عێراقكوردستانهەواڵ

فه‌رمانى ده‌ستگیركردن بۆ نزیكه‌ى چوار هه‌زار كه‌س ده‌رده‌چێت

په‌رله‌مانتارێكى كورد له‌به‌غدا ئاشكرایده‌كات، دادگای عێراق بڕیارى ده‌ستگیركردنى بۆ نزیكه‌ى چوار هه‌زار كه‌س ده‌ركردوه‌ كه‌ زۆربه‌یان له‌سنورى هه‌ولێرن، ده‌شڵێت:”بڕیاره‌كه‌ى دادگا بۆ دەستگیرکردنی ئەوانەی زیاتر لەجارێک دەنگیانداوە جێگه‌ی دەستخۆشی‌و پشتیوانیە”.

دارا سێکانیانی ئەندامی په‌رله‌مانى عێراق ئاشكرایكرد، “دادگای عێراق فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ (3)هەزارو (800) کەس دەرکرد کە زۆربەیان لەهەرێمی کوردستان‌و هەولێرن بەتاوانی ئەوەی لەڕۆژی پرۆسەی دەنگداندا زیاتر لەجارێک دەنگیانداوە، ئەمەش لەخۆیدا ساختەکاریی‌و تاوانە”.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ده‌ڵێت:”باس لەوەدەکرێت لەو ژمارەیەش نزیکەی (2)هەزارو (300) کەسیان لەشاری هەولێرن‌و نزیکەی (30) کەسیش لەسنوری شاری دهۆکن”.

په‌رله‌مانتاره‌كه‌ نوسیویه‌تى:”ئەو هەنگاوەی دادگا جێگه‌ی دەستخۆشیەو پێویستە هاوڵاتیان بەگشتیی‌و دەنگدەران بەتایبەتی هۆشیاربن، بۆ هیچ کەسولایەنێک پەنا بۆ ساختەکاریی نەبەن جگەلەوەی کە لەڕوی یاساییەوه‌ تاوانە، بەدڵنیاییەوە لەڕوى ئاینیشەوە جۆرێکە لەفێڵ‌و تەزویر”.

ته‌ئكیدده‌كاته‌وه‌، “ئەمکارە جێگه‌ی لەسەر وەستانە، بۆ دەبێت کەسانێک بۆ بەرژەوەندیی کەسێک یان لایەنێکی دیاریکراو ئامادەبێت تاوان ئەنجامبدات‌و خۆیان شەرمەزاری دنیاو دواڕۆژکەن”.

له‌كۆتاییشدا سێكانیانى جه‌ختده‌كاته‌وه‌، “بڕیارەكه‌ى دادگا جێگه‌ی دەستخۆشیەو پێویستە هەموو تاک‌و هێزە دیموکراسیخوازەکان پشتیوانیی لەبڕیارێکی لەمجۆرە بکەن بۆ ئەوەی عەقڵیەتی دیموکراسی‌و پاراستنی مافی هاوڵاتیان‌و هەنگاونان بۆ پتەوکردنی خەباتی مەدەنی‌و بونیادنانی حکومەتی هاوڵاتی بەرەو کامڵبون بچێت”.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close