كوردستانهەواڵ

زیاتر لە 107 هەزار قوتابی بەشداری لە تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12 كرد

ئەمڕۆ تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، کە زیاتر لە 107 هەزار قوتابی بەشداری بوون.

“ئەمڕۆ 107 هەزار و 135 قوتابی بەشەکانی زانستی و وێژەیی و پیشەیی و خوێندنی ئیسلامی بەشداری لە تاقیکردنەوەکان دەکەن. 2 هەزار و 175 هۆڵ بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان ئامادە کراون.

“ئەمساڵ جیاواتر لە ساڵانی رابردوو ژوورێکی هەماهەنگی لەنێوان هەردوو وەزارەتی پەروەردە و پێشمەرگە پێکهێنراوە کە پۆلیس و ئاسایش و زێرەڤانی تێیدا ئامادەن، بۆ هەر حاڵەتێکی نەخوازراو”.

“لەکاتی تاقیکردنەوەکان، بەڕێوەبەرانی و مامۆستایانی چاودێر لە هۆڵەکان ناتوانن مۆبایلەکانیان ببەنە هۆڵەکانی تاقیکردنەوە، بەڵکو مۆبایلی نا زیرەکیان پێدەدرێت”.

وەزارەتی پەروەردە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن کردووە، بۆ رێگریکردن لە رێگەی ئامێرە زیرەکەکان و ئینتەرنێت، لەکاتی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکان هێڵی ئینتەرنێت رادەگیرێت.

هەر پەیوەست بە بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، رەزامەندی دا لەسەر تەرخانکردنی بڕی 73 ملیۆن دینار، بۆ خەرجی هاتووچۆی قوتابیانی شنگال و دەوروبەری، بە مەبەستی ئەنجامدانی تاقیکردنەوە گشتییەکانی قۆناغی 12ی ئامادەیی لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی دھۆک، کە تیایدا (667) قوتابی پۆلی 12ی ئامادەیی سوودمەند دەبن لەم پشتیوانییە داراییە.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close