
ئەمریكا: رێككەوتنی ئەمنیی عێراق دەكات بە پاشكۆی ئێران و رەتیدەكەینەوە
باسک نێت
باڵیۆزخانەی ئێران لە بەغداد، سەركۆنەی دەستوەردانی ئەمریكا دەكات لە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان ئێران و عێراق.
ئەمڕۆ باڵۆزخانەكە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە: بەیاننامەکەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، كە دژایەتی واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنى نێوان ئێران و عێراق دەكات كە ئامانجیان پتەوكردنی هاوکاری ئاسایشی هەردوو وڵات و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرە، دەستوەردانێکی قبوڵنەکراوە لە پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتی سەربەخۆی دراوسێ.
بەیاننامەكەى باڵیۆزخانەی ئێران لە عێراق دوای ئەوەدێت، تامی بروس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، ئیمزاكردنی یاداشتی لێكگەیشتنی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێرانی رەتكردەوەو رایگەیاند: هەر رێوشوێنێك پێچەوانەی ئامانجەكانی ئەمریكا بێت و دژی هەوڵەكانی بەهێزكردنی دامەزراوە ئەمنیەكانی عێراق بێت، رەتیدەكەنەوە.
بروس، جەختی لەوە شکردەوە: ئەمریكا پشتیوانی لە سەروەری راستەقینەی عێراق دەکات، نەک رێككەوتنێك عێراق بكات بە دەوڵەتێکی پاشكۆی ئێران.
پێشتریش باڵیۆزخانەی عێراق لە واشنتۆن دووپاتی کردەوە، عێراق دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری تەواوەو، مافی ئەوەی هەیە بەپێی بڕگەکانی دەستور و یاسا نیشتمانییەکانی و بەپێی بەرژەوەندییە باڵاکانی، رێککەوتن و یاداشتی لێکتێگەیشتن ئەنجام بدات.
باڵیۆزخانەکە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە:عێراق پەیوەندی دۆستانەو هاوکاری لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر وڵات لە سەرانسەری جیهان هەیە، لەوانە دراوسێ جوگرافیاییەکانی، ئەمریکا و وڵاتانی دۆستی تر، دەیەوێت ئەو پەیوەندیانە لەسەر بناغەی رێزگرتنی یەکترو بەرژەوەندی هاوبەش بونیاد بنێت.
جەختیشیکردەوە:عێراق پاشكۆی سیاسەتەکانی هیچ وڵاتێک نییە، بڕیارەکانیشی لەسەر بنەمای ئیرادەی نیشتمانی سەربەخۆیە.




