تەندروستیكوردستانهەواڵ

لە سلێمانی سەنتەرێكی هۆشیاری بۆ رووبەڕووبونەوەی كۆرۆنا راگەیەندرا

لە درێژەی ئەو رێكار و رێوشوێنانەی كە بۆ رێگریكردن لە بڵابوونەوەی كۆرۆنا گیراوەتەبەر لە سلێمانی سەنتەری هۆشیاری و راوێژكاری كۆرۆنا و سیستمی ئۆنلاین بۆ پشكنینی گومانلێكراوان راگەیەندرا، پارێزگار و قایمقامی سلێمانیش داوایان لە هاوڵاتیانی شارەكەكرد چەند دەكرێت لە ماڵەكانیان بمێننەوە و پابەندی مەرج و رێنماییە تەندروستیەكان بن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 12 ئازاری 2020، لە دیوانی قایمقامیەتی سلێمانی بە ئامادەبونی هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی و ئاوات محەمەد، قایمقامی سلێمانی و د. سەباح نەسرەدین، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی و د. رەزا حەسەن، سەرۆكی زانكۆی سلێمانی پرۆژەی “سەنتەری هۆشیاری و راوێژكاری كۆرۆنا و سیستمی ئۆنلاین بۆ پشكنینی گومانلێكراوان” راگەیەندرا، كە پرِۆژەیەكی هاوبەشە لەنێوان كەرتی تایبەت و زانكۆی سلێمانی و بەبێ بەرامبەر خزمەتگوزاری تەندروستی پێشكەش بە هاوڵاتیان دەكات”.

لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیشدا هەریەك لە پارێزگار و قایمقامی سلێمانی و بەرپرسانی تری سلێمانی ئامانجی دامەزراندنی سەنتەرەكەیان روونكردەوە و رایانگەیاند: لە پاڵ ئەو رێكار و رێوشوێنانەی كە لە سلێمانی گیراونەتەبەر بۆ پاراستنی تەندروستی هاوڵاتیان لە تووشبون بە كۆرۆنا راگەیاندنی سەنتەرێكی هۆشیاری گشتی لەرێگەی ئۆنلاین رۆڵی گرنگی دەبێت لە هۆشیار كردنەوە و ئارِاستە كردنی خەڵك بۆ گرنگیدان بە تەندروستیان و پابەندبونیان بە مەرج و رێنماییە تەندروستیەكان”.

ئەوەشخرایەڕوو: بەسەرپەرشتی ژمارەیەك پزیشك و خوێندكاری كۆلێژی پزیشكی زانكۆی سلێمانی لەرێگەی ژمارە 122 سەنتەرەكە بەردەوام لە ئەركدا دەبێت بۆ وەڵامدانەوەی پرسیاری هاوڵاتیان بە تایبەت ئەو كەسانەی كە گومانیان لە تووشبوون بە ڤایرۆسەكە هەیەو ئارِاستە دەكرێن كە چۆن تەندروستیان بپارێزن و ئەگەر پێویستی كرد داوایان لێدەكرێت سەردانی ناوەندە تەندروستیەكان بكەن.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close