ئابووریجیهانهەواڵ

یەکێتیی ئەورووپا پاکێجێکی نوێی دژی رووسیا ئامادە کردووە

یەکێتیی ئەورووپا پێشنیازی سەپاندنی ھەشتەمین پاکێجی سزای بەسەر رووسیادا کرد کە قەدەغەکردنی بازرگانی و سەپاندنی میچێک لەسەر نرخی نەوتی رووسیا لەخۆدەگرێت.

پاکێجی سزا نوێیه‌کانی یەکێتیی ئەورووپا لەلایەن سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا، ئورسولا ڤۆن دێر لاین و نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش، جۆزێپ بۆرێڵ-وە راگەیەندرا.

ڤۆن دێرلاین جەختی لەوە کردەوە کە دان بە گشتپرسییە “ساختەکەی” جوداییخوازەکانی خۆرھەڵاتی ئۆکراینا و لکاندنی خاکی ئۆکراینا به‌ رووسیاوه‌ نانێن و ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، ھەڕەشەی ئەتۆمیی سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین و راگەیاندنی هه‌ڵمه‌تی سه‌ربازیی، گرژییەکان زیاتر دەکات.

ئورسولا ڤۆن دێرلاین ئاماژەی بەوەش کرد کە لەبەر ئەم ھۆکارە یەکێتیی ئەورووپا ھەشتەمین پاکێجی سزادانی دژی رووسیا ئامادە کردووە، پێشنیازی دەکات و ئامانج لێی لاوازکردنی ئابووریی رووسیایە.

بەپێی ئەو پاکێجە نوێیەی سزاکان کە سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا پێشنیازی کردووە و بۆ ئەوەی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە دەبێت لەلایەن ٢٧ وڵاتی ئەندام لە یەکێتی ئەورووپا پەسەند بکرێت، چەند کەسایەتی و دامەزەراوەیەک دەخرێنە نێو لیستی سزاکان و ھەندێک سنووردارکردن لەسەر بازرگانی و ھاوردەکردنی نەوت دادەنرێت.

لەم چوارچێوەیەدا ھاوردەکردنی ھەندێک بەرھەمی رووسی قەدەغە دەکرێت. یەکێتی ئەورووپا کە ھێشتا وردەکاری لەسەر ئەو بەرھەمانەی کە قەدەغە دەکرێت، نەداوە بەڵام ئەوە لێکدەداتەوە کە بەھۆی رێگرتن لە ھاتنی ئەو بەرھەمانە بۆ نێو بازاڕی ئەورووپا، ئەوا رووسیا لە داھاتی حەوت ملیار یۆرۆ بێبەش دەبێت.

ڤۆن دێرلاین ئەوەی وەبیرھێنایەوە کە وڵاتانی گرووپی G7 وەکو پره‌نسیپ لەسەر ئەوە رێککەوتوون کە میچێک بۆ نرخی نەوتی رووسیا دابنێن و گوتی: “لەلایەکەوە دانانی میچێک بۆ نرخ ھاوکار دەبێت لە کەمکردنەوەی داھاتی رووسیا و لەلایەکی دیکەوە بازاڕی وزەی جیھانی بە جێگیری دەھێڵیێتەوە”.

ئورسولا ڤۆن دێرلاین گوتیشی: “لەم پاکێجەدا، زەمینە بۆ جیبەجێکردنی میچێک بۆ نرخی نەوتی رووسیا ئامادە دەکەین”.

لای خۆیەوە نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش، جۆزێپ بۆرێڵ ئەوەی راگەیاند کە لیستی سزاکانی سەر کەسایەتی و دامەزراوەکان فراوان دەکەنەوە.

جۆزێپ بۆرێڵ ئاشکرایکرد لیستەکە ئەو کەسانەی تێدایە کە پشکیان لە “داگیرکردن و لکاندنی خاکی ئۆکراینا به‌ رووسیاوە” ھەبووە کە بەرپرسه‌ باڵاکانی سەربازیی، خاوەن بڕیارەکان، ھەندێک لە ئۆلیگارەکان و ئەو کەسانەی کە بانگەشە دەکەن، لەخۆدەگرێت.

بۆرێڵ باسی لەوە کرد ئامانجیان ئەوەیە “راستەوخۆ وەڵامی” ئەو کەسانە بدەنەوە کە ٣٠٠ ھەزار کەسیان بۆ خزمەتی سەربازیی بانگھێشت کردووە و پەرە بە شەڕەکە دەدەن.

نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش، ئاماژەی بەوە کرد ئەو کاربەدەستانەی رووسیا کە لە لوهانسک، دۆنێتسک، خێرسۆن و زاپۆریژیا “نوێنەرایەتی رووسیا” دەکەن و ئەو کەسانە کە گشتپرسیی ساختەیان لە چوار ناوچەی ئۆکراینادا رێکخستووە، دەکەنە ئامانج و راشیگەیاند چەند کەسێکیش لە کەرتی پێشەسازیی بەرگریی دەخەنە نێو لیستەکەوه‌.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close