كوردستان

مووچەی ئەم خانەنشینانە زیاد دەبێت

باسک نێت

ئەو خانەنشینانەی لە ساڵی 2003 بۆ 2014 خانەنشین كراون و خزمەتییان كەمكراوەتەوە، مووچە و خزمەتیان راست دەكرێتەوە، بەرپرسێكی یەكێتیی خانەنشینانیش ئاشکرای دەکات، راستكردنەوەكە لە 1ی7ی2024وە بۆیان هەژمار دەكرێت و مووچە و خزمەتیشیان زیاد دەبێت و جیاوازیی مووچەشیان بۆ خەرج دەكرێت.

ئیسماعیل موخڵیس، جێگری سەرۆكی لقی هەولێری یەكێتیی خانەنشینان رایگەیاند، فەرمانگەی خانەنشینی ئاگاداریان كردینەوە، ئەو خانەنشینانەی، كە لە كاتی هاوتاكردنی مووچەكانیاندا مووچەیان كەمكراوەتەوە، بەتایبەت ئەوانەی خزمەتیان لەسەرووی 45 ساڵ بووە و كەمكراوەتەوە بۆ 35 ساڵ، ئەوانە خزمەتەكانیان چاكدەكرێتەوە.

هەر خانەنشینێك ئەو كێشەی هەیە، دەبێت بەپەلە سەردانی فەرمانگەی خانەنشینی بكات و كێشەكەی چارەسەر دەكرێت.
ئیسماعیل موخڵیس روونی كردەوە، ئەوانەی ئەو كێشەیان هەیە، دەبێت ناسنامەیان بۆ فەرمانگەی خانەنشینیی هەولێر ببەن، وتیشی: ئەوانە ناویان دەنووسرێت و خزمەتەكەیان بۆ راست دەكرێتەوە و مووچەشیان زیاد دەبێت.
ئیسماعیل موخڵیس ئاشکراشی کرد، ئەو خانەنشینانەی ئەو كێشەیان هەیە، ژمارەیان هەزاران خانەنشینە.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close