما هەرە دیارو گرنگەکانی پەروەردەی ئیسلامی : کەداوا دەکات بەهاکان لەسەرووی بەرژەوەندیەکانەوە بن .. داوادەکات قوربانیدان بەڵگەی ڕاستەقینەی ڕاستگۆیی باوەڕ بێ ..قوڵی و چەسپاویی عەقیدە بێ .. پاکی و زیندوویی ویژدان بێ .




