سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، لە ماوەی 24 کاتژمێردا ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕادەگەیەنن.
باسک نێت
ئەمڕۆ دووشەممە، حاکم عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە هەولێر ڕایگەیاند، هەموو ئامادەکارییەکیان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تەواوکردووە کە بڕیارە ڕۆژی 20ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچیت.
ڕوونیشیکردەوە، ئەمڕۆ دووەم هەڵبژاردنی ئەزموونیی ئەنجامدرا و دوو هەڵبژاردنی دیکەی ئەزموونیش ئەنجامدەدەن.
سەرۆکی کۆمسیۆن ڕایگەیاند، بەڵێن بە دەنگدەرانی کوردستان دەدەن، کە بەوپەڕی هەستکردن بە بەرپرسیارێتییەوە ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن و هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بۆ پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببەن.
حاکم عومەر ئەحمەد ئەوەشی خستەڕوو، لە ماوەی 24 کاتژمێردا ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکە ڕادەگەیەنن.
سەبارەت بە کاتی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنیش، سەرۆکی کۆمسیۆن ڕایگەیاند، دوای پەسەندکردنی لیستی کاندیدەکان، ئەنجومەنی کۆمسیاران کۆدەبێتەوە بۆ دیاریکردنی کاتی بانگەشەکردن.