
وتەبێژی سوپای ئوردون:
سوپای پاسداران 20 موشەكی ئاڕاستەی ئوردون كردووەو 18 يان بەردراونەتە خوارەوە
سوپای پاسداران:
هێرشەكە لە وەڵامی كردنە ئامانجی ژمارەیەك كەشتی نەوتهەڵگری ئێران بوو لە لایەن ئەمریكاوە
سێنتكۆم:
پێنج كەشتی نەوتهەڵگری ئێرانمان تێكشكاند لەبەرامبەر كردنە ئامانجی كەشتییەكی جەنگی ئەمریكا
وتەبێژی فەرمیی هێزە چەکدارەکانی ئوردن، ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی سوپا روبەڕوی 20 مووشەکی بالیستی بوونەتەوە کە لەلایەن ئێرانەوە بەرەو خاکی ئوردن تەقێندراون.
وتەبێژەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، 18 موشەکیان بە سەرکەوتوویی تێکشکێندراون و تێکدراون، و دوو مووشەکیش لە ناوچەی چۆڵ و دوور لە کۆبوونەوەی دانیشتووان کەوتوونەتە خوارەوە، جەختیشی کردەوە کە هیچ زیانێکی گیانی بەهۆی هێرشەکەوە تۆمار نەکراوە.
ئەمە هاوكاتە لەگەڵ ئەوەی سوپای پاسدارانی ئێران، بەرەبەیانی چوارشەممە رایگەیاندبوو، کە بنکەی ئاسمانیی “ئەزرەق”ی لە ئوردن بە موشەکی بالیستیی قورس کردووەتە ئامانج، وەک وەڵامێک بۆ كردنە ئامانجی كەشتییە نەوتهەڵگرەكانی ئێران لەلایەن ئەمریكاوە، بەڵێنی دا کە بەردەوام دەبێت لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی لەگەڵ بەردەوامبوونی هێرشەکانی ئەمریکادا.
لای خۆیەوە، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) تێکشكاندنی 5 كەشتی نەوتەهەڵگری نەوتی خاوی ئێرانی راگەیاند، دوای ئەوەی سوپای پاسداران بە موشەکی بالیستی کەشتییەکی جەنگی سەر بە هێزی دەریایی ئەمریکای کردبووە ئامانج.




