عێراقهەواڵ

ئەنجومەنی نوێنەران بەنیازە موچەو ئیمتیازی نوێ بۆ خۆی زیاد بكات


رۆژنامەی (المدی) لە راپۆرتێكدا لە ژمارەی ئەمڕۆیدا:باسک نێت
ئەنجومەنی نوێنەران بەنیازە موچەو ئیمتیازی نوێ بۆ خۆی زیاد بكات، لەوانە تەرخانكردنی پاسەوانی تایبەت (بۆدی گارد)و ئۆتۆمبیلی نوێ.
جێگەی سەرەنجە یەكێك لە پەرلەمانتاران لە دادگا تانەی لە بڕیارەكانی پێشتر داوە بۆ رێگری لە پێدانی ئۆتۆمبیل بە پەرلەمانتاران، دەركەوت ئەو پەرلەمانتارە (رائد مالیكی)یە كە خاوەنی پرۆژەی مشتومڕاویی هەمواری یاسای باری كەسێتییە.

پێدەچێت سودی لە مشتومڕەكان لەبارەی پرۆژەی هەمواری یاسای باری شارستانی وەرگرتبێت، بۆ ئەوەی دور لە روناكیی، هەواری یاسای ئەنجومەنی نوێنەران تێپەڕێنێت، كە بڕگەی تایبەت بە موچەو ئیمتیازی تێدایە.
موچەی پەرلەمان و دامەزراوە سەرۆكایەتییەكانی تری وەكو سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆكایەتیی كۆمارو دادوەریی پێشتر لە شەقام مشتومڕی دروستكردبوو، ئەو پارەی كە ئەم چوار دامەزراوەیە لە ماوەی 15 ساڵدا خەرجیان كردووە بە زیاتر لە (20 ترلیۆن) دینار ئەژمار دەكرێت، موچەی سەرۆكایەتییەكان و فەرمانبەرەكانی لەخۆدەگرێت.
فراكسیۆنی (اشراقة كانون) كە فراكسیۆنێكی نوێیەو یەكەمجارە دوای خۆپیشاندانەكانی تشرینی 2019 سەركەوتووە بۆ پەرلەمان، ناڕەزایەتیی نیشاندا سەبارەت بە “زیادكردنی ناڕوون” بۆ هەمواری یاسای ئەنجومەنی نوێنەران، رایگەیاند رۆژ چوارشەممە بڕگەیەك بۆ بەرنامەی كار زیادكراوە بۆ خوێندنەوەی رێنماییەكان سەبارەت بە “دەرماڵەی ئەندامانی پەرلەمان و بابەتەكانی تر پشتبەست بە ماددەی 64ی یاسای ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە 13ی ساڵی 2018”.

ماددەی 64 دەڵێ” سەرۆكی پەرلەمان بە تەوافوق لەگەڵ جێگرەكانی و بە رەزامەندی ئەنجومەن، رێنمایی دەردەكات لەبارەی: ئەوەی بۆ سەرۆك و جێگرەكانی و پەرلەمانتاران تەرخان دەكرێت بەمەبەستی راپەڕاندنی ئەركەكانیان، تەرخانكراوی فەرمانبەران.
بەیاننامەكەی (إشراقة كانون) باس لەوە دەكات وردەكاریی دارایی ئەم یاسایە كە لە كاتێكدا تێپەڕێندراوە هەمووان سەرقاڵی هەمواری یاسای باری كەسێتیی بوون، خراوەتە ناو خشتەیەكی هاوپێچ و ئاشكرا نەكراوەو بۆ ئامادەبوان نەخوێندراوەتەوە، كۆپی ئەم رێنماییانەش بە پەرلەمانتاران نەدراوەو یەكجار خوێندراوەتەوەو دەرفەت نەدراوە بیر لە ناوەڕۆكەكەی بكرێتەوە.
سەرباری ئەوەی بەو نهێنییە كارەكە كراوە، بەڵام هەندێك لە بڕگەكانی هەمواری یاساكە دزەی كردووە بۆ میدیاكان، كە خۆی لە 12 ماددەدا دەبینێتتەوەو دەیانەوێت لە بەرژەوەندی پەرلەمانتاران هەمواری بكەنەوە.

دیارترین هەمواری پێشنیاز كراو پەیوەندی بە موچەی پەرلەمانتارانەوە هەیە، چاكسازییەكانی حەیدەر عەبادی سەرۆكی پێشووتر لە ساڵی 2015 موچەی پەرلەمانتارانی لە (21 ملیۆن) دینارەوە بۆ (8 ملیۆن و 200 هەزار) دینار كەمكردەوە، ئەمە دوای لێبڕینی 45%، ئەمە بڕیارێك بوو كە بەپێی قسەی پەرلەمانتار محەمەد زیادی دەبوو جگە لە ئەنجومەنی دادوەریی، سەرۆكایەتییەكانی تریش بگرێتەوە.
بڕگەیەكی تر كە بۆ هەموارەكە زیادكراوە ئەوەیە پەرلەمانتار ئۆتۆمبیلی نوێی پێبدرێت.
بڕگەیەكی تر كە پەرلەمان دەیەوێت هەمواری بكات پەیوەندارە بە زیادكردنی پاسەوانی تایبەت بۆ پەرلەمانتاران، ژمارەیان بە رێككەوتنی نێوان سەرۆكی پەرلەمان و پەرلەمانتار دیاری بكرێت.

بڕیارەكانی كەمكردنەوەی خەرجی گشتیی لە حكومەتی عەبادیدا، ژمارەی پاسەوانی پەرلەمانتارانی بۆ 16 پاسەوان كەمكردەوە، كە رۆژانە بە دوو وەجبە دەوام دەكەن و ئەركی پاراستنی پەرلەمانتارو ماڵ و نوسینگەكەیان پێ سپێردراوە.
پەرلەمانتار زیادی دژی ئەم قسانەیە، دەڵێ سەرۆك كۆمارو سەرۆك وەزیران 60 ئۆتۆمبیل لەدوایانەوە دەڕوات، وەزیر 10 بۆ 15 ئۆتۆمبیلی بەدواوەیە لەكاتێكدا بڕیارەكانی پێشوو بۆ هەریەكەیان 3 ئۆتۆمبیلی دیاریكردووە.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close