وەزیرى دارایی عێراق بانگهێشتى لیژنەى دارایی پەرلەمان دەکرێت و پرسیارى لەبارەى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم و چەند پرسێکى تر ئاراستە دەکرێت.
باسک نێت
دكتۆر جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق رايگەیاند، بانگهێشتى وەزیرى دارایی و چەند وەزیرێکى دیکەیان کردووە و بڕیارە رۆژى سێشەممە لە کۆبوونەوەى لیژنەى دارایی ئامادەبن.
وتیشى، ئەندامە کوردەکانى لیژنەى دارایی پرسیار ئاراستەى تەیف سامی دەکەن لەبارەی دواکەوتنى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان.
هاوکات لەبارەى لێدوانى چەند بەرپرسێکى هەرێم گوایە نەبوونى پارەى کاش هۆکارى دواکەوتنى موچەیە، وەزارەتى دارایی عێراق رایگەیاند، کێشەى پارەى نەختنینەیان بە هیچ شێوەیەک نییە و مانگانە حەوت ترلیۆن و 500 ملیار دینار بۆ مووچەى فەرمانبەران و چین و توێژە جیاوازەکان دابیندەکەن.
راگەیەندراوەکەى وەزارەتى دارایی عێراق لەکاتێکدایە، سەرجەم مووچەخۆرانى عێراق مووچەى مانگى تەمموزیان وەرگرتووە، بەڵام هیچ بڕەپارەیەک بۆ مووچەخۆرانى هەرێم نەنێردراوە، هۆکارەکەشى بوونى هەزاران ناوى زیادەیە لە لیستى موچەخۆراندا.