نوسەران

كۆنگرەی (١٢)ی بزووتنەوەی ئیسلامییە گۆڕانكاریی جەوھەریی و ڕیفۆرمی ڕواڵەتیش ڕوودەدات

ڕابەری بزووتنەوە دەگۆڕدرێت
٢٠٢٠/١١/١ كۆنگرەی (١٢)ی بزووتنەوەی ئیسلامییە
گۆڕانكاریی جەوھەریی و ڕیفۆرمی ڕواڵەتیش ڕوودەدات
ئاری عەبدولەتیف

بە دروشمی (بونیاد)، بە پاكێجێكی (ناباو) و دوور لە تەقلید و ھەنگاوێكی جەریئانە، بزووتنەوەی ئیسلامیی، ڕۆژی ٢٠٢٠/١١/١ی ئەمساڵی دیاریكرد بۆ ئەنجامدانی كۆنگرەی (١٢)ی خۆی.
كۆنگرەكە ئەمجارەیان تەشریفاتیی نابێت و تێیدا ڕابەری ئێستا دەگۆڕدرێت و بەربژێری تر دەبێتە كەسی یەكەم و پێدەچێت وشەی (ڕابەر)یش ھەڵگیرێت وەك ئەرشیفی سەروەریی ڕابەرانی پێشەنگ و ناوێكی تر شوێنی بگرێتەوە.
گوتار و ستراتیژ و پەیوەندییەكان لەسەر ئاستی ھەرێمیی و نێوخۆیی گۆڕانی بەسەردا دێت و تێیدا نەخشەڕێگای سیاسەت و بەرنامەی نوێ لە ئاست قۆناغ و فاكتی ئەمڕۆ دەنوسرێتەوە و میكانیزمی دارایی و میدیا و تەنانەت كاركردنی ڕێكخراوەیشی دەگۆڕێت.
سەرباری ڕیفۆرمی ڕواڵەتیی و دەستبردن بۆ گۆڕینی ناو و لۆگۆ و ھەیكەل و دانانی ئەدەبیاتی جیاواز لە شوێنیان.
شورای ناوەندیی بزووتنەوە، بۆ ئەم كۆنگرە، بە ڕابەری ئێستاشەوە، كۆكن لەسەر پاكێج و وەرەقەی كاری لیژنەی باڵای ئامادەكاریی كۆنگرەكە و ھەموو بەڵێنێكیان وەرگرتووە تا بە پێی پەیڕەو، كۆنگرە دەسەڵاتی كۆتایی و كردەیی ھەبێت.
تا ئێستاش تەنیا بەربژێرێك بۆ كەسی یەكەم (كامیل حاجی عەلی)یە و پێدەچێت یەك تا دوو كەسی تریش لە ئەندامانی ڕێپێدراوی مەكتەبی سیاسیی خۆیان بەربژێر بكەن، بۆ ئەنجومەنی شوراش، چەندین گەنج و كادری دیكە لە زۆربەی شارەكان خۆیان كاندید كردووە و ئەگەریش ھەیە، ھەندێك لەو سەركردایەتیی و مەكتەب سیاسیی و كادری باڵا و پێشمەرگانەی بە ھەر ھۆیەك لە ئێستادا دانیشتوون و ئۆرگانیی نین، بەشدار ببنەوە لەم كۆنگرەیەدا و بۆ پۆستی شورا و ئەنجومەنی سەركردایەتییش بەربژێربن.
پێدەچێت ئەمجارە بەستنی كۆنگرە لە ھەولێر بێت، پێچەوانەی چەندین كۆنگرەی ڕابردوو كە لە سلێمانی ئەنجام دراون.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close