حکومەتی عێراق، بەمەرج ڕێگە بە بەرهەمی کارگەکانی هەرێم دەدات کە بەرهەمەکانییان بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق ڕەوانە بکەن.
باسک نێت
دەستەی دەروازە سنورییەکان و گومرکی عێراق دوای چەند ڕۆژێک لە ڕێگریکردن بۆ ڕۆیشتنی بەرهەمی کارگەکانی هەرێم لە ڕێگاکانی ”هەولێر- کەرکوک” و ”سلێمانی- کەرکوک” بۆ باشور و ناوەڕاستی عێراق لە ئەمڕۆوە ڕێگاکانی بەمەرج بەڕووی بەرهەمی کارگەکانی هەرێمدا کردەوە.
حکومەتی عێراق مەرجی دەرکردنی مۆڵەتی لەبەغدا بۆ کارگەکانی هەرێم داناوەو دەبێت تا ۱ی ۹ ئەو کارگانەی بەرهەم بۆ باشور و ناوەڕاستی عێراق دەنێرن لەبەغدا مۆڵەت دەربکەن و کارگەکانیان تۆمار بکەن.
ماوەی چەند ڕۆژێکە حکومەتی عێراق دوو خاڵی گومرکی لە سەر ڕێگاکانی هەولێر و سلێمانی بۆ کەرکوک داناوە و لە ڕێگای ”هەولێر- کەرکوک” لە نزیک گوندی کەلهوڕ و لەڕێگای ”سلێمانی- کەرکوک” لە نزیک بازگەی چیمەن خاڵی گومرکی دانراوە.
لەسەر بنەمای مۆڵەت پێدانی کارگەکان تاوەکو سەرەتای مانگی داهاتوو دەبێت خۆیان تۆمار بکەن و لە ئێستادا کارەکانی ئەو دوو خاڵە گومرگییە ڕاگیراوە و ڕێگە بە بەرهەمی کارگەکانی هەرێم دەدرێت بۆ باشور و ناوەڕاستی عێراق بنێردرێن.